بێگۆمان رێككه‌وتنی به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه دوو پێناسه‌ی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكرێن، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كۆن و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ.
له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كۆندا، هه‌ر كه‌س چاوه‌ڕوانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی به وه‌كاله‌ت بوو له لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه له دژی ئیسرائیل، به‌ڵام له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه، چاوه‌ڕوانی ده‌ركه‌وتنی دوو فاكته‌ری نوێ به‌هێز ده‌كرێت كه یه‌كه‌میان ئیسرائیله و دووه‌میش جیهانی عه‌ره‌بییه.
له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كۆندا دوو ئاكتۆری ده‌ره‌كی هه‌بوون كه رێڕه‌وی هاوسه‌نگییه‌كانیان له سه‌ره‌تایه‌وه تا ئه‌مڕۆژانه ده‌ستنیشان كردووه، ئه‌م دوو ئاكتۆره‌یش فره‌نسا و بریتانیا بوون، به‌ڵام له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا ئاكتۆره‌كان گۆڕاون و له پاڵ ئه‌وه‌یدا كه هه‌ر یه‌ك له فره‌نسا و ئه‌مریكا ئاكتۆری ده‌ره‌كین، چه‌ندین ئاكتۆری هه‌رێمیش له ناوچه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه. ( ئیسرائیل، عه‌ره‌ب، كورد) ئه‌مانه ئاكتۆری یاریكه‌ر و هاوسه‌نگیكه‌رن، ( ئێران، توركیا، داعش، حه‌شدی شه‌عبی، حزبوڵلا و ...) ئاكتۆری هه‌رێمی تێكده‌رن ( ئه‌مه قسه‌ی راوێژكار‌و پسپۆڕانی ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه وه‌كو چاتهام هاوس، ناوه‌ندی ئاشتی و ژۆرسه‌لیم پۆستن).
ئه‌و ئاكتۆره هه‌رێمییانه‌ی كه له رابردوودا تایفه‌گه‌ری، ئایدئۆلۆژی و عه‌قایدی ئاینی و مه‌زهه‌بییان بۆ په‌ره پێدان و به‌خشینی مه‌شرووعییه‌ت به سه‌پاندنی هه‌ژموون و پاوانخوازی خۆیان به‌كار ده‌هێنا و ئاژاوه‌یان له ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كرد، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا یه‌ك به یه‌ك ده‌كرێنه ئامانج و یا له ناو ده‌بردرێن یا له رووی ئابوورییه‌وه هه‌ره‌سیان پێده‌هێنرێت.
له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پێش رێككه‌وتنی ئاشتی سه‌ده، كه‌س تۆخمی ئه‌وه نه‌ده‌بوو كه بۆ چی وڵاتێك وه‌كو توركیا ده‌ستوه‌ردانی له لیبیا، یه‌مه‌ن، سووریا، عێراق و وڵاتانی قه‌فقاس و باڵكان ده‌كات؟ كه‌س له به‌رامبه‌ر فینانسه كردنی حزبۆڵڵا، حوسی، حه‌شدی شه‌عبی له لایه‌ن ئێرانه‌وه نۆقه‌ی لێوه نه‌ده‌هات. چاوی هه‌ر كه‌س له به‌رامبه‌ر دڵدادان و په‌نادانی به‌رپرسان و تیرۆریستانی داعش له توركیا و هاتووچۆ كردنیان له توركیاوه، داخراوه بوو. هه‌ر كه‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه شه‌ڕێكی دیكه له نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بیدا روو بدات و له رێگه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌وه درێژه به پاوانخواز وبه‌رفراوانتر كردنی به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی خۆیان بده‌ن. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران ده‌كرا. به‌ڵام رێككه‌وتنی ئاشتی سه‌ده، نه ته‌نیا رێباز و شێوازی ئه‌و شه‌ڕه‌ی گۆڕی، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیلی كرده، ئاشتی و په‌یوه‌ندی تۆندوتۆڵی ئابووری و دیپلۆماتیكی له نێوان جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل‌دا.
