Erbil 22°C شەممە 23 تشرینی دووەم 14:29

پاراستنى باشوورى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى هەموو لایەکمانە

 پێویستە PKK رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکات و رێز لە یاسا و رێساکانى بگرێت
100%

نووسینى : غەفوور مەخموورى*

   دەروازە

 کوردستان و ناوچەکە لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردان و، گەلى کوردستان بە قۆناخێکى زۆر چارەنووسسازدا دەرباز دەبێت، ئەم قۆناخە چارەنووسسازە پێویستى بە یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى هەیە، بەداخەوە ماوەیەکە بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییە و پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان و حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە، لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لە دەسەڵاتى باشوورى کوردستان ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن، لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان کێشەیان هەیە و رێکناکەون، لە باکوورى کوردستان لە لایەک رژێمى تورکیا پرۆسەى ئاشتى بە بنبەست گەیاندووە و لەیەکى دیکەوە لایەنە سیاسییەکانى باکوور ناکۆکن، هەماهەنگى نەتەوەیى بۆ پشتیوانى و هاوکارى یەکدى وەکو پێویست نابینرێت، لە رۆژهەڵاتى کوردستانیش سەرەڕاى هەوڵەکان بۆ یەکگرتن و یەکدەنگى، یەکڕیزى و هەماهەنگى و کارنامەیەکى هاوبەش نییە، بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارە پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، بێگومان ئەم بارودۆخەى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا نزیکى یەکدى بین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى فراوان بۆ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکان و بۆئەوەى لە کۆبوونەوەکەدا نەخشە رێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین.

 

  پاراستنى باشوورى کوردستان ئەڕکى نەتەوەیى ونیشتمانى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە

 باشوورى کوردستان کە جێى ئومێدى هەموو کوردستانییانە، لەدواى راپەڕینى بەهارى ١٩٩١ بە کۆمەڵێ هەورازو نشێودا تێپەڕیوە، وەکو ئەزموونى حوکمدارى گەلى کوردستان بێ کێشەو بێ گرفت نەبووە، بەڵام سەرەڕاى ئاستەنگەکان توانیویەتى لەسەر پێى خۆى بوەستێ، بێگومان لە تەواوى جیهاندا حکومەت نیە بێ گرفت و بێ کێشە بێت، بەڵام کێشەو گرفتەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە جیان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى تێگەشتن لە سیستەمى حوکمدارى لە هەر کۆمەڵگایەکدا.

 سەرەڕاى هەموو کیشە و گرفتەکان پێشڤەچوونەکانى باشوور بەردەوامن،  لە زۆر لاوە هەوڵدەدرێت گرفت و کێشەى زیاتر بۆ باشوور دروستبکرێت، لەلایەک هەڕەشەو هەڵوێستەکانى حکومەتى عێراق کەوا رۆژانە هەوڵدەدات خواستى خۆى بسەپێنێتە سەر حکومەتى کوردستان، دوا دژایەتى عێراقییەکان بە (سوننە و شیعەوە) بۆ گەلى کوردستان سیناریۆ و شانۆگەرییەکەى پەرلەمانى عێراق بوو لە بەرەبەیانى ١٢ - ١١ - ٢٠٢٠ کە دەنگیاندا بۆ تێپەڕاندنى یاساى وەرگرتنى قەرزو کورتهێنانى بوودجە، لەلایەکى دیکەوە هەرەشەو پاڵەپەستۆى وڵاتانى ناوچەکە و ناکۆکى ناوخۆیى نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەمانە هەموو وایانکردووە کە باشوورى کوردستان رووبەڕووى کۆمەڵێ قەیران ببێتەوە، بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشەى باشوور پێویستە هەموو هێزو لایەنەکان هاوکاربن و بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى رەچاوبکەن و لەڕێى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتنەوە چارەسەرى ئەو گرفتانە بکەن کە دێنە پێشەوە، بێگومان بۆئەمەش راوێژێکى نەتەوەیى و نیشتمانى راشکاوانە پێویستە.

