بە درێژایی سەد ساڵی حكومرٍانە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە هەموو جۆرە ئایدۆلۆژی و مەزهەب وتایفی و پاشایەتی و هتد ..، هەمیشە بە چاویی هاوڵاتی پلە دوو وەك هاوبەشی سەرەكی و دووەم گەورەترین نەتەوە لە عێراقدا، مامەڵەیان لەگەڵ گەلی كورد نەكردووە و هەمیشە وەك ژێردەستە ، لە كوردستانیانیان ڕوانیوە.
دەسەڵاتدارانی عێراق، بەوەندەشەوە نەوەستاون، كۆمەڵكوژ و كیمیاباران، ئەنفال و زیندەبەچاڵیان كردووین و بە رۆژی رووناك و بە بەرچاوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە، ستەمی زۆر گەورە و نامرۆڤانەیان دەرهەق بە گەلی كورد كردووە و بوونەتە مۆتەكە و بەربەستی سەرەكی لە بەردەم پێشكەوتنی نەتەوەیەكی زوڵملێكراوی بە ناحەق چەوسێندراوەدا، كە تەنانەت لەبەر كوردبوونمان، ژیانیشیان پێ رەوا نەبینیووین و كەوتوونەتە گیانی گەلی كورد و ئەگەر پێیان نەكرابێت بماسڕنەوە قڕمان بكەن ، راستەوخۆ وئەوا ناڕاستەوخۆ، شەڕی دەروونی و گەمارۆدان لە بەرامبەرماندا ئەنجامداوە وبەردەوامن
دەسەڵاتدارانی عێراق بە درێژایی ئەو مێژووە، وەك هەمیشە چێژ و خۆشییان لە رووخان و خنكاندن و شوێن بزركردن و ئازاردانی كورد وەرگرتووە و شۆڤێنیانە، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داوا و خواست و ویستە رەواكانی گەلی كوردیان داوەتەوە و قەت رۆژێك لە رۆژانیش دانیان بە كۆی ئەو تاوانە گەورە و نامرۆڤەیەتیەدا نەناوە، كە بەرامبەر گەلێكی زیندووی خاوەن زمان و كلتوور و شوناس و مێژووی جودا، ئەنجامیان داوە. لەوەش زیاتر، لە هەموو بارودۆخێكدا، بە جیاوازیی ئایین و ئایینزا و ئایدۆلۆژیاشەوە، یەكیان گرتووە و خەونی نەزۆكیان بە كپكردنی دەنگ و رەنگی كوردەوە بینیوە و بە بچووكترین شكستی كورد، شاگەشكە بوون.
لە عێراقی شۆڤێیی ، مەزهەبی ، تایفی و عروبەدا، هەموویان كۆك و ناتەبان لەسەر داواكردنی مافە سەرەتاییەكانی نەتەوەیەك، بەتایبەت لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003وە ڕەنگی دایەوە، حوكمڕانییەكی ناهاوبەشی لێ كەوتەوە، كە بە هۆی بێباكی و خۆپەرستی و داردەستیی سەركردە سیاسییەكانی عێراقەوە، گەلی كورد وەك دووەم نەتەوەیی گەورە كە بەشداری لە بونیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور لە ساڵی 2005 كرد ،لە كۆی كایە جیاوازەكاندا پەراوێز خرا و كرایە قوربانیی دروشمی بەكردار ی فیدڕاڵی و دیموكراسی و ئازادی و فرەیی.
ئەو رووداو و پێشهاتەی كە رۆژی 12/11/2020 لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پشتگوێخستنی گەلی كورد و تێپەڕاندنی یاسای كورتهێنانی دارایی بێ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان روودەدات، شتێكی نوێ و نامۆ نییە و درێژكراوەی ئەو بیركردنەوە شۆڤێنییەیە، كە دەسەڵاتدارانی بەغدا خوییان پێوەگرتووە و دووبارەكردنەوە و سەپاندنی ئەو سیاسەتی خۆسەپێنەر و دیكتاتۆرییەتەیە، كە لە نێو مێشكی ووشك و نەگۆرٍیی سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا جێگیر و نەگۆڕە، بەو واتایەی، دەسەڵاتدارانی بەغدا، هەمان نەهج و پیلانی رژێمە سەركوتكەرە داپڵۆسێنەر و ستەمكارەكانی پێش خۆیان پەیڕەو دەكەن.
ئەو عێراقە نوێیەكەی ، كە گەلی كورد ئومێدی لەسەر هەڵچنیبوو تا لە سایەی دەستوور و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان بنیات بنرێت و دەبوو هاوبەشی راستەقینە و سەرەكی و خاوەن بڕیاریش بێت، كەچی مووچەی هاونیشتمانیان بڕدرا، هێرشی سەربازی كرایە سەر هەرێمی كوردستان، هەوڵی لەباربردنی كیانە دانپێدانراوە دەستوورییەكەی درا و گەمارۆدا .
بۆیە، ئیتر روون بۆوە ، كە ئیتر نە سوننە ونەشیعە عەرەبیش ، هەموویان كۆكن لە سەر لە باربردنی هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كورد و ئەو كیانە دەستووری و یاساییەش كە بەرهەمی خەبات و خوێن بەخشینی سەدان ساڵەیە لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا بەخشیووێتی و كەس خێری پێمان نەكردووە .بۆیە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ، گەلی كورد لە رێگەی یەكدەنگیی بەرانبەر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەروەها چارەسەركردنی پرۆسەی ئابووری، چاكسازی و داراییەكان ، چیتر چاومان لە عێراقێكی شكستخواردوو وشڵەژاو نەبێت ، كە هەمیشە مایەی نەهامەتی و بەدبەختی و دەردەسەرییە بۆ كوردو كوردستان