فره‌نسا و ئه‌مریكا كه بۆنیادنه‌ر و نه‌خشه‌دانه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێن، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی دوستی به‌هێز، ناوچه‌ی سه‌قامگیر و وزه‌ی ئه‌رزان، ستراتیژیه‌تی درێژخایه‌نی داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان دارشتووه.
فره‌نسا له لیبیا، رۆژهه‌ڵاتی به‌حری سپی، سووریا و عێراق، قه‌فاس و باڵكاندا ده‌ستی به جووڵه‌یه‌كی گه‌وره و به‌رفراوانی دیپلۆماتیكی له دژی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی توركیا كردووه. هه‌روه‌ها فره‌نسا له به‌رامبه‌ر دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لایه‌ن ئه‌مریكاوه به سه‌ر ئێران بێده‌نگی نواندووه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه پێشتر فره‌نسا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی ده‌كرد.
ئه‌مریكایش ورده ورده پشتی له هاوپه‌یمانێكی ستراتیژیكی 50 ساڵه‌ی خۆی كه توركیایه كردووه، ئه‌وه‌تا له رۆژهه‌ڵاتی به‌حری سپی، له گه‌ڵ یوونان و باشووری قبرس له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا مانۆری سه‌ربازی هاوبه‌ش ئه‌نجام ده‌دات، له كریمیا و ئۆكراینا سیاسه‌تێكی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی توركیا په‌یڕه‌و ده‌كات، له ناكۆكییه‌كانی نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمه‌نستاندا، سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا به‌ڵام پشتیوانی له ئه‌رمه‌نستان ده‌كات. له لیبیایش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه جارجار به شێوه‌ی زاره‌كی پشتیوانی خۆی بۆ حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانی به سه‌رۆكایه‌تی فه‌یاز سیراج ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌لیفه خه‌فته‌ر كه تا چه‌ند رۆژ پێش ئێستا كه‌رتی نه‌وتی لیبیای بلۆكه كردبوو، رێككه‌وتنی كڕینی نه‌وتی ئیمزا كرد. له هه‌مووی ئه‌مانه‌یش زیاتر، پێشه‌نگی وسه‌رپه‌ره‌شتی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئاشتی و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل ده‌كات. له سووریایش دوو رۆژ پێش، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌میز جێڤری گه‌ره‌نتی به لایه‌نه كوردییه‌كان داوه كه چی دیكه توركیا ناتوانێت ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له دژی كورد ئه‌نجام بدات و ورده ورده هێزه‌كانیشی له‌و ناوچانه‌ی كه داگیری كردوونه ده‌كێشێته‌وه. فره‌نسایش به هه‌موو توانای سیاسی و دیپلۆماتیكی خۆیه‌وه شان به شانی ئه‌مریكا كار بۆ یه‌كخستنی هێز وناوماڵی كوردی له رۆژئاوا و باكووری سووریا ده‌كات.
خۆی ناكۆكی و ئاستی گرژی ناكۆكییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكایش بۆ جیهان روون و ئاشكرایه و سێ رۆژ پێش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای جه‌ختی له مه‌به‌ست و نیازی ئه‌مریكا بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری زۆر گه‌وره له ده‌سه‌ڵاتی ئێران‌دا كرده‌وه. دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانیش هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه.
حزبۆڵلا له نێو لیستی تیرۆردایه، قاعیده و داعش بۆ ئه‌مریكا و فره‌نسا و هه‌روه‌ها ئاكتۆره هه‌رێمییه یاریكه‌ره‌كان دۆژمن و مه‌ترسی هاوبه‌شن، حه‌شدی شه‌عبی عێراقیش وه‌كو سوپای ئێرانی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و له به‌رنامه‌دایه كه له ناوببرێت یا خۆ ئه‌وه‌نده لاواز بكرێت كه توانای جووڵه‌ی سه‌ربازی نه‌بێت.