 باشوورى کوردستان ؛ سەرەڕاى قەیران و گرفتەکان بۆتە ماڵێک بۆ کوردستانییان و، لەهەمان کاتدا بۆتە پەناگەیەکى ئارام بۆ تەواوى تێکۆشەران و ئازادیخوازان و لایەنە سیاسییەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان، ئەمەش وادەکات کە بەرەڤانیکردن و پاراستنى باشوورى کوردستان ببێتە ئەرکێکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى هەر چوار پارچەى کوردستان و تەواوى کوردستانییان، لەسەر هەموو لایەکمانە لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن هەوڵبدەین پارێزگارى لەو بەشە ئازادکراوەى کوردستان بکەین و هاوکارو پشتیوانى بین.

 لە باشووری وڵاتدا دەسەڵاتێكی كوردستانی هەیە و هەموو كورد بەچاوی ئومێدەوە لێیدەڕوانن، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو لایەک هاوکار و پشتیوان بین و خەبات بكەین بۆ پاراستن و چەسپاندن و پێشڤەبردن و سیستماتیككردنی دەزگاو دامەزراوەكانی باشووری كوردستان، لێرەوە بانگ لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکەین، کەوا هاوکاربن و رەچاوى هەستیارى بارودۆخى کوردستان بکەن و، وەکو ریزگرتن لە خوێنى پاکى شەهیدان و قارەمانێتى پێشمەرگە و خۆڕاگرى گەلى کوردستان؛ لە هاتنە پێشى هەر ناکۆکییەکدا ؛ ناکۆکییەکانیان لەسەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەر بکەن، لەبەرئەوەى سەردەم سەردەمى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن و لەهەڤهاتنە، نەک سەردەمى پەنابردنە بەر هەڕەشەو توندو تیژى.

 هەموو لایەک ئەوە دەزانین کەوا هیچ کۆمەڵگایەک بێ کێشەو گرفت نیە، کوردستانیش وەک هەر کۆمەڵگایەکى زیندوو کۆمەڵێ کێشەو گرفتى هەن، کێشەو گرفتەکانى کوردستان باکگراوندێکى سیاسى و مێژووییان هەیە، رەنگدانەوەى واقیعى دووبەرەکى وناکۆکى سیاسى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستانن، بۆیە چارەسەرى ئەم پرسە پەیوەستە بە چارەسەرى گرفت و ناکۆکى مێژوویى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، بۆئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان هەوڵى جددى بدەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان لەسەر بنەماى لەیەکترگەیشتن و، بە دیدگایەکى سەردەمییانە سیاسەتى نوێى جیهان بخوێننەوە و لەجیاتى بەرژەوەندى تەسکى حیزبى رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن.

 

   پێویستە PKK رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکات و رێز لە یاسا و رێساکانى بگرێت

