Erbil 14°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 12:09

سیاسەت وەک ئەزموون!

نا ئامادەیی ئەم کاراکتەرە سیاسییانە، کە هەر یەکەیان لە شوێنی خۆیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو، بۆشایێکی گەورەیە لەناو ژیانی سیاسیی ئێستاماندا
نوورى بێخاڵى
100%

وێڕای هەستی ڕاستگۆیانەی ئەمەکداری، وەفاداری و منەتباری لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی (د. ڕۆژ نووری شاوەیس). هاوکات دەربڕینی چەمکی (نەوەی زێڕین) لە بۆنەیەکی ئاوا و لە سای بارودۆخێکی سیاسیی نەخوازراوی وەک ئێستادا، کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، گوزارشتێکی ڕاستەقینەیە لە هەستکردنێکی قووڵی بەرپرسیارانەی بەڕێزیان بەرامبەر ئێستا و ئاییندەی گەل و وڵاتەکەی.

 

گوزارشتی (نەوەی زێڕین) لەناو پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەگەرچی بە پاشگری (سەرکردایەتیی پارتی) هاتووە، بەڵام لە کرۆکدا، مەبەست تەواوی نەوەی یەکەمی سیاسی و سەرکردەکانە، کە لە ڕۆژگارە سەخت و دژوارەکاندا، ماندوویی نەناسانە شانیان دایە بەر خەباتی سیاسی و چەکداری، بۆ ئەوەی لەناو پێل و گەرداوی مەترسی و هەڕەشەکاندا، کەشتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و نەتەوەیی بگەیەننە کەنارێکی دڵنیا.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕوانگەی درککردن بەو مەترسییانەی لە ئاستی ناوخۆی کوردستان و عێراق لەسەر ئەزموونی سیاسی و گەلی کوردستانن، بە بڕوا و کردەوە، پەرۆشی ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و پتەوکردنی یەکڕیزی و تەبایی سیاسییە، بە مەبەست پەنا بۆ بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دەبات، تاکوو جارێکی تر ئەم (نەوە زێڕینە) شانی مەردایەتی بدەنە بەر ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەنووکەییان و بە پشتگیریکردنی هەڵوێست و هەنگاوەکانی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەک چەتری کۆکەرەوەی جیاوازییەکان و ماڵی هەموو کوردستانییەکان، هەرێم لەم دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی و یەکتری نەخوێندنەوە و پەرتەوازەیی سیاسی دەرباز بکەن و ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕەوێننەوە.

 

بەداخەوە لە دوای ساڵی 2004ەوە کورد و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک سەرکردە و سیاسەتمەداری بە توانا و خاوەن ئەزموونی لەو (نەوە زێڕینەی) لەدەست دا، کە هێشتا پێویستی پێیان بوو. نەوەیەک سەرەڕای جیاوازییەکانیان، وەک چۆن لە کاتی توندبوونی ناکۆکییەکانیاندا شەڕیان شەڕ بوو، دواتریش کە پێویست بوو کۆتایی بە ململانێ توندەکانیان بێت، ئاشتیان ئاشتی بوو.

 

بەچاوپۆشین لە تاڵیی و تفتییەکانی شەڕی ناوخۆ، ئەگەر لەودیو چاویلکەی حزبی و ئایدیۆلۆژی و لە دەرەوەی لێدانەوەی قەوانی سواوی گەندەڵی و چی و چی تر، بەتایبەتیش لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە سیاسییە نەخوازراوەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و عێراقدا، سەیری ڕۆڵ و پێگە و کاریگەرییان بکەین. ئەوا لە دەستدانی (جا بە شەهیدبوون بێت، یان مەرگی ئاسایی) ژمارەیەکی بەرچاوی کاراکتەری سیاسی و سەرکردەی حزبە سیاسییەکان، زیانێکی گەورە بوو بۆ کایەی سیاسیی کورد، چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، یان عێراق و ناوچەکە.

 

نائامادەیی ئەم کاراکتەرە سیاسییانە، کە هەر یەکەیان لە شوێنی خۆیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو، بۆشایێکی گەورەیە لەناو ژیانی سیاسیی ئێستاماندا، کە ئەگەر پڕکردنەوەی مەحاڵیش نەبێت، بەڵام هەروا ئاسان نییە. بەتایبەتی لە سای ئەو دۆخە ناجۆرەدا، کە لە بری مێزەکانی دانوستان و گفتوگۆ، سۆشیال میدیا کراوەتە سەکۆی کاری سیاسی و لە پرسی ناکۆکیی سیاسیدا تەوهین و تەشهیر و ئێسقان شکاندنی یەکتری، شوێنی حیکمەت و دانایی و یەکتر خوێندنەوەی گرتووەتەوە. ئەو مەترسییە کوشندەیەی کە هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ئێستا و ئاییندەی وڵاتەکەمان و سەرۆکی هەرێم دەیەوێ بەبیر هەمووانی بێنێتەوە، کە تا دۆخەکە بە تەواوی لە گرێژەنە دەرنەچووە، پێویستە (نەوەی زێڕین)، ئەرکی سەرکردەیی و بەرپرسانەی جارانی خۆیان ببینن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.