Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 03:19

لە یـادی سیاسەتڤـان و شۆڕشـگێڕی مـەزن ئیـدریــــس بارزانیدا

لەسالی (١٩٨٠)دا بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانایان کورد ی لا گەڵاڵە بووە و کاری لەسەر کردووە
سیامه‌ند سێلکی
100%

لەڕۆژی (٣١/١/١٩٨٧) سەرکردە و سیاسەتڤان و شۆڕشگێڕی مەزن، ئیدریس بارزانی، بۆ یەکجاری ماڵئاوایی لەکورد و کوردستان کرد. بەم کۆچە ناوەختە کورد بەگشتی و پارتی بەتایبەتی سەرکردەیەکی لێزان و هوشیار و خاوەن ئەزمونیان لەدەست دا.

دیارە دونیابینی و ژیان و بەسەرهاتی وەها سەرکردەیەک کە هەموو ژیانی خۆی لەپێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستاندا بەسەر بردووە لەهەموو ڕوویەکەوە ئەزمونێکی پڕ بەها و دەوڵەمەندە، بۆیە دەکرێت بۆ ئێستا و داهاتوو سودی لێ ببینین و وانەی لێ وەرگرین. لەم سۆنگەوە لەیادی سی و پێنج ساڵەی وەفاتیدا بەپێویستمان زانی بەکورتی باس لەچەند لایەنێکی ژیان و خەبات و تێکۆشانی ئەو سەرکردە مەزنە بکەین.

واقعی پەروەردەی هزری و کۆمەڵایەتی ئیدریس بارزانی:
ئیدریس بارزانی، لەناو ژینگە و فەرهەنگ و کەلتوورێکدا چاوی بەژیان هەلهێنا، کە لەهەموو ڕوویەکەوە تەندروست و کامل و سەردەمیانە بوو پڕا و پڕبوو لەمرۆڤ دۆستی و عەدالەت خوازی و لێبوردەیی و یەکتر قبولکردن. لەناو جڤاکێک دا قوناغەکانی ژیانی دەست پێکرد کە مرۆڤ بوون و ڕێزگرتن لەبەها مرۆڤایەتیەکان لەلوتکەدا بوو. لەناو ئەم فەزا کامل و پاکەدا وەکو تاکێک لەسەر دەستی شێخ ئەحمەد (خودانی بارزان) و بارزانی نەمر پەروەردە بوو پێگەیشت.

لەژێر کاریگەری ئەو پەروەردە فکری و کۆمەڵایەتیەدا و لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی خودانی بارزاندا، بووە هۆگری ڕێگای حەق و عەدالەتخوازی و مرۆڤ دۆستی و هەموو تەمەنی خۆی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی کورد و کوردستان و چەسپاندنی ئەو بەها بەرزانەی کەڕێبازی بارزانی نەمر لەپێناویدا دامەزراوە و خەباتی بۆ کردووە.

ئیدریس بارزانی، لەمەیدانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا:
ڕوون و ئاشکرایە پێ گەیشتنی تاک یان مرۆڤ بەگشتی لەناو ژینگەیەک دا کە لەڕووی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و هزریەوە کامل و تەندروست و سەردەمیانە بێت، هاندەر و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تاک وەکو مرۆڤێکی بەهێز و خاوەن ئیرادە پێ بگات و گەورە بێت. بێ گومان ئەو ژینگەیەی ئیدریس بارزانی تێیدا چاوی بەژیان هەڵهێنا لەهەموو ڕوویەکەوە ئەو تایبەتمەندیانەی تێدا بوو. بۆیە هەر لەسەرەتای گەنجێتیەوە وەکو مرۆڤێکی بەهێز و خاوەن ئیرادە دەستی لەخۆشیەکانی ژیان هەڵگرت و بووە هۆگری چیاکان و وەکو شۆڕشگێڕێک تەڤلی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو، بەم شێوەیە لەسالی(١٩٦٢) شانبەشانی سەرۆک مەسعود بارزانی دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی شێخ ئەحمەد (خودانی بارزان) لە تەمەنی شازدە و حەڤدە ساڵیدا، لەچیای برادۆست پەیوەندیان بەبارزانی نەمرەوە کرد و چەکی پێشمەرگایەتیان کردە شان و بوونە ڕێبواری ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.

بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەو پێشمەرگانەی کە بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لەئیدریس بارزانیەوە نزیک بوون، پەیوەندی ئیدریس بارزانی لەگەل پێشمەرگەدا پەیوەندیەکی دۆستانە و هەڤاڵانە بووە، وەکو برا مامەڵە و سەرەدەری لەگەڵدا کردوون. کەسێکی خاکی و ڕوو خۆش و سنگ فراوان بووە. لەکاتە سەخت و دژوارەکاندا لەسەرخۆ و ورەبەرز و خۆڕاگر بووە.

هەرگیز خۆی لەپێشمەرگە جیا نەکردووتەوە و، خواردن و خواردنەوە و پشوودانی هەر لەگەڵ پێشمەرگە بووە، لەچوارچێوەی پابەند بوون بەبنەماکانی ڕێبازی بارزانی نەمر، بەردەوام ڕێنماییان بەپێشمەرگە داوە کە هەموو تاکێکی کوردستانی بەخوشک و برای خۆیان بزانن و بەڕیزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەبەها مرۆڤایەتیەکان سەرەدەری لەگەل دیلەکانی شەڕدا بکەن. لەدانانی نەخشە و پلانی سەربازیدا لێزان و کارامە و شارەزا بووە.

بۆ هەموو بڕیار و کارێک ڕاوێژ و پرسی بەو پێشمەرگانە کردووە کە ئەزمونێکی زۆریان لەناو شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتیدا هەبووە و، بۆچوونی ئەوانی بەهەند وەردەگرتووە. لەهەموو ئەمانە گرنگتر هەمیشە لەکاتی دانانی نەخشە و پلانی سەربازیدا حسابی جدی بۆ دوو خاڵ کردووە، یەکەمیان ئەوەبوو کە بەکەمترین زیان پێشمەرگە پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردن. دووەمیشیان ئەوەبوو کە پێویست بوو نەخشە و پلانەکە بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە هیچ زیانێک بەخەڵکی سڤیل و بێ تاوان نەگات.

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و ئاوارەبوونی ئێران، ئیدریس بارزانی، بۆتە پشت و پەنای ئاوارە و پەنابەران و لەگەڵ خەم و ئازارەکانی ئەواندا ژیاوە و بەردەوام دەرگای بەڕووی هەموواندا ئاواڵە بووە و لەهەموو ڕوویەکەوە هاوکار و پشتیوانیان بووە. بێگومان ئەم تایبەتمەندیانە بۆ کەسایەتی سەرۆک مەسعود بارزانیش سەدا سەد ڕاست و واقعین.

ڕوانگەی ئیدریس بارزانی بۆ پرسی نەتەوەی کورد:
ئیدریس بارزانی، وەکو قوتابیەکی راستەقینەی بارزانی نەمر، بڕوایەکی بەهێزی بەو حەقیقەتە هەبوو، کە پرسی کورد پرسی نەتەوەیەکی بن دەست و خاک داگیرکراوە و، بەشێوەیەکی زاڵمانە و دوور لەخواست و ویستی خۆی، نیشتمانەکەی پارچە پارچە کراوە و، هەموو ماف و ئازادیەکی لێ زەوت کراوە.

بەم تێگەیشتنە واقعیە لەپرسی کورد دەیڕوانی و پێی وابوو ئازار و مەینەتیەکانی کورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکە و، ڕەنگدانەوەی ئەو واقعە تاڵەیە کە بەهۆی داگیرکردنی کوردستانەوە بەسەریدا سەپێنراوە. لەم سۆنگەوە هەرکاتێک هەستی کردبا لەهەر پارچەیەکی کوردستان تروسکاییەک بۆ خەبات و تیکوشانی کورد هەیە، یەکسەر دەستی هاوکاری و پشتیوانی بۆ درێژ کردووە. بۆنمونە، لەسەرەتای دەرکەوتنی (پ. ک. ک)دا وەکو هیزێک لەباکوری کوردستان، ئیدریس بارزانی و پارتی بەو هیوایەی کە( پ. ک. ک) وەکو هیزێک بۆشایی خەباتی شۆڕشگێری و چەکداری لەباکوری کوردستان پڕ بکاتەوە و، وەکو هێزێکی نەتەوەیی خزمەتی پرسی کورد بکات لەهەموو ڕوویەکەوە هاوکاریان پێشکەش بەو حزبە کردووە و بارەگا و ئیمکاناتی پارتیان خستە خزمەت گەشەکردنیان.

لێ مخابن (پ ک ک) لەجیاتی ئەوەی وەفای بۆ ئەو هەموو هاوکاریەی پارتی هەبێت و لەئاست چاوەروانیەکانی پارتی و هەموو کورد بێت، هەر کە لەسەر پێی خۆی وەستا، بۆ بەدەست هێنانی متمانەی داگیرکەرانی کوردستان لەپارتی و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی کوردستان هەلگەڕایەوە. هەر بەم دیدە نەتەوەییە و لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی پارتی و ڕێبازی بارزانی نەمردا، ئیدریس بارزانی، بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە کە هەموو هێز و تواناکانی کورد لە دامەزراوەیەکی نەتەوەییدا کوبکاتەوە.

لەپێناو ئەم ئامانجە پیرۆزەدا لەسالی (١٩٨٠)دا بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانایان کورد ی لا گەڵاڵە بووە و کاری لەسەر کردووە. بیرمەند و تێکۆشەری ناسراوی کورد خوالێخوش بوو (فەلەکەدین کاکەیی) لەم بارەوە دەگێڕێتەوە و دەلێ: پرسی دامەزراندنی ئەنجومەنی دانایانی کورد بۆ پارتی و ئیدریس بارزانی، پرسێکی ستراتیژی و گرنگ بوو.

لەم سۆنگەوە ئیدریس بارزانی، زۆر بەجدی و خەمخۆرانە کاری لەسەر کرد و، دوای پرس و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی شارەزا و دیار لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجومەنی دانایانی کوردی کردە پرۆژە و پێشکەش بەلایەنە کوردستانیەکانی کرد.

دیارە بەحوکمی ئەوەی کە باکوری کوردستان گەورەترین پارچەی کوردستان بووە و، (پ ک ک) ش لەو سەردەمەدا خۆی وەکو هێزێکی نەتەوەیی وێنا کردووە . ئیدریس بارزانی وەکو یەکەم لایەن پرۆژەکەی لەرێگای کەسێکەوە بەناوی هەڤال(خالد) کە ئەندامی سەرکردایەتی (پ ک ک) بوو پێشکەش بەو حزبە کردووە. لەو کاتەدا (پ ک ک) بەڕوالەت پێشوازی لەدەست پێشخەریەکە کردووە و، ئامادەیی دەربڕیوە کە هاوکار دەبێت لەسەر خستنی پرۆژەکەدا. ئەم هەلۆیستەی پ ک ک بۆ پارتی و ئیدریس بارزانی جێگای خۆشحالی بوو، بۆیە لەهەنگاوی دووەمدا و هەر لەڕێگای هەڤال (خالد)ەوە پرۆژەکە بۆ لایەنەکانی دیکەش ڕەوانەکرا.

مخابن هەڤال (خالد) لەگەل هەڤالێکی دیکەیدا لەنزیک قەندیل و لەلایەن هیزێکی کوردستانیەوە کە لەو سەردەمەدا شەڕی دژی هەموو لایەنەکان ڕاگەیاند بوو شەهید کران. جێگای داخە بەهۆی ئەم ڕووداوە و فراوان بوونی شەڕی ناوخۆیی لەنێوان لایەنە کوردستانیەکاندا، پرۆژەکە بەئەنجام نەگەیشت و وەستێنرا.

بەڵام، ئەوە نەبووە هۆی ئەوە کە ئیدریس بارزانی لەیەکخستنی نێوماڵی کوردستانیدا بێ ئومێد بێت. بەپێچەوانەوە بەپشتیوانی سەرۆک مەسعود بازانی سوورتر لەجاران هەموو هەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ لەپیناو کۆتایی هێنان بەشەڕ و چەسپاندنی ئاشتی لەنیوان لایەنە کوردستانیەکاندا. ئەوەبوو لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابوردودا ئیرادەی ئاشتیخوازانەی پارتی و ئیدریس بارزانی سەرکەوتوو، لەئەنجامی ئەم سەرکەتنەشدا ڕێککەوتنی ئاشتی لەنیوان ئیدریس بارزانی و خوالیخوش بوو مام جەلالدا ئیمزا کرا و، بووە بنەما بۆ دامەزراندنی بەرەی کوردستانی. واتە دەتوانین بێژین، ئیریس بارزانی، ڕۆلی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لەکۆتایی هێنانی شەڕی ناخۆیی و دامەزراندنی بەرەی کوردستانیدا هەبوو. کە بۆ یەکەم جار لەمێژوودا وەکو چەترێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموو هیزە کوردستانیەکان تێیدا کۆبوونەوە. دیارە تۆمارکردنی ئەم دەسکەوتە لەو سەردەمەدا لەهەموو ڕوویەکەوە بۆ کورد مێژوویی و گرنگ بوو، بۆیە وەکو ڕیزگرتنێک لەخەبات و تێکۆشانی ئیدریس بارزانی ناسناوی ئەندازیاری ئاشتیان پێ بەخشی .

ڕوانگەی ئیدریس بارزانی بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن:
ئیدریس بارزانی، وەکو سەرکردە و سیاسەتڤانێکی لێزان و کارامە هەمیشە بڕوای وابووە کە گفتوگۆ و دانوستاندن شێوازێکی شارستانی و سەردەمیانەی خەباتە و، ڕێگایەکی ڕاست و ڕەوانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێ سیاسیەکان. لەم سۆنگەوە بەدرێژایی تەمەنی خۆی لەناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەرکاتێک هەستی کردبێت هێندەی ترۆسکایەک دەرفەت بۆ چارەسەری سیاسیانەی پرسی کورد هەیە. بێ دوودڵی پەنای بردوەتە بەر گفتوگۆ و دانوستاندن و هەوڵیداوە دوور لەتووندوتیژی و خوێن ڕشتن ماف و داخوازیە نەتەوەیەکانی کورد مسۆگەر و دەستەبەر بکات.

هەڵبەت وەکو سیاسەتڤانێکی هوشیار و دووربین شارەزایەکی تەواوی لەم بوارەی خەباتدا هەبووە. لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانۆستاندندا وەکو دیبلۆماتکارێکی سەرکەوتوو قسەزان و ڕەوان بێژ، لەڕوانگەیەکی ئەقڵانی بەپێوەری زانستی و لۆژیکی بۆچوونەکانی خۆی بۆ بەرامبەرەکانی خستووتەڕوو. لەبەر ئەمە لەسەردەمی گفتوگۆکانی سالی (١٩٧٠) نێوان شۆڕشی ئەیلوول و بەغدا، بەفەرمانی بارزانی نەمر، بووە یەکێک لەئەندامە کاراکانی شاندی دانوستانکاری کوردستان و ڕۆلێکی گرنگی گێڕا لەڕێککەوتنی یازدەی ئازاری (١٩٧٠)دا. دیسان لەسەر ئاستی کوردستانیشدا و لەچوارچێوەی سیاسەتی ئاشتی خوازانەی پارتیدا بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە کێشە و ململانێکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لەڕێگای گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن. بۆ ئەم ئامانجە لەکاتی پێویست و گونجاودا دەست پێشخەری ڕاگەیاندووە و، هەموو هەوڵەکانی خۆی خستووتە گەڕ بۆ یەکخستنی نێو مالی کوردستانی.

ڕوانگەی ئیدریس بارزانی بۆ زانست و مەعریفە:
ئیدریس بارزانی، وەکو سەرکردە و سیاسەتڤانێکی سەردەمیانە زۆر گرنگی بەبواری زانستی و مەعریفی داوە. بەردەوام هەوڵیداوە لەڕێگای خوێندنەوەی کتێبە مێژوویەکان زانیاری پێویست لەبارەی خەبات و تێکۆشانی گەلانی ئازادیخوازی جیهانەوە بەدەست بێنێت. ئەمەش بۆ ئەوە بووە تا لەمەیدانی خەبات و تێکوشانی شۆڕشگێڕانەدا و لەهەردوو بواری سیاسی و سەربازیدا سود لەئەزموونی سەرکەوتووی ئەو گەلانە وەرگرێت.

هەروەها زۆر هۆگری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و دیوانی شیعرەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و فردەوسی بووە. زۆر جار لەکۆڕ و کۆبوونەوەکاندا کە قسەی بۆ ئامادەبوان دەکرد، هەوڵی دەدا بەهێنانەوەی ئایەتەکانی قورئان و شیعرەکانی مەلای جزیری، دید و بۆچوونەکانی خۆی لەسەر پرسە گەرمەکان دەرببڕێت. لەهەموو ئەمانە گرنگتر هەمیشە هانی پێشمەرگەکانی داوە خۆیان فێری خوێندنەوە و نووسین بکەن.

هەر لەچوارچێوەی ئەم گرنگی پێدانە بەزانست و مەعریفە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارە بوونی ئێران، بەردەوام ئامۆژگاری ئاوارە و پەنابەرانی کردووە کە منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن. دیسان لەڕێگای پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانیەوە زۆرێک لەو پێشمەرگانەی کە گەنج بوون و ئاوارەی ئێران ببوون، بەمەبەستی خوێندن و بەدەست هێنانی بڕوانامەی بەرز ڕەوانەی ئەمریکا و ئەوروپای کردن، بەر لەڕەوانە کردن، ئەو پێشمەرگانەی بانگ دەکرد و بەدوور و درێژی قسەی بۆ دەکردن و ئەوەی دووپات دەکردەوە کە نسکۆی شۆڕش دەرئەنجامی پیلانێکی نێودەوڵەتیە و لەنزیک ترین دەرفەتدا دەست بەشۆڕش دەکەینەوە.

بۆیە ئێوە کە دەگەنە ئەمریکا و ئەوروپا جگە لەخوێندن و بەدەست هێنانی زانست، پێویستە پێشمەرگە ئاسا خەمی هەمووتان خەمی ئایندەی خەڵک و خاکی کوردستان بێت، چونکە دڵنیام دوور یان نزیک کوردستان پێویستی بەو زانست و ئەزموونە دەبێت کە ئێوە بەدەستی دێنن. بێگومان ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستیەی کە ئیدریس بارزانی وەکو سەرکردەیەکی دووربین و خاوەن ئیرادە لەو بارودۆخە دژوارەدا پێشبینی ئەوەی کردووە کە ڕۆژێک دێت کوردستان بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردن پێویستی بەکەسی زانا و خاوەن ئەزموون دەبێت. بۆیە لەو سەردەمەدا خەمی ئەوەی هەبووە کە هاوکاری گەنجانی ئاوارە بکات، تا بتوانن بخوێنن و دوای بەدەست هێنانی بڕوا نامەی بەرز بگەڕێنەوە و خزمەتی خاک و نیشتمانەکەیان بکەن.

پەیوەندیی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی:
ڕووداو و بەسەرهاتەکانی نێو مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە پێگە و رۆلی بنەماڵەی بارزانی لەسەرکردایەتیکردنی شۆڕشدا، بەجێ گەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بووە بەرامبەر خاک و نەتەوەکەیان. نەک حەز و ئارەزوو وەکو ئەوەی دوژمن و ناحەزانی کورد باسیان لێوە کردووە.

لەم سۆنگەوە لەهەموو قۆناغەکانی خەبات و شۆڕشدا و لەپێناو ئەوەی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیە دلسۆزانە و ڕاستگۆیانە بەجێ بگەینن. هەمیشە سەرۆک مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی هەمیشە زیندوو، وەکو داینەمۆیەکی بەهێزی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، دلسۆزانە و خەمخۆرانە و پێکەوە ملیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و لەژێر سەرکردایەتی بارزانی نەمردا، ڕۆلی سەرەکی و کارایان گێڕاوە لەتۆمارکردنی دەسکەوت و سەروەریەکاندا. لەکاتە هەرە سەخت و دژوارەکاندا بۆ هەستانەوە و دووبارە دەستپیکردنەوەی شۆڕش وەکو دوو سەرکردەی قارەمان و خاوەن ئیرادە، تەواوکەری یەکتر بوون و شانبەشانی یەکتر دەسکەوت و سەروەری مەزنیان بۆ کورد و کوردستان تۆمار کردووە.

بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەو خەباتگێڕ و پێشمەرگانەی کە بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لەسەرۆک بارزانی و جەنابی ئیدریس بارزانییەوە نزیک بوون. پەیوەندیان بەڕادەیەک تووند و تۆل و بەهێز بووە، وەکو ئەوە وابوون گیانێک بن لەدوو جەستەدا. هەڵبەت ئەم پەیوەندیە بەهێز و تۆکمەیە دەرئەنجامی ئەو پەوەردە فکری و کۆمەڵایەتیە بووە کە لەسەری پەروەردە کرابوون. دیارە هەر بەهۆی ئەو پەروەردەیەوەیە کە ئێستاش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک بارزانیدا وەکو یەک تیم تەواوکەری یەکترن لەخزمەتکردنی خەڵک و خاکی کوردستاندا .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.