 مایەى نیگەرانى هەموو لایەکمانە کەوا ماوەیەکە گرژى کەوتۆتە نێوان دوو هێزى سەرەکى باشوورو باکوورى کوردستان (پارتى دیموکراتى کوردستان و پارتى کرێکارانى کوردستان PKK )، ئەمەش وایکردووە شەقامى کوردستانى نیگەران کردووە، PKK کەوا بانگەشەى پێكەوەژیان ‌و ئاشتی و تەبایی و دیموكراتی و پاراستنی یەكڕیزی گەل و سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستان پێویستە ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر  لەپێناو یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تێبكۆشێت و رەچاوى رەوشى باشوورى کوردستان بکات، بەتایبەت لەم رەوشە هەستیارەی ئەمڕۆ كە كوردستان و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبن, پێویستە هەموومان بە گیانی برایەتی و تەبایی و بەیەك گوتاری سیاسی یەكگرتوو لەسۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە بەرەنگاری هەرەشەو مەترسییەکان و هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پێشکەوتنى حکومەت و پەرلەمانى کوردستان ببینەوەو هەنگاوبنێین بەرەو یەکڕیزى و کارى کوردانە، بۆ ئەمەش پێویستە PKK رێز لە یاساو رێساو بڕیارەکانى حکومەتى کوردستان بگرێت و، خۆى بەدوور بگرێت لە هەر کارێک کە کیشە بۆ باشوورى کوردستان دروست بکات، پێویستە PKK رەچاوى تایبەتمەندى باشوورى کوردستان بکات و ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت کە حکومەت و پەرلەمانى کوردستان بەرپرسیارێتى خەڵکى کوردستانیان لەسەر شانە و، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێ ئیلتیزاماتى ناوچەیى و نێوەدەوڵەتییان هەیە و لەپێناو پاراستن و زامنکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان ناکرێ دەستبەرداریان بن، دەکرێت هەموو ئەو گرژى و گرفتانەى کە هەن، بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن؛ بەبێ پەنابردنە بەر هێرشکردن بۆ سەر یەکدى چارەسەر بکرێن، وەک ئاماژەمان پێدا سەردەم سەردەمى دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، بارودۆخى کوردستانیش بارودۆخێکى زۆر هەستیار و ناسکە، لە لایەک  هەرەشەى وڵاتانى دەوروبەرمان لەسەرە، لە لایەکى دیکەوە قەیرانى ئابوورى و ناعەدالەتى و کۆمەڵێ قەیرانى دیکەى ناوخۆییمان وایکردووە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان ئاڵۆز و زەحمەت بێت، لەهەمان کاتدا تیرۆریستانى داعش خۆیان رێکخستۆتەوەو رۆژانە هەڕەشە لە ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان دەکەن و فرسەت دێنن و هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە، هەروەها بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا وەک کارەساتێکى مرۆیى رووبەڕووى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیى بۆتەوە، سەرەڕاى ئەمانە وەک بۆ هەموو لایەکمان روونە تا ئێستاش کێشەکانى نێوان کوردستان و عێراق چارەسەرنەکراون، بۆیە ناکرێت لە رەوشێکى وادا کێشە و قەیرانى دیکە بۆ باشوورى کوردستان دروستبکرێت، پێویستە سەرکردایەتى PKK بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتى نەتەوەیى و نیشتمانى مامەڵە لەگەڵ رەوشى باشوورى بکەن و لە پەیامەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بگەن، کەوا بەردەوام جەختدەکاتەوە سەر ئەوەى کەوا هەموو لایەک پارێزگارى لە رەوشى باشوورى کوردستان بکەن و، رەچاوى تایبەتمەندى پارچەکانى کوردستان بکرێت و، بۆ کارى نەتەوەیى هاوکارو پشتیوانى یەکدى بن.

 

   پەیمانێکى نەتەوەیى بۆ تەحریم و تەجریمکردنى شەڕى کورد و کورد

  لە رەوشێکى وادا و بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکان و رێگرتن لە توندو تیژى و شەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکان داڕشتنی پەیمانێکى نەتەوەیی زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی تا ئێستا نەخۆشی گەورەی كوردان یەكدی قبوڵنەكردنە، بۆیە پێویستە پەیمانێكی نەتەوەیی دابڕێژرێت و لەو پەیمانەدا پرەنسیپە نەتەوەییە سەرەكییەكان دیاربكرێن و هەموو لایەكیش پەیمانبدەن كە پێیەوە پابەندبن و، رەچاوى تایبەتمەندى هەر بەشێکى کوردستان بکەن و لایەنە سیاسییەکان دەست نەخەنە کاروبارى بەشەکانى کوردستان و هەر لایەنەو گۆڕەپانى خەباتى خۆى بناسێت و، لە کارى نەتەوەییدا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بن، هەروەها خاڵی سەرەكیش لەو پەیماننامەیەدا پێویستە تەحریم و تەجریمكردنی شەڕی كوردو كورد واتە (كورد كوشتن) بێت و، پێویستە شەڕی كوردو كورد وەكو خیانەتی نەتەوەیی سەیر بكرێت، هەروەها لە پەیمانی نەتەوەییدا پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پەیمان بە كورد بدەن كەوا لە كاتی كێشە و ململانێی حزبی پەنا بۆ چەك نەبەن و لەڕێی دیالۆگ كێشەكانیان یەكلایی بكەنەوە، بێگومان بوونى پەیمانێکى نەتەوەیی لەم شێوەیە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەرەتایەك دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشی یەكدی قبوڵنەكردنە و زۆر نەخۆشی دیكەش، لەبەرئەوەی زۆر جار كە مرۆڤ لەیەكدی دوور دەبێت و لەڕێی كەسی سێیەمەوە شتی پێدەگات، شتەکان وەک خۆیان بە دروستی ناگەن، زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش وان، بەڵام ئەگەر پەیمانێکى نەتەوەیى هەبوو هەموو لایەنەكان پێیەوە پابەند بوون متمانەش دەگەڕێتەوە نێوان لایەنەکان و وردە وردە تەمی گومانەكانیش دەڕەونەوەو خەمی نەتەوەیی و كاری نەتەوەییش وادەكات لە یەكدی نزیكببینەوەو گیانی یەكدی قبوڵكردنیشمان زیاتر بێت.

