Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 01:03

هەر دەبێ بگەین!

لە بەرامبەر ئەو ماکینە زەبەلاحە پۆپۆلیستییەی کە سوکانەکەی بەدەست نەیارانی کوردەیەوە و کورد خۆی ئامرازەکەیە
نوورى بێخاڵى
100%

دەگوترێت "تێکدان ئاسانە، چاککردن زەحمەت"، ئەمە ئەگەر بۆ کایەی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانە دروست بێت، ئەوا بۆ کایەی سیاسی زۆر دروستترە، بە لایەنی کەمەوە بۆ ئێمەی کورد، کە ساڵانێکە دەمانەوێ بە بەرگێکی تازە و گوڕوتینێکی نوێوە بێینەوە ناو مێژوو.
هاوکاتی ئەمە، لە بارەی پەیوەندیی سیاسی و ململانێکانیشدا دەگوترێت "بڕیاری ئاشتی قورستترە لە جەنگ". ئەوە بۆیە ئەوەی شەڕ بە ڕۆژێک وێرانی دەکات، ئاشتی پێویستی بە ساڵانی ساڵ کۆشش و هەوڵ هەیە، تا بونیادی بنێتەوە.
بەش بە حاڵی خۆم بڕوام بە تیۆری پیلانگێڕیی تا ئەوپەڕی لاواز و لەرزۆکە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیارم بەوەی، بۆ کوردێکی چەوساوەی خاک داگیرکراو، کە ساڵەهای ساڵە دۆستی کەم و دوژمنی زۆر بووە.. بۆ کوردێک کە هیچی نەماوە لەپێناو پاراستنی بوون و شووناسی خۆیدا قوربانیی پێ نەدا.. بۆ کوردێک کە سی ساڵێکە دەریچەیەکی هەناسەدانی بۆ بووەتەوە و کڵاوڕۆژنەی ئومێدێک بەسەریدا کراوەتەوە، کەچی هەرچی نەیاری کۆن و نوێیەتی، هیچ نەماوە بۆ گرتنی ئەو دەریچە و کڵاوڕۆژنەیە نەیکەن، دەبێت بە جۆرێکی تر سەیری هاوکێشەکە بکەین.
ساڵانێکە بە پلان و بەرنامەڕێژی، ماکینەیەکی گەورەی پۆپۆلیستیی (بەتایبەتی میدیایی!) لە هەرێمی کوردستان بۆ ناشیرینکردنی هەرچی جوانییە، بۆ لێدانی هەرچی پیرۆزییە، بۆ سووککردنی هەرچی دەسکەوتە، بۆ ڕووخاندنی هەرچی دیواری متمانەیە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، خراوەتە گەڕ. بەداخەوە بۆ ئەمەش سوودێکی زۆر لەو بۆشاییە وەرگیراوە و دەگیرێت، کە کورد خۆی، بەهۆی ناکۆکیی بێمانای سیاسی، ململانێی ناتەندروستی حزبایەتی، شەڕی  تێرنەخۆریی دەسکەوت و بەرچاوتەنگیی دەسەڵاتخوازی، دروستی کردووە.
 لەناو ئەو سەرسەختییە سیاسی و دەمارگیرییە حزبییەی ناکۆکەکاندا، هەروەها لە بەرامبەر ئەو ماکینە زەبەلاحە  پۆپۆلیستییەی کە سوکانەکەی بەدەست نەیارانی کوردەیەوە و کورد خۆی ئامرازەکەیە، بۆ کەسێک کە ئامانجی خاوکردنەوەی ململانێ، بیناکردنەوەی متمانە، بەرقەراکردنی ئاشتی و ئارامیی نێوخۆیی بێت، هەروا کارێکی ئاسان نییە.
ئەوەی لە ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی کردوویەتی و ئەوەی ئێستاش بە دانایی، ددانبەخۆداگرتن و پشوودرێژیێکی زۆرەوە لەو پێناوەدا دەیکات، کارێکی نەکردە نییە، بەڵام وزە و باوەڕبەخۆبوون و ئیرادەی بەردەوامیی دەوێت، کە خۆشبەختانە هەموو ئەوانە لە کەسێتیی ئەودا هەن.
