Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 14:07

کاکی بەریتانی !

دوای ئەوەی جەنگی عێڕاق -ئێران له هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا هەڵگیرسا ئەمجارەشیان بەریتانیای گەورە ئەم دەرفەتەی قۆزتەوە
یونس حه‌مه‌د
100%

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

سەرەتای سەدەی بیستەم بەریتانیا له هیندستان  تا یەمەن و خوارووتریش به کوردستانیشەوە تا دوورگە و کەنداو لەژێر دەستیندابوون ، کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا هاوشان لەگەڵ فەڕانکفۆلینەی ئەو سەردەم واتا فەڕەنسای ئێستا ، جیهانیان بۆ خۆیان دابەشکردبوو ، بەریتانیا زۆر بێ بەزەیانە هەنگاوەکانی داهاوێشت ، جیهانی کردبووە پارچەیەک له سیخووڕی به تایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا هیندستان که پاکستان وبانگالادیش و چەند دەوڵەتێکی دیکەشی گەورە وبچووکی له خۆیدا گرتبوو ،هەمیشە جیاوازی ڕەگەزەکان لە سیاسەتی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیادا پلەیەکی بەرزی هەبووە وجێی خۆی دۆزیوەتەوە بە واتای جیاوازی بکە تا جێگای خۆت لێی بدۆزییەوە ئەمه ئەو سیاسەتەیە که (کاکی بەریتانی ) تا ئەمڕۆش پەیڕەوی دەکات ولەسەریشی دەڕوات ! ..

 ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له سەرەتای سەدەی بیستەمدا به تایبەتی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دواتر دووەم هەمیشە پڕ کێشە و گیرووگرفت و ماڵوێرانی بووە ، کۆدتای سەربازی یەک لەسەر یەك و درووستکردنی دەوڵەتی دەستکرد ، لەملاشەوە چەوساندنەوەی گەلانی زیندوو ئەوانه هەر هەمووی ئەو سیاسەتانه بووە که بەریتانیەکان له پڕێنسپی خۆیاندا وەك سیستەم پەیڕەویان کردووە ، لە سەروودا شتێك و له ناخ وناوەڕۆکدا شتێکی دیکە ، ئەمانه وای له ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە که بەردەوام ناسەقامگیر ونائارام بێت ، ناوچەیەك له سەرجەم ناوچەکانی دیکەی جیهاندا دەوڵەمەند ترە نەوت و کانزا ، کشتووکاڵ و بەرەبوومی پڕ به پێز ، چیا و بیابان ، تا کەش وهەوای چوار وەرزی ، بەڵام له بڕی خۆشی و فەراهەم بوونی ژیانی هاوچەرخ ، ژیانێکی دواکەوتوویی و هەمیشە جەنگ و کۆدتا وبرسێتی و گەندەڵی و (بڕینی دەستی خەڵک) ، ئەمانه ئەو خەسلەتەیە که له سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بۆ ناوچەکه بەجێماوە که کاکی (مستەر بەریتانی) بناخەکەی بۆ داناوە ، دوای سایکس بیکۆ بەریتانیەکان زۆر ژیرانه کەوتنه ناو خەڵك به تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، درووستکردنی پیاوی دەستکرد بۆ خۆیان به واتا درووستیەکەی (سیخوڕییەت) له ناو کۆمەڵگادا ئەمەش وای کرد که متمانه نێوان تاك وکۆمەڵ نەمێنێت ، زیاتر ئەو کۆمەڵگایانه بەرەو دابەشبوون هەنگاو بنێن نەوەک لە ڕووی جوگرافیاوە به تەنیا ،بەڵکو له ڕووی کەلتوور و داب ونەریت و ژیانی ڕۆژانەشدا ، کوردستان له پارچەیەک بۆ چەندین پارچە وبەشدا ، دوورگەی عەرەبی له دوورگەیەکی گەورە بۆ چەند میرنیشین و پاشانیشینێکی بچووک ، وڵاتی شام له ناوچەیەک بۆ بەش بەشبوون ، ئەمەش هەر هەمووی له پێناوی ئەوەی که ڕێڕەوی ژیانی ئەو ناوچانه بریتی بێت له کێشە ودووبەرەکی ، که تا ئێستاش بەهۆی ئەم سیاسەتەوە دووبەرەکی سیخوڕی و ناتەبابوون نێوان کۆمەڵگاکان به ڕوونی بەرچاوە . 
دوای ئەوەی جەنگی عێڕاق -ئێران له هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا هەڵگیرسا ئەمجارەشیان بەریتانیای گەورە ئەم دەرفەتەی قۆزتەوە لە ژێرەوە هانی هەردوولای دەدا تا زیاتر بەگژ یەکدا بچن لەملاشەوە پەیوەندیەکی باشی لەگەڵیان درووستکردبوو ،تا گەیشتە ئەوەی له جەنگی یەکەمی کەنداو دا به هاوکاری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر بخزێتە نیو هاوکێشەکانی ناوچەکه و بەم ناوە  کوێتی یان لە دەستی سەدام ڕزگارکرد تا زێدەتر جێگای خۆیان قایمتر بکەن .. له 2003 وە ئەمجارەشیان وەك سیاسەتێکی ستاندارد به چەندین ناوەوە هاتنه نێو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەوکاتانەی خۆنیشاندانەکانی به ناو (بەهاری عەرەبی) بەرپابوو ، دواتر سەرهەڵدانی له ناکاوی ڕێکخراوی تیرۆرستی  (داعش) و داگیرکردنی چەندین زەوی پان وبەرین وگرینگ وستراتیژی له ناوچەکەدا .. ئەم کارو کردەوانه هەمیشە یەك شت نیشان دەدەن ئەگەر مرۆڤایەتی بیەوێت بێتەوە سەر وێستگەی ڕاست ودرووستی خۆی پێووستە مافە زەوتکراو و ڕەواکان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان ،چونکه ژیانی مرۆڤایەتی ناتوانێت به کردەوەی مێژوویی (کاکی بەریتانی) تا ژیان مابێت بەمشێوەیەی ئێستا هەیه بەردەوام بێت .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.