Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 15:40

هەمیشە باجی کوردبوون وکوردایەتیمان داوەتەوە ..

ئێمە كۆمەڵكوژ و جینۆساید و كیمیاباران و هەوڵی سرٍینەوەی مۆرٍكی نەتەوایەتیمان درا
100%

دوژمنان وداگیركەرانی كوردستان ، بەدرێژایی  بە هۆی  داكۆكیی كردن لە شوناس و نیشتیمانمان ، بەردەوام باجی گەورەمان داوەتەوە و قوربانی زۆرمان بەخشیووە و دەبەخشین . چونكە مرۆڤی بە بێ‌ وڵات و ناسنامە هیچ بایەخ و گرنگییەكی نەبووە و نابێت .
بۆیە، ئێمەی كوردیش كە لەناوچەیەكی پر كێشە وئاڵۆزی وەك رۆژهەڵاتی ناوەرٍاست دەژین و كەوتووینەتەدا ناوچەقی مڵمڵانێی و تموحی زڵهێزان و وڵاتانی دەوروبەرمان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە دوور لەویستی گەلی كورد و بە بریارنامە و پەیماننامەی بێ‌ بنەمای زڵهێزان لەت لەت و دابەشكراوین .
هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵی لە كوردبوون و خاكی كوردستان بكات ، چونكە ئێمە خاوەن رۆحێكی كوردانە، خوێن ، زمان و خاك و ئایینین ، ئەوەش بەشێكی گرنگ و سەرٍەكی باوەربوونمانە بە بنەماكانی كوردستانیبوونمان . ئێمە خاوەن كەلەپوورێكی دەوڵەمەند و ئاڵا و شارستانییەكی دێرینین ، خاوەن چەندین شۆرٍش و راپەرٍینی و شانازی گەورەین ، خاوەن چەندین سەركردەی شۆرٍشگێر و تێكۆشەرین كە بەدرێژایی زیاتر لە سەدەیەك هەمووان بۆ یەك ئامانج خەبات و قوربانیان بەخشیووە ،ئەویش رزگار خاك و بەدەسهێنانی سەربەخۆیی كوردستانە .
ئێمە نەتەوەیەكی 50 ملیۆنین ، ئامانج و ستراتیژی سەرٍەكیمان پاراستنی سەروەری و خەباتە بۆ سەربەخۆیی لە پێناو پاراستنی شوناس و ئازادی و  هەر ئەوەشە وادەكات كە  هەرٍەشە و مەترسیی و پیلانگێری داگیركەران و نەیارانی ئەم گەلە ستەمڵێكراوە ، لە سەرمان نەمێنێت .
مێژوو گەواهیدەری ئەو رٍاستییەیە ، كە ئێمە كۆمەڵكوژ و جینۆساید و كیمیاباران و هەوڵی سرٍینەوەی مۆرٍكی نەتەوایەتیمان دراو  و زۆر بێ‌ بەزیانە ویستیان لەناومان ببەن ، نەتەوەكەمان كە لە دەیان هۆز و ئێل و خێڵ پێكهاتووە ، تێكەڵی نەتەوەكانی تری وەك تورك و فارس و عەرەب بكەن ، جوگرافیا و نیشتیمانی كوردان بشێوێنن و بەناوی داگیركەرانی كوردستانی بكەن ، بەڵام خۆراگری و قوربانیدانی گەلی كورد تا بە ئێستا هەموو ئەو نەخشە شوومانەی تێكشكاند .
ئەوەی ئەمرۆ كوردپەوەری و نیشتیمانپەوەری پێش هەموو بەرژوەندییەكانی تر و حیزبی بكات ، ئەركی گەورە بخاتە ئەستۆی خۆی ، ئەوەی نەكەوێتە ژێر كاریگەری و بەڵێنی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان و ئەوەی لە پێناو مافەرەواكانی گەل  ونیشتیمانەكەی تێبكۆشێت ، قوربانی و باجی گەورەی بەخشیبێت ، ئەوا بەردەوام لە ژێر هەرٍەشە و پیلانگێری  نەیارانی كوردستانە ، پارتی  و بارزانیش بە درێژایی سەدەی رابردوو، لە پێناو داكۆكییكردن لە مافەرەواكانی كورد و كوردستان خەباتێكی بێ‌ وچان و قوربانی و بەرپرسیاریەتی گرانیان هەڵگرتووە ، بەڵام هیچ كات سازشیان لە سەر مافەرەواكانی كورد وكوردستان نەكردووە .
بۆیە، قۆناغی ئێستای باشووری كوردستان كە ماوەی سێ‌ دەیەیە، خاوەن قەوارەیەكی سیاسی و دەستووری و فیدراڵییە ، بەر ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی و خوێن هەزاران رۆڵەی ئەو نیشتیمانەیە، هەر دەم  هیوا و ئومێدە بۆ هەموو كورد  و هەوێنە بۆ  كوردستانی گەورە ، موڵكی هەمووانە ، پێوستە  هەموو هێزولایەنەكان بە رۆحییەتی كوردانە ، مامەڵە بكەن لە پێناو بەرژوەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان ،چونكە تا شوناس و خاكمان ئازاد نەبێ‌ بوونی سەروەری مەحاڵە ،  با كوردایەتیی ئامانجی رٍاستەقینەی خەباتمان بێ‌ با پاراستنی شوناس و خاك ئەوڵەتییەت بێ‌..

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.