بەقەد ئەو ژانەی کە سووتانی ئاڵاکەمان دروستی کرد ، یەکھەڵوێستییەکەی کوردستان دڵخۆشی کردین ، بەشبەحاڵی خۆم دڵیشی پڕکردم !
ئەوانەی بۆ ئێمە لە بۆسەدان ، لە دەرگای ناکۆکییمانەوە دێنەژوورێ و ئەوەی ئەیانەوێ بیکەن ئەیکەن !
بەڵام کە یەکدەنگیی و یەکھەڵوێستیمان لێ ئەببینن ( وەک دوێنێ ) ، ئیتر ھەڵوێستیان لە بێ منەتییەوە بۆ منەتباریی و لە لوتبەرزییەوە بۆ مللاری و ھەیانە بۆ سەرشۆڕییش ئەگۆڕێ ، لاشتان سەیر نەبێ ھەرچییەکی بەسەرماندا ھاتووە ، ھەر ئاوھا بووە !
ساڵیادی شانزەی ئۆکتۆبەر ، پارتی و یەکێتی لەدوو سەنگەری میدیایی دژبەیەکدا ڕووبەڕووکردەوە و لە چەند سەعاتێکی کەمدا ، زۆرترین قسە بەنێوانیاندا ھات ،، پەیامەکان توند و ناوەڕۆکەکانیان زبر و دەربڕینەکانیش تیژ و ڕەق بوون ! بەڵام لە ھێکڕا تۆپخانەکان ڕاوەستان و دەنگی ھەمووان بووە یەک و لە ھەڵوێستێکدا یەیکخران ، پشتمان بە پشتی یەکتر و و ڕوویشمان لە بەغدا ،، ئەو بەغدایەی کە ئاڵاکەی ھەمووانی تێدا ئەسووتا !
ئیتر قەدەری ئێمە وایە ، ئیلا ئەبێ شتێک لەیەکتر نزیکمان بخاتەوە و بەیەکمان بگەیەێنێ نەک خۆمان ، عادەتەن ئەو شتەیش ، یان مەرگ بووە یان مەرگەسات ، جارە جارەیش فشار ، بەڵام ئەمجارە وا ئاڵا سوتاندنیشی ھاتەسەر !
قسەیەکی نێچیرڤان بارزانی ھەیە کە چەند جارێک داوییەتی بە گوێی ھەموواندا و ئەڵێ :
ـ ئێمە بایی ئەوەندە خاڵی ھاوبەشمان ھەن کە ناکۆکییەکانمان بسڕنەوە !
کەوایە با دەستپێبکەینەوە و لەو جێیەی بچڕاوە ، گرێیدەینەوە ،،
تا درەنگتر نەبووە .