سه‌ره‌تای مانگی رابردوو هه‌ولێر و به‌غدا له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه سیاسی و دیپلۆماتیكییه‌كانی نێوانیاندا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان و ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو یه‌كه‌م هه‌نگاو رێككه‌وتنێكیان بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان ئیمزا كرد.
له ماوه‌ی زیاتر له یه‌ك مانگدا دوای مشت و مڕێكی زۆر، دواجار حكوومه‌تی فیدراڵی وه‌كو ئه‌وه‌ی له رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه ده‌ستی به جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه كرد. به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، سنووره‌كانی ده‌ورووبه‌ری شنگال له لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵییه‌وه ده‌پارێزرێن، له نێو سه‌نته‌ری شار و قه‌زاكانی سه‌ربه شنگالیشدا، هیچ هێزێكی چه‌كداری ناشه‌رعی وناده‌ستووری ( په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی) نامێنن.
لێره‌دا خاڵی جێگای تێڕامان ئه‌وه‌یه كه بزانرێت حه‌شدی شه‌عبی سه‌ربه كێیه؟ ئه‌و هێزانه‌ی به ناوی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه‌دان سه‌ر به‌كێنه؟ ئه‌م دوو هێزه هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی چه جۆره به‌رنامه و پیلانێك ده‌ده‌ن؟
حه‌شدی شه‌عبی كۆمه‌ڵێكی چه‌كداری سه‌ربه ئێرانه كه له چه‌ند گرووپی توندڕه‌وی ئاینی و پانشێعیزم پێكهاتوونه. ئه‌م هێزانه كه ناوی جیاجیایان هه‌یه، هه‌موویان له ژێر ركێف و فه‌رمانی ئێراندان و كار بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه و پیلانه‌كانی ئێران له عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌كه‌ن. حه‌شدی شه‌عبی كه هه‌مان ئه‌و هێزه‌یه كه له 17ی ئۆكتۆبردا هێرشی سه‌ر كورد و كوردستانی كرد، ئێران له رێگه‌ی ئه‌م هێزه‌وه ده‌یه‌وێت چه‌ند مه‌به‌ست و مه‌رامی خۆی له عێراق و ناوچه‌كه‌دا به‌ده‌ست بهێنێت. دروست كردنی ئاڵترناتیفێك بۆ سوپای عێراق له هێزێك كه كۆنترۆڵی مۆتڵه‌قی له ده‌ستی ئێران دایه تا به‌مجۆره ئێران بتوانێت به ئاسانی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌مووی عێراقدا بگرێت و مه‌یدان بۆ هێزه بیانییه‌كان به تایبه‌تی ئه‌مریكا ته‌نگ بكات. ئێران به ناردن و به‌جێكردنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ شنگال، ویستی ناوه‌ندێكی ستراتیژكی سه‌ربازی له نێوان عێراق و سووریادا بۆ خۆی دروست بكات تا بتوانێت زیاتر كۆنترۆڵی هه‌ر دوولا بكات و له‌مانه‌یش زیاتر، سه‌كۆی مووشه‌كی له ناوچه‌كه‌دا بۆ هه‌ڕه‌شه كردنه سه‌ر ئیسرائیل دروست بكات ( وه‌كو ئه‌وه‌ی كاتی خۆی سه‌دام كردبووی). بۆیه جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و ده‌ركردنی حه‌شدی شه‌عبی له شنگال و ده‌ورووبه‌ری هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پیلان و به‌رنامه‌كانی ئێران.
له لایه‌كی دیكه‌وه هێزی یه‌به‌شه ( یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال) هه‌ن كه ئه‌ویش هێزێكه سه‌ربه په‌كه‌كه، په‌یوه‌ندی نێوان په‌كه‌كه و ئێران بۆ هه‌ر كه‌س روون و ئاشكران و زۆر به ئاسانی ده‌توانین بڵێن كه په‌كه‌كه له ناوچه‌كه‌دا وه‌كو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی جێبه‌جێكاری هه‌ندێ له به‌رنامه و پیلانه‌كانی ئێرانه. په‌كه‌كه‌یش به هه‌بوونی خۆی له شنگال چه‌ند مه‌رام و مه‌به‌ستی هه‌بوو. په‌كه‌كه ده‌یه‌ویست به به‌هێزتركردنی پێگه‌ی خۆی له شنگال، رێگه‌ی هاتووچۆی خۆی له قه‌ندیل و ناوچه كوێستانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ رۆژئاوا خۆشتر بكات. هه‌روه‌ها ده‌یه‌ویست به مانه‌وه‌ی خۆی له شنگال كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان كه ئێستا له لایه‌ن ئه‌مریكایه‌وه گۆشاری خراوه‌ته سه‌ر كه نابێت په‌كه‌كه له‌وێش بمێنێت، زیاتر بكات و كۆنترۆڵی رۆژئاوا بخاته ده‌ستی خۆی. هه‌روه‌ها په‌كه‌كه كاری بۆ ئه‌وه ده‌كرد كه به به‌جێ بوونی له‌شنگال ورده ورده به‌شێكی زۆری ناوچه‌كه بخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه بۆ هێرش كردنه سه‌ر شنگال و ده‌ورووبه‌ری له لایه‌ن توركیاوه خۆش بكات.
