Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 16:33

کەدەوڵەتت نەبوو کۆیلەی لەناو دەوڵەتێکی تردا!

لێرەش ھەندێک لەپەرلەمانتار وسیاسیەکان کەلەحیزبی جیان بەڵام جێبەجێکاری یەک ئەجێندان
ھۆگر نێروەیی
100%

باشوری کوردستان، کەلە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بو، بۆیەکەم جار سەرکردایەتی کورد لەمێژوودا ئەو دەرفەتەیان بۆ گەلی کوردستان ڕەخساند کەبڕیار لەسەر مافی چارەنوسی خۆیان بدەن، کە جاران ھەر جارەو وڵاتێک بڕیاری لەسەر مافی چارەنوسیان دەدا سنورەکەیان بەوڵاتێکی بێگانە دەلکاند بەبێ ئەوەی حساب بۆ کورد بکەن و ڕاییان وەربگرن ، لەو کاتەدا چەند ڕایەکی جیاواز لەناو حیزبە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان دروست بوو، چاوەڕێی ئەوەبووین کەڕایی جیاوازی حیزبەکان لەسەر ئەوە بێت چی بکەین بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی بەھێز دروست بکەین بەڵام بەھانەی بێ بنەمایان دەگرت ھەمو شتێکیان تێکەڵی یەک دەکرد تەنھا بۆ ئەوەی بیر لە دروست کردنی دەوڵەت نەکەینەوە، ھەندێکیان دەیان وت حکومەت لاوازە و ھێشتا ناتوانێت موچە دابین بکات چۆن دەوڵەت دروست دەکات، ھەندێکی تر پێیان وابوو دیموکراسی بەھێزکردنی پەرلەمان لەسەروبەندی دەوڵەتە و فەرزترە.

زۆر بەھانەی تر ھەبون کەھیچ بنەمایان نەبوو ھەموو شتێکیان تێکەڵی یەک ئەکرد، کەدەرخەری ئەو ڕاستیەبوو کەلە بنەڕەت دا سیاسەتی ئەوان بۆدەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان نەبوە، چونکە حکومەت و پەرلەمان و ھەر دامەزراوەیەکی تر بنەمای دەوڵەتن، کەدەوڵەتت ھەبوو دەتوانی ئەم دەمەزراوانە بەھێز بکەی دوری بکەیتەوە لەدەستی حیزبەکان بەڵام کەدەوڵەتت نەبو ھیچ دامەزراوەیەک و سیستەمێک مانایی نیە، کە کاتی خۆی دەوڵەتە ئەوروپاییەکان لەژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی رۆمادا بوون، بیری دیموکراسی و ئازادی ھیچ مانایەکی نەبوو، پاش ئەوەی خەباتیان کرد لە ژێر دەستی رۆمادا ھاتنە دەرەوە، و دەوڵەتی خۆیان دامەزراند، ئەوجا دیموکراسی و لیبڕالیزم بۆ دەست نیشانکردنی سنورەکانیان دەستێوەردانی دەوڵەت لەکاروباری تاک و ھەمو بوارەکانی دەوڵەتدا داڕێژران. چونکە
ئەوان دەیانزانی کەدەوڵەتیان نەبو ھەرچی بن لەکۆتایدا ھەر ژێردەست وکۆیلەن!

ئێستاش ھەر ئەو سیاسی و حیزبانەی ڕیفراندۆمیان بە سەقەت و شوم ناودەبرد خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامدا، کە ئەجێندای ئەم و ئەوی تریان جێبەجێکرد، ھاتن ھەموو مافەکانی کوردیان لەبەغدا لەموچە بودجە و دا بچوک کردەوە، کە ئەوەش بۆ ھەمو دەوڵەتێکی داگیرکەر جێگای خۆشحالیە، کەتۆ دەست بەرداری سەربەخۆیی و ھەموو مافەکانی تر بی بەرامبەر بەپارە، کەئێستاش ئسرائیل ئامادەیە گەلی فەلسطین ھەرچەند پارەیان ئەوێت تەنھا دان بنێن بەو واقیعەی بەسەریان ھاتووە، بەڵام فلسطینیەکان ھەمو پارەی جیھان ڕەتکەنەوە، دان نانێن بەداگیرکردنی ئسرائیل، ھیچ جارێکیش حیزبەکانی خۆیان تاوانبار ناکەن بەرامبەر ئەو ھێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەر.

لێرەش ھەندێک لەپەرلەمانتار وسیاسیەکان کەلەحیزبی جیان بەڵام جێبەجێکاری یەک ئەجێندان، ھەمیشە حکومەتی ھەرێم تاوانبار دەکەن و پشتگیری لەسیاسەتی بەغدا دەکەن بەرامبەر بەکورد، ھەر باسی موچە و تەسلیم بون دەکەن، ھەر تەنھا ئەوە ئەڵێن بەغدا موچە دابین بکات بەڵام یەک جار باسی ئەوە ناکەن وکێشەیان نیە کەشاڵاوی تەعریبی کورد و ڕاگوستنەوەیان بەردەوام بێت، یەک جاریش ناڵێن بادۆخی شنگال و ناوچە دابڕێنراوەکانی تر ئاسایی بکەینەوە پشتگیری لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە بکەین بۆ ئەوەی شارەکان لەدەستی ھێزەکانی میلیشیا دەربھێنین بگەڕێتەوە دەستی ھێزە فەرمیە ھاوبەشەکانی حکومەتی بەغدا و ھەرێم، ھەر ئەوەش نا مادەی 140 لەفەرھەنگی خۆیان دەرھێناوە قەد نایانەوێت ھەر باسی بکەن.

ھەر باسی موچە موچەیانە، تەئکید لەوەدەکەنەوە کەکاتی ختوکەدان و بەیت بالۆرەی ھەستی نەتەوەیی نیە، ھەموو شتێک ڕادەست بکەن بۆ دابین کردنی موچە، ڕێکەوتن نیە لە سیاسەتی ئەوان دا تەنھا ڕادەستکردن ھەیە، لەکاتێک ھەموو میللەتانی جیھان دەزانن ھەتا دەوڵەتی خۆیان نەبێت کێشەی بونی ژیانیان ھەر بەردەوام دەبێت، ئەوەی بەسەر کوردیش دێت ھۆکاری نەبونی دەوڵەتە،ھەتا لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتی داگیرکار بی کێشەی موچە ھەموو کێشەکانی تری ژیان ھەر بەردەوام دەبن، بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ژێر دەستەی وڵاتێکی داگیرکاری وەکو عێراق بی، کەدەوڵەتت ھەبو ئەوجا خەڵک دەتوانێت ھەموو دامەزراوە و سیستەمی وڵات بەھێزبکات، ئەوەشمان بیر نەچێت خەڵکی ھۆشیار دەتوانێ حکومەت و ھەموو دامەزراوەی دەوڵەت بەھێز و لاواز بکات جا ئەوە لەسەر خەڵک ئەمێنێتەوە کەئاستی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریان چەندە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.