هەوڵە جیددی و هەنگاوە کردەنییەکانی بۆ ئاشتبوونەوە و یەکڕیزی و تەبایی سیاسیی لایەنە ناکۆکەکانی کوردستان، هەموو جوڵە سیاسییەکانی ڕابردوو و ئێستای لە کۆکردنەوەی لایەنەکان، کردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بەو چەق و نێوەندەی، کە نەک هەر ئەو هێزانەی بەشێکی سەرەکی نین لە ململانێکاندا، بەڵکوو خودی ناکۆکەکانیش دواجار ئومێدێکیان هەبێت، کە شوێنێک هەیە هی هەمووانە و دەتوانن ڕووی تێبکەن و لەوێ قسەیەکی خێر بۆ ڕاستەڕێکردنەوەی دۆخەکە بکەن، تەنانەت سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی کۆماری عێراقیش، کەم و زۆر دەچێتە خانەی ئەم ستراتیژە نیشتمانییە خەمخۆرانەی سەرۆکی هەرێم.
ئەوەی بۆ من جێی سەرنج و تێڕامانە، کارنەدانەوەی ئەرێنیی شەقامی کوردستانە بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەم هەوڵانە. ئاخر شەقام و کایەی کۆمەڵایەتی کە هەر دەمی دەکاتەوە، گلەیی لە هەموو شتێک دەکات، لەبیری دەچێت، یان لەبیری خۆی دەباتەوە، کە ژیانێکی ئارام، کەشوهەوای لەباری کار و بژێویی، هەستکردن بەدڵنیایی و ئارامیی دەروونیی، هەموویان پەیوەستن بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و تەبایی لایەنەکان.
لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە و وەک ئەرک و بەرپرسیارێتیێکی نیشتمانیی، شەقام (بەچاوپۆشین لەوەی هەر یەکە چۆن بیر دەکاتەوە و تێگەیشتنی بۆ هۆکارەکانی دۆخەکە چییە!) ببنە بەشێک لەم ستراتیژییەی ئاشتەوایی و یەکڕیزیی، بێگومان ئەوە ئەگەر بەڕاستی خەمی ژیان و کار و ئارامی و دڵنیاییان هەیە.
بەکورتی و بەکوردی: دەبێت پرسی هەوڵەکانی ئاشتەوایی ببێتە پرسێکی کۆمەڵگەیی دەستەجەمعی و هەڵمەتێکی نیشتمانی و وەک قەڵا و سەنگەرێک لە پشتی هەوڵ و هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی بێت بۆ هێنانەدی ئاشتیی سیاسی و تەبایی کۆمەڵایەتی.
یەکێکی تر لە ڕێگا نزیکەکان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەی ئاشتیخوازی و تەباییە، داخستنی دەمی میدیای جنێوفرۆش، کۆتاییهێنان بە تەخوینکردن و دێواندنی یەکتر، وازهێنان لە گەمەی منداڵانەی بەباکردنی کای کۆن و کولاندنەوەی کۆنەبرینەکانە.
جۆر و ئاست و قەبارەی ململانێ و ناکۆکییەکانی ئێستا، ناگاتە چارەگی دۆخی نەخوازراوی ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ، کە خوێن کەوتە نێو لایەنە ناکۆکەکان، کەچی دواجار هەریەک لە (سەرۆک بارزانی و ڕەوانشاد سەۆک مام جەلال)، بوێرانە و وەک بەرپرسیارێتیی مێژوویی، کۆتاییان بە خوێنڕشتن هێنا و لەیەک سەنگەردا ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئالنگارییانە بوونەوە، کە دواتر بوونە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئەزموونی سیاسی و گەلی کوردستان.
چارمان نییە، هەر دەبێت بگەینە ڕێککەوتن، هەر دەبێت ئاشت ببینەوە، هەر دەبێت بەیەکەوە شان بدەینە بەر بەرپرسیارێتییەکان. ئێ لەکاتێکدا هەرچی نەیار و دوژمنی ئەزموون و خەونی گەلەکەمانە هەیە سێرەیان لێگرتووین، خۆ بڕیار نییە تاهەتایە ئێمەش سێرەی تفەنگی تۆڵە و تووڕەیی و تەسفییەی حیساب لە دڵ و سەری یەکتر بگرین؟

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.