Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:56

ئیدریس بارزانی، پیاوی ئاشته‌وایی و ئومێد و نزیکی له‌ خه‌ڵک

هه‌ر ئه‌و دیده‌ به‌رپرسیاره‌ بوو ئیدریسی نه‌مری كرده‌ مه‌كۆی زه‌حمه‌تترین ئه‌ركه‌كانی دوای نسكۆ
100%

‌له‌ یادی كاك ئیدریسدا‌، هه‌میشه‌ خه‌سڵه‌ت و ئاكاره‌ كه‌سیی و ئینسانییه‌كانی له‌ روانگا و باوه‌ڕ و پرنسیپه‌ سیاسییه‌كانی، زیاتر دێنه‌به‌رباس، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بێت  زۆرترین هاوڕێ و هاوده‌می سه‌فه‌ره‌ كورته‌كه‌ی ژیانی و ئه‌وانه‌ی هه‌ست ده‌كه‌ن كاك ئیدریس بۆ ئه‌وان و نزیك له‌وان ‌ژیا و له‌ یادكردنه‌وه‌شیدا زۆرترین قسه‌یان هه‌یه‌ بۆ گووتن،‌ پێشمه‌رگه‌ی ساده‌و گیانفیدا و ئاواره‌كانی دوای نسكۆی شۆڕشن كه‌ به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌ سیفه‌ت و ئاكاره‌ ئینسانییه‌كانی سه‌ركرده‌ وه‌ك (مه‌ردی و جوامێری و خاكه‌ساری و خه‌مخۆری و به‌ده‌مه‌وه‌بوونی خه‌ڵك)، له‌ دید و تیۆر و روانگا سیاسییه‌كه‌ی له‌پێشترن‌.

 پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتكارانی ئه‌وێ رۆژێ كه‌ له‌ كاك ئیدریس ده‌دوێن، هه‌ر یه‌كه‌ و سه‌ربورده‌ و سه‌رگوزشته‌ و یادێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌یه‌و هه‌ر نه‌بێ نامه‌یه‌كی ئه‌وی له‌ سینه و ئه‌رشیفیدا پاراستووه‌.كه‌ له‌و هه‌موو یاده‌وه‌ری و چیرۆك و نامانه‌ راده‌مێنێ، له‌و تۆڕه‌ فراوانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ ووردده‌بیه‌وه‌، سه‌رت سڕ ده‌مێنێ چۆن په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ و له‌گه‌ڵ دانه‌ به‌ دانه‌یان هه‌ستی هاوڕێیه‌تی و لێكنزیكی و به‌خه‌مه‌وه‌بوونی چاندووه‌ و له‌و كه‌مده‌رفه‌تی و ‌دۆخه‌ سه‌خته‌ی شۆڕشدا، هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی ئیداره‌ و ئیدامه‌ پێداوه‌!

ئه‌وانه‌ی له‌ دیارده‌ی ئیدریس بارزانی ده‌كۆڵنه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی بۆ دیده‌ سیاسییه‌كه‌ی ده‌گێڕنه‌وه‌. له‌ دیدی ئه‌ودا سه‌ركرده‌ ده‌بوا خزمه‌تكاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێت كه‌ خۆیان خستۆته‌ خزمه‌تی كوردستان، ده‌بوا هه‌میشه‌ قه‌رزبار و منه‌تباری پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ر بێ‌. له‌ دیدی ئه‌ودا سه‌ركرده له‌ ناو میلله‌تێكی شۆڕشگێڕدا ته‌نها‌ به‌ وویست و بڕیار و قبوڵی خه‌ڵك دروست ده‌بێ، سه‌ركردایه‌تیكردنیش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریی و چوونه‌ژێرباری ئه‌ركی سه‌ختتر له‌و ئه‌ركه‌ی له‌ ئه‌ستۆی هاوسه‌نگه‌رانیه‌تی، سه‌ركرده‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیدا، پێشه‌نگی هه‌موان و له‌ رزگاربوون و حه‌وانه‌وه‌دا له‌ دوای هه‌مووانه‌‌. هه‌رله‌و پێودانگه‌‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێ: ئیدریس هه‌ڵگری ته‌واوی سیفه‌ته‌كانی بارزانی نه‌مر بوو.

هه‌ر ئه‌و دیده‌ به‌رپرسیاره‌ بوو ئیدریسی نه‌مری كرده‌ مه‌كۆی زه‌حمه‌تترین ئه‌ركه‌كانی دوای نسكۆ: له‌ئه‌ستۆگرتنی‌ به‌رپرسیاریی نسكۆ و چوونه‌ژێرباری ئاكام و ئاسه‌واره‌كانی، له‌ یه‌ككاتدا خه‌مخواردن له‌ گوزه‌رانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ی نسكۆ ئاواره‌ی كردن، هاوكات ته‌حه‌ددی سه‌ختی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش و دووباره‌ ژیاندنه‌وه‌ی گیانی ئومێد و هه‌ستانه‌وه‌.

كاك ئیدریس باوه‌ڕی ره‌های به‌ دروستیی رێبازی حیزبه‌كه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام به‌ هه‌مان ره‌هاییش باوه‌ڕی واقیعبینانه‌ی به‌و راستییه‌ هه‌بوو كه‌ ئه‌گه‌ر كۆی هێزه‌ سیاسییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی خه‌بات پێكه‌وه‌ له‌ ژێر یه‌ك چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا كۆنه‌بنه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ته‌فره‌قه‌ نه‌هێنن، كوردایه‌تی ره‌نج به‌خه‌ساره‌. ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی لای ئه‌و ستراتیژێك بووكه‌ باوه‌ڕی وابوو به‌هه‌ر نرخێك بووه‌‌ ده‌بێ سه‌ربگرێ، دواجاریش هه‌ر ئه‌و دیده‌ بوو به‌ره‌ی كوردستانی لێ به‌رهه‌م هات وكوردستان و كورده‌واری له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی دیكه‌ گواسته‌وه‌.

 ئه‌گه‌ر له‌ ته‌مه‌نی (به‌ ساڵان كه‌م) و (به‌ رۆڵ و روداو درێژخایان)ی كاك ئیدریس بڕوانی و بته‌وێ به‌ چه‌ند ووشه‌یه‌ك پێناسه‌ی بكه‌یت، ره‌نگه‌ ( ئاشته‌وایییخوازی، ئومێدبه‌خشی، نزیكیی له‌ خه‌ڵك) پر به‌ پێست بن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.