په‌كه‌كه‌یش پێ خۆش بوو كه ئێران، عێراق و توركیا پیلانی خۆیان بۆدروستكردنی ناوچه‌ی تامپۆن له‌سه‌ر سنووره‌كانی نێوان رۆژئاوا و باشووری كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن و ده‌روازه‌ی سنووری ئۆڤاكۆی بكرێته‌وه، سحێلا، شنگال و به‌شێكی زۆمار تا ده‌گاته ته‌لعه‌فه‌ر و مووسڵ بكه‌وێته ده‌ستی توركیا و حه‌شدی شه‌عبی كه هێزێكی ئێرانییه.
دوای ئێمزا كردنی رێككه‌وتنه‌كه، توركیا كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌به‌ر هه‌بوونی په‌كه‌كه هێرشی سه‌ر شنگال ده‌كات و داگیری ده‌كات، زۆر نیگه‌ران و تووڕه‌یه، چونكه پیلانه‌كه‌یان هه‌م بۆ داگیركردنی شنگال و هه‌م بۆ دروست كردنی ناوچه‌ی تامپۆن شكه‌ستی خواردووه. ئێرانیش كه وه‌كو توركیا به هۆی ئیمزا كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی شنگاله‌وه پیلانه‌كانی پووچه‌ڵ كراونه‌ته‌وه له رێككه‌وتنه‌كه نیگه‌ران و تووڕه‌یه، بۆیه ئه‌م دوو وڵاته پێكه‌وه گوشارێكی زۆریان خسته سه‌ر په‌كه‌كه كه رێككه‌وتنه‌كه قه‌بووڵ نه‌كات و هانی په‌كه‌كه‌یاندا كه له دژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بكات. ئێران و توركیا به به پێشخستنی ئه‌وه‌ی كه گوایا حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا رێزیان له ئیراده‌ی شنگال نه‌گرتووه و گرنگی به مافی ئیزدییه‌كان ناده‌ن، ویستیان ئاژاوه‌یه‌كی دیكه له ناوچه‌كه‌دا بنێنه‌وه. به‌ڵام هه‌ولێر و به‌غدا كه ئاگایان له‌م پیلانانه هه‌بوو زۆر عاقڵانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه كرد و نه‌ته‌نیا هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌یان ده‌ر نه‌كرد به‌ڵكو ئه‌و هێزه‌یان له چوارچێوه‌ی سوپای عێراقدا كرده هێزێكی فه‌رمی به ناوی حه‌شدی عه‌شایری. زیاتر له‌مه‌یش، هیچ پاساوێكیان بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه باسیان له رێز نه‌گرتن له ئیراده‌ی خه‌ڵكی شنگال ده‌كرد نه‌هێشته‌وه، چونكه له سه‌نته‌ری شار و قه‌زاكانی دیكه‌ی شنگال، له پاڵ هه‌بوونی هێزی فه‌رمی و ده‌ستووری عێراقدا، هێزی لۆكاڵیش كه پێكهاتووه له ئیزدییه‌كانی ناوچه‌كه بوونی ده‌بێت بۆ پاراستنی ئاسایش و ئه‌منی شار وسه‌لامه‌تی دانیشتوانی ناوچه‌كه.
به كۆرتی ئێران و توركیا كه چه‌ندین حه‌ساب و پیلانیان له‌سه‌ر شنگال هه‌بوو، له رێككه‌وتنه‌كه‌ی شنگال و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه نیگه‌ران و تووڕه بوون، ویستیان به هه‌وڵدانی چه‌ند لایه‌نێك كێشه‌یه‌ك له‌وێ دروست بكه‌ن و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تووشی كێشه و گرفتێكی دیكه بكه‌ن، به‌ڵام هه‌نگاوه عاقڵانه‌كه‌ی هه‌ولێر بۆ گوشار خستنه سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌به‌شه وه‌كو هێزی فه‌رمی له چوارچێوه‌ی سوپای عێراقدا قه‌بووڵ بكات، بوو هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م پیلانه‌ی دژی هه‌رێمی كوردستان پووچه‌ڵ بكرێته‌وه، له سایه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا یه‌به‌شه‌یش كه تا دوینێ دوژمنایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی هه‌رێمی ده‌ركرد، پێگه‌كه‌ی له هێزێكی ناده‌ستووری و ناشه‌رعییه‌وه گۆڕا و بوو به پێگه‌یه‌كی شه‌رعی و ده‌ستووری. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم دووباره ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه كێ زیاتر خزمه‌تی ئیزدییه‌كان ده‌كات و كێ زیاتر خه‌مخۆری ئیزدییه‌كانه؟
ئه‌و پڕۆپاگه‌نده زۆرانه‌ی كه په‌كه‌كه و میدیای په‌كه‌كه له دژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی شنگاله‌وه ده‌یانكرد، دووباره رووی راسته‌قینی په‌كه‌كه و حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ كوردستانیان و ئیزدییه‌كان ئاشكرا كرد و په‌كه‌كه كه ده‌یه‌ویست وه‌كو ئامرازێك ئیزدییه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی وڵاتانی هه‌رێمی به‌كار بهێنێت، له به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بێده‌نگ بوو. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی په‌كه‌كه خه‌مخۆری ئیزدییه‌كان بوو، ئه‌وا پێویسته به‌په‌له و به ئاشكرا له به‌رچاوی رای گشتی داوای لێبووردن له حكوومه‌تی هه‌رێم بكات، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌ته‌نیا به رێككه‌وتنه‌كه توانی باری شنگال ئاسایی بكاته‌وه به‌ڵكو هه‌بوونی هێزێكی ئیزدی بۆ پاراستنی ئیزدییه‌كانیشی كرده هێزێكی ده‌ستووری و فه‌رمی.