چه‌ند ئامانجی زۆرگرنگی رێككه‌وتنی ئاشتی سه‌ده و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه، یه‌كه‌م ئامانج به‌رقه‌رار كردنی ئاشتییه له ناوچه‌كه‌دا چونكه ئه‌گه‌ر ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت ئه‌وا گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی وزه ئاسانتر و ئه‌رزانتر و پارێزراوتر ده‌بێت. ئامانجی دووه‌م لاواز كردن یا له ناوبردنی ئاكتۆره تێكده‌ره‌كانه. ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل، ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی زیاتر به ئاكتۆره ده‌ره‌كییه‌كان ده‌دات كه باشتر و وردتر بتوانن رووبه‌رووی ئاكتۆره تێكده‌ره‌كانی وه‌كو ئێران، توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كان ببنه‌وه.
سه‌ردانی سه‌رۆكی فره‌نسا بۆ عێراق له مانگی رابردوودا ئاماژه‌یه‌كی گرنگ و ئاشكرا بوو بۆ ئه‌و ستراتیژییه نوێیه و فره‌نسا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا وای كرد كه عێراقیش بكه‌وێته نێو به‌ره‌ی رۆژئاواییه‌وه. بۆیه ئه‌و عێراقه‌ی كه ماوه‌یه‌ك بوو به ده‌ست ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێرانه‌وه بوو نائارامترین وڵاتی جیهان، له داهاتوویه‌كی نزیكدا ره‌نگه له دوای سعوودییه، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه.
ئیمارات كه سه‌ركێشی بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرد، له داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێته خاوه‌ن رۆل و پێگه‌یه‌كی زۆرگه‌وره، چونكه هه‌ر له ئێستاوه له نێوان ئیمارات و ئه‌مریكادا گفتوگۆی چڕ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌و چه‌كه ئه‌تۆمییانه‌ی كه له بنكه‌ی سه‌ربازی ئینجیرلیك هه‌ڵگرتوونه بگوازێته‌وه ئیمارات و له ئیمارات ئینجیرلیكێكی نوێ دروست بكات.
ئیسرائیل كه به ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌بێته خاوه‌ن هه‌ژموونی سیاسی، ته‌كنۆلۆژیكی، دیپلۆماتیكی و ئابووری له ناوچه‌كه‌دا، ده‌بێته ناوه‌ندی ئارامی ترانزیتی ئه‌رزان و پارێزراوی وزه‌ی به‌شێكی زۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی.
كوردیش هه‌ر چه‌ند ناكۆكی ناوخۆیی هه‌بێت و نێو ماڵیشی تۆزێك په‌رته‌وازه بێت، به‌ڵام له سایه‌ی ستراتیژیه‌تی نوێ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كورد ناچار ده‌كرێت نێو ماڵی خۆی یه‌ك بخات، له عێراق تا ماوه‌یه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی بسازێت، له سووریا دوای دامه‌زراندنی كۆنسه‌ی سیاسی، كورد به‌شداری له دانوستانه جیهانییه‌كان تایبه‌ت به پرسی سووریا ده‌كات، له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی رووسیا و ئه‌مریكا له باره‌ی داهاتووی سووریادا، كورد له رۆژهه‌ڵات و باكووری سووریا ( رۆژئاوا) نه‌ته‌نیا هاوه‌په‌یمانی متمانه پێكراوی ئه‌مریكا ده‌بێت به‌ڵكو ده‌بێته خاڵی پێگه‌یاندنی هێڵی وزه بۆ ده‌ریای سپی و ده‌بێته سنووری نێوان توركیا و جیهانی عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه توركیا له لایه‌كه‌وه محتاجی كورد بێت و له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه كورد رێگری له ده‌ستوه‌ردانه پاوانخوازانه‌كانی توركیا له له وڵاتانی عه‌ره‌بی بێت.
ئه‌رده‌لان گۆران
هاوسه‌نگی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا
سه‌ردانی سه‌رۆكی فره‌نسا بۆ عێراق له مانگی رابردوودا ئاماژه‌یه‌كی گرنگ و ئاشكرا بوو بۆ ئه‌و ستراتیژییه نوێیه
100%