Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 12:13

ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال، ڕاستکردنەوەی ھەڵەیەکی ستراتیژی

بەغدا لە مێژووی خۆیدا بۆ یەكەم جار توانای پێدانی مووچەی نەماوە
100%

خەریكە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، راستی و دووربینیی بڕیاری سەرۆك بارزانی دەردەكەوێت، كە چەندە وردبین بووە، بە تایبەتی ئەگەر سەیری گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بكەین كە لە ئێساتادا بە كوێ گەیشتووە، بە جۆرێك عێراقی و ئەمەریكییەكان لەوە گەیشتوون، پێویستە ئەم ھەڵەیە راست بكرێتەوە.

ھەنگاوەكانی ئێستای ئەمەریكا، تەواو پاشگەزبوونەوەیە لە ھەڵوێستەكانی لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كاتێك چاوپۆشیی لە ھێرشی سەربازیی سوپای عێراق كرد بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڵام لە ئێستادا خەریكە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دادەخات و ستافی باڵیۆزخانەكەی بۆ ھەولێر دەگوازێتەوە لە ژێر ھەڕەشەی گرووپە میلیشیا چەكدارەكان، ھاوكات یارمەتیی سەربازیی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەدات بە قەبارەی چەندان ملیۆن دۆلار و ھێزە ھاوپەیمانەكانیش خۆیان سەرپەرشتیی بنیادنان و مەشقپێكردنی ھێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە دەكەن، ھاوكات دانپێدانانێكی ئاشكرای ئەمەریكایە بە نادروستیی شێوازی مامەڵەی لەگەڵ ھەرێم لە ڕابردوودا.

عێراقیش لەوە گەیشتووە، سەرباری بوونی قەیرانی ئابووری، كە لە ئێساتادا بەرۆكی گرتووە، لە ھەمان كاتدا بەغدا لە مێژووی خۆیدا بۆ یەكەم جار توانای پێدانی مووچەی نەماوە و دەبێت دووبارە قەرز بكاتەوە بۆ ئەو مەبەستە، لە ڕووی تەندروستییشەوە رەوشەكە زۆر ناھەموارە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە لایەكی ترەوە حكوومەتی عێراقی شكستی ھێناوە لە كۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی بەغدا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەوەتا ھێرشە بەردەوامەكانی داعش بۆ سەر ھێزە ئەمنییەكان و مووشەكبارانكردنی باڵیۆزخانەكان لە بەغدا، دووپاتی ئەو راستییە دەكاتەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە، پێشھاتە نوێیەكانی ناوچەكە دوای ڕێككەوتنە مێژووییەكەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل، ئەوەمان پێ دەڵێت، كە ئیدی دەبێت لە دوای ئەم ھەنگاوە ئەمەریكا بە ئاراستەی رازیكردنی سوننەكانی ناوچەكە ھەنگاو بنێ، سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی)ـیش ھەمان ویستی ھەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە بوونی دەسەڵاتی فراوانی میلیشیا شیعەكان ئەم ئامانجە نایەتە دی، بۆیە ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا فشارەكانی چڕ كردۆتەوە لەسەر بەغدا بە ئاراستەی كەمكردنەوەی ڕۆڵی میلیشیاكان و پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق، بەڵام پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە، ئایا حكوومەتی عێراقی لەم ئەركەدا سەركەوتوو دەبێت؟ ئاماژەكان پێچەوانە دەسەلمێنن.

كوردستان پاش سێ ساڵ لە رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، دووبارە پێگەی بەھێزی خۆی بەدەست ھێناوەتەوە، ھەمووان لەوە گەیشتوون بە بێ بوونی كوردستانێكی بەھێز، ھەرگیز سەقامگیری لە عێراق بەدی نایەت، بۆیە لە ئێستادا كوردستان بۆتە جێگەی بایەخی لایەنە كاریگەرەكان لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان وەزیری وزەی ئەمەریكا و سەرۆكوەزیران رێزدار (مەسروور بارزانی)ـیش بۆ ھەمان مەبەستە، ھاوكات ھەولێر سەرقاڵترین پایتەختە بۆ پێشوازیكردن لە شاندە جیاوازەكان، لەلایەكی ترەوە ھەنگاوەكانی حكوومەتی ھەرێم بە ئاراستەی ھەمەجۆركردنی داھات و پێداچوونەوە بە سێكتەرەكانی وەبەرھێنان و كەرتی نەوت و چاكسازییە لە خاڵە سنوورییەكاندا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، كە ئەمەش ئامادەسازییەكی ترە بە ئاراستەی خۆئامادەكردن بۆ گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكانی داھاتوو.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.