 

  پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان)

  پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەخۆماندابچینەوەو سوود لە هەڵەکانى رابردوومان وەربگرین و کاربکەین بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان و یەکخستنى بڕیارى سیاسیمان لەم پێناوەشدا پێویستە (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى کوردستان) پێکبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لە چوارچێوەى ئەو ئەنجوومەنەدا کۆببینەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە هەموو لایەک کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین و بەیەکگرتوویى بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بدەین،  لەبەرئەوەى هێزى ئێمە لە یەکڕیزى و یەکدەنگیماندایە، هەر کاتێ یەکڕیزو یەکدەنگ بووبین بەهێزبووین ؛ هەر کاتێکیش پەرش و بڵاوبووبین بێهێز بووین وەک ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و لەپێناو گەلى کوردستان جلى تەنگى حزبایەتى باڤێژین جلى کوردایەتى لەخۆ کەین، شانۆگەرییەکى رۆژى ١٢ - ١١ - ٢٠٢٠ ى پەرلەمانى عێراق ئەوەى بەدەرخست کە عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە وەک هەمیشە هەموو لە دژى کورد یەکدەگرن و یەکدەنگن، ئەى باشە ئێمەى کورد بۆ یەکنەگرین بۆ بەگژداچوونەوەى ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەى عەرەبى عێراق ؟ هەموو لایەکمان بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى کاربکەین، ئەگەر ئەوەمان نەکرد خۆمان زیانمەند دەبین، بۆیە بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە ئەمڕۆ گرنگە و سبەى درەنگە.

 

   دەزگاکانى راگەیاندن پێویستە لە خزمەتى خەڵکى کوردستاندا بن نەک کارکردن بۆ بێڕێزیکردن و ناوزڕاندنى یەکدى

  گەلى کوردستان لە ماوەى رابردوودا و تا ئێستاش زەحمەتییەکى زۆرى کێشاوە و قوربانییەکى زۆرى داوە، بە هەزاران لە رۆڵەکانى گەلى کوردستان لەپێناو خاک و خەڵکى کوردستان گیانى خۆیان بەخشیوە، ئەو زەحمەتى و قوربانییانە بۆ ئەوە نەبووە، لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندى خۆیان پشت لەو گەلە وڵاتپارێزە بکەن و رووبەڕووى ئەو هەموو قەیران و زەحمەتییانەى بکەنەوە، گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانەوە شایانى رێزگرتن و خزمەتکردنى زیاترە، لەسەر هەموو لایەکمانە بەو ئاراستەیە کاربکەین و خزمەتى زیاترى گەلەکەمان بکەین، بۆ ئەوەى گیانى شەهیدان و ویژدانى خۆمان ئاسوودە بکەین.

 ئەم رەوشەى ئێستاى کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزى و یەکدەنگى و بەیەکەوە کارکردنمان لێدەخوازێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەوێوە چارەسەرى کێشەکانیان بکەن، و ناوەندى سیاسیى کوردستان رێک و یەکبخەنەوە، نەک لە راگەیاندنەوە پەنا بۆ بێڕێزیکردن بە یەکدى ببەن، هەڵمەتى راگەیاندن پێویستە لە خزمەتى بارودۆخى ئێستاى کوردستاندا بێت، نەک بۆ بێڕێزیکردن و ناوزڕاندنى یەکدى، پێویستە هەرچى زووە ئەو هەڵمەتى راگەیاندنەى کە هەیە رابگیرێت و بخرێتە خزمەت چۆنییەتى قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و بەیەکەوە کارکردن.

 پێویستە هەموو لایەکمان خەمێکى جدى لە ژیان و گوزەرانى خەڵکى کوردستان بخۆین و نەخشە رێگایەکى کوردستانییانە بۆ چۆنییەتى دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین و کارى لەسەر بکەین، با خەمى هەموو لایەکمان خەمى خاک و خەڵک بێت نەک خەمى دەسەڵات و گیرفان.

 

*سکرتیرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.