یونس حەمەد - ئۆسلۆ
دایك بەواتای ڕێڕەوی ژیانی سەرەتای هەر مرۆڤێك ، جالێرەدا دایك هەمیشە دەبێتە وێستگەی یەکەم بۆ ئەو کارەی که مرۆڤ ومرۆڤایەتی لەسەری هەنگاو دەنێت ..
میدیای سەردەم پێوویستی بەدایکێک هەیه که تووانای ئەوەی هەبێت ڕێڕەوی میدیایەکی ئازاد و مرۆڤ دۆستی هەبێت ، هەروەها ئامانجی سەرەکی پرسە گرینگەکە بێت که ئەویش پرسی خۆشەویستی نەتەوەیی و نیشتیمانیە بەتایبەتی بۆ گەلی کوردستان که له هەموو سەردەمانێکدا پێوویستی بەو جۆرە خۆشەویستیە هەیه ..
له 17/1/1999 بۆ یەکەم جار له مێژووی میدیای کوردیدا کەناڵی سەتەلایەتی کوردستان وەک پێشەنگ و دایکێکی دڵسۆز بۆ گەل ونیشتیمان لەدایك بوو و هاتە گۆڕەپان ، ڕاستگۆیانه مامەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ خەمی هاوڵاتی و کوردستانیاندا بوو ، نەوەك بە تەنیا بۆ ناوەوە ،بەڵکو بۆ کوردستانیانی دوورەی وڵاتیش ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە و بەردەوامیش دەبینێت و لەگەڵ خۆشیموناخۆشییەکانی سات به سات هەنگاوەکانی دەهاوێژێت ..
لەو ماوەیەی که کوردستان تیڤی وەک کەناڵێکی بینراوی جیهانی پەخشی دەست پێکرد ، کوردستان له ڕووی میدیایەوە گەیشتە قۆناخێکی تازە و نوێ ، ئەوەبوو کوردستان بووە وێستگەیەکی گرینگ بۆ دەستکەوتنی هەواڵ وبابەتی هەمەجۆر ، لە ڕووی سیاسیەوە گرینگی تایبەتی به پرسی کورد له هەموو بەشەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی داوە ، هەرکات بابەتێك بۆ گەلی کوردستان جێگای بایەخ وئاماژەبێت کوردستان تیڤی ئامادەیی لەو شوێنه هەبووە ، له بابەتەکانی دیکەشدا بەردەوام ئەسپی خۆی تاوداوە چ بواری کەلتووری و هونەری و تەندرووستی و هەمەڕەنگ وئاینی و وەرزشی هتد ...
بەو واتایەی پەیامەکانی هەمیشە به ڕاستگۆیی و دوور له مەزاج خستۆتە بەردەم بینەر هەر بۆیەشە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئێستا به کەناڵی ڕاستگۆ ناوزەندی دەرکردووە ، چونکه له گوواستنەوەی هەواڵ زۆر جدیانه هەوڵ دەدات هەرچی ڕاستیە بیخاتە بەردەم جەماوەر تاوەکو بینەر ڕاستگۆیانه ئەو هەواڵەی دێتە بەر چاو و گوێچکەی به ڕاستگۆیی وەری بگرێت ، جائەمەش وای کردووە له ڕاستگۆیدا ڕکابەری نەبێت .
کوردستان تیڤی له تەمەنی کارکردنیدا که ئێستا گەیشتۆتە 22ساڵ بەبێ دابڕان پەیامە ڕاست ودرووستکەی دەخاتە بەردەم ئەو جەماوەرەی که ساڵ بەساڵ زیاتر متمانەی پێوە دەکات ..
ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی ئەو کەناڵەیه ،بەڵام هەمیشە هەست بەوە ناکرێت جیاوازی هەبێت هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستاش وەک سکۆیەکی ئازادانه بۆ سەرجەم ئازادیخوازان کارەکانی ڕاپەڕاندووە ، لەپرسە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکاندا پێشەنگ بووە بۆ دەرخستنی هەموو ئەو ئازارانەی له میژوودا بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە ، وەک بەرنامەی دیکۆمێنتاری هەمەجۆر خراونه ڕوو ، لە جەنگی دژ به تیرۆرستاندا بەردەوام له سەنگەری پێشەوەبووە هەر ئەمەش وای کرد که چەندین شەهید ببخشیێتە گەل و وڵات ، له ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیشدا وەرەیەکی بەرز و پۆڵاینی دایه گەل بۆ سەلماندنی بوونی خۆی ..
بەڵێ کوردستان تیڤی پیشەنگ و ڕاستگۆ وباوەڕپێکراو هەمیشە وەك دایکێکی بەوەفا ودلسۆز بۆ گەلی کوردستان به زیندوویی دەمێنێتەوە ، رۆژ له دوای ڕۆژیشدا هەر به لاوێتی بۆ خزمەتی کورد وکوردستان بەرەو پیش هەنگاو دەنێت .