لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی و دوای نەمانی ڕژێمی پێشوو، سوننەكان بە ھەموو توانایانەوە بەرەنگاری بەفیدراڵیكردنی عێراق و ئەم واقیعە نوێیە بوونەوە و جەنگێكی درێژخایەنیان لەگەڵ ھێزە ئەمەریكییەكان بەرپا كرد، ئەنجامەكەشی پەراوێزخستن و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ ناوچە سوننەنشینەكان ھێنا، بەڵام بەپێچەوانەوە لە ئێستادا ھەنگاوەكانیان چڕكردووەتەوە بە ئاراستەی ڕاگەیاندنی ھەرێمی سوننە، شیعەكانیش خەریكە ھەمان ھەڵەی ئەوان دووبارە دەكەنەوە، گەڕانەوە بۆ مەركەزیەت و ڕاگەیاندنی جەنگ دژی ئەمەریكییەكان و گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەتی مەزھەبی.
بۆ دژایەتیی واقیعە نوێیەكە، سەرەتا سوننەكان بە پاڵپشتیی پاشماوەكانی بەعس، دواتر كۆمەلێك گرووپی توندڕۆی ئیسلامی، كۆنترۆڵی ناوچە سونییەكانیان كرد، بە تایبەتی (ئەلقاعدە)، ئەمە سەرباری ئەوەی سوننە لەگەڵ شیعە لەلایەك و ئەمەریكییەكان لە یەك كاتدا لە شەڕدا بوو، دواھەمینیان پێشوازیكردن بوو لە داعش، ئیدی لە كۆتاییدا سوننەكان بە زیانێكی زۆرەوە لەم واقیعە دەرچوون، شیعەكانیش بۆ سەپاندنی ھەژموونی مەزھەبیان، سەرەتا گرووپی مەھدی و بەدر، دواتر حەشدی شەعبی و (حیزبوڵڵا)ی لوبنانی، ئێستاش دەیان گرووپی چەكداریی جۆراوجۆر، كە مەبەستیان تەنھا و تەنھا گەیشتنە بە ئامانجە مەزھەبییەكان.
گەندەڵی و قۆرخكاریی دەسەڵات و تائیفیەت، سێ بنەمای دیاری حكومڕانیی سوننەكان بوون، دەرەنجامەكەی ئیفلیجبوونی دەزگا حكومییەكان و فراوانبوونی دژبەرانی و قوڵبوونەووی ھەستی مەزھەبی كە لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ و دواتر لە پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق، زۆر بە ڕوونی رەنگی دایەوە، حكومڕانیی شیعەكانیش بە ھەمان ڕێچكە بەردەوامە، ئەوەتا خۆپیشاندانەكان بەردەوامە بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و ھەموو جومگەكانی دەسەڵات لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزە سیاسییە شیعەكاندایە، ھاوكات دروشمە نەتەوەیی و مەزھەبییەكان، ئامانجی سەرەكیی حكومڕانە شیعەكانن.
ھۆكاری سەرەكی لە شكستھێنانی دەسەڵاتی ھەشتا ساڵەی سوننە، پەڕاوێزخستنی پێكھاتە سەرەكییەكانی عێراق بوو، بە تایبەتی كورد و شیعە، لە ئێستاشدا ھێزە سیاسییە شیعە كاریگەرەكان ھەمان ھەنگاوی سوننەكان دووبارە دەكەنەوە، ئەوەتا پشكی ھەرێمیان لە بودجە بری و ناوچە سوننەكانیش پەراوێز خراون لە ھەموو ڕوویەكەوە، سەرباری بەسەربازیكردنی پارێزگا سوننەكان، ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و بە تۆمەتی داعشبوون ھەزارانیان لە بەندیخانەكانن و ھاوكات دوای ھاتنی داعش ناوچەكانیان تەواو وێران بووە، لە ھەمان كاتدا حكومەتی ناوەندی ھیچ گرینگییەك بە ئاوادانكردنەوەیان نادات، ئەمەش ھەمان ئەو ھەڵانە بوون كە سوننەكانی گەیاندە ئەوەی ئێستا كەمینەیەكی فەرامۆشكراون.
دەرچوونی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەم شێوازە، كاردانەوەی شیعەكانە بەرامبەر ئەو پێشھاتە نوێیانەی كە مەترسیی جیدیی دروست كردووە لەسەر حكومڕانییەكەیان، سەرەتا بە سەرنجدان بۆ ھەڵمەتەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، كە عێراق ھیچ جۆرە گرینگییەكی نەبوو، ھاوكات سەركەوتنی (جۆو بایدن)ی خاوەنی پڕۆژەی دابەشكردنی عێراق بۆ سێ ھەرێم و، بوونی سەرۆكوەزیر (مستەفا كازمی) كە ھەنگاوەكانی چڕبوونەتەوە بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان لەگەڵ ھەرێم و لە ئاستی ھەرێمیش بەرەو وڵاتە عەرەبییەكانە، بۆیە دەكرێ ھەموو ئەمانە سەرەتایەك بن بۆ بێھێزكردن و كۆتاییھێنان بێت بەم ئەزموونەی باڵادەستیی ھێزە ئیسلامییە شیعەكان.