. یونس حەمەد - ئۆسلۆ
بڕیارە له ناوەڕاستی ئەم مانگەدا واتا سیپتەمبەری 2020 له واشنتۆن به سەرپەرشتی دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێکەوتننامەی ئاشتی نێوان میرنیشتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و دوڵەتی ئیسڕائیل به ئامادەبوونی محەمەد کوری زاید سەرۆکی ئیماڕات وکوڕی دامەزرێنەری میرینیشن زاید کوڕی سوڵتان و بنیامێن ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانە بەهێزەکەی ئیسڕائیل ئەم ڕێکەتنەمایە مۆر بکرێت که ناوی لێنراوە ( ئیبڕاهیم - ئیبڕاهام) .
ئەمریکا له زووەوە هەوڵیداوە و بەردەوام هەوڵ دەدات که ئەو دوولایەنه ناکۆکە واتا عەرەب - ئیسڕائیل لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە وەک چۆن له کامپ دیڤید 1979 سادات ومناهیم بێگینی کۆکردەوەو تەوقەی ئاشتیان خستە نێو دەستی یەکتر ، دواