ئەم خەبات و جمۆجۆڵیەکانی پەکەکە جگە لەوەی هیچ سوودێک بە باکووری کوردستان ناگەیەنێت و بەو سیاسەتەش بێت، ناتوانن یەک گوند لە باکووری کوردستان رزگار بکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە گەورەترین زیان بە باشووری کوردستان دەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان خاوەن کیانێکی تایبەت بە خۆیەتی، هاوکات نەیاری ناوخۆیی و دەرەکیشی زۆرن.
ئێستا و هەمیشە پێویستە بپرسین ئایا پەکەکە چی لە کورد و کوردستان دەوێت؟ دیارە هەرێمی کوردستان خاوەن سەروەری یاسایی خۆیەتی، بەوپێیەی لە دەستووری عێراقدا دانیپێدانراوە، بۆیە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی مافی ئەوەی هەیە لە پەکەکە نیگەران بێت، بەوەی چالاکییەکانی خۆی هێناوەتە ناو ئەو سنوورەی هەرێمی کوردستان کە بە گوێرەی دەستوور، حکوومەتی هەرێم مافی پارێزگاری لێکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە.
دەتوانین بڵێین کیانێکی وەک هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە لەوەی پەکەکە کە بەو شاخ و کێوانەوە دەیانەوێت حکومڕانی ناوچەکە بکەن، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا یەک گوند و شاری باکووری کوردستانییان رزگار نەکردووە و لەوەش ناچێت بەمزووانە لە سایەی ئەم سیاسەتەیان هیچ شوێنێک ئازاد بکەن.
پەیوەندی هەولێر و ئەنقەرە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی سیاسی و ئابووری و بازرگانییە، وەک ئەوەی بۆ هەر وڵاتێکیش ئەمە یاساییە و ڕێگە پێدراوە، چونکە حکوومەتی وڵاتان هەمیشە بەرژەوەندی هاوبەش پێکیان دەبەستێتەوە. بۆ نموونە تورکیا فستەق دەداتە رووسیا، رووسیاش غاز، هاوکات گەشتیاری و بازرگانی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئاسانکاری زۆریان بۆ کراوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، کە دەکرێ پەیوەندی لەم جۆرە بۆ هەرێمی کوردستانیش ئاسایی بێت، چونکە هەرێمی کوردستان گرووپێکی چەکدار نییە وەک پەکەکە بە شاخ و کێوانەوە بێت، هەلبەت مەبەست لە شاخ و کێویش، سووکایەتی نییە، بۆ پەکەکە، بەڵکوو مەبەستی من ئەوەیە بڵێم هەرێمی کوردستان ئێستا حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەدان دامەزراوەی یاسایی و دەستووری هەیە، ئەمەش پێویستی بە ئیدارەدان هەیە و ئیدارەدانیش پێویستی بە گرێدانی پەیوەندی هاوبەش هەیە لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
پەیوەندی هەولێر و ئەنقەرە هەرگیز لەسەر حیسابی پەکەکە و پرسی کورد لە باکووری کوردستان نییە و نابێت، ئەسڵەن هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام هەوڵی داوە کێشەی کورد لە باکووری کوردستان لە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی زۆرترین هاوڵیانداوە تا کێشەکە لە رێگەی ئاشتی چارەسەر بکرێت، بەڵام زۆر جار پەکەکە بیانووی داوەتە تورکیا و ئەنجام کێشەکان سەریانهەڵداوەتەوە کە ئێستا زیانەکانی جگە لە باکوور تەنانەت بەر هەرێمی کوردستانیش دەکەون لە ئەنجامی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە هاووڵاتییانی سڤیلی کورد شەهید و بریندار دەبن و دۆخێکی نائارام بۆ هاووڵاتییان دروستبووە. لە ئێستا دا جگە لە بوردومانی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکان پەکەکەش هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە قارەمانەکانمان و لە ئەنجامی ئەو هێرشانە دا پێشمەرگەش شەهید دەبن، یانی پەکەکە شەر بە پێشمەرگە ئەفرۆشێت.
بۆیە بۆ پەکەکە و هەرێمی کوردستانیش باشتروایە و پێویستە پەکەکە سنووری چالاکییەکانی خۆی و بنکە و بارەگەکانی بباتەوە باکووری کوردستان بۆ ئەوەی چیتر بیانوو نەداتە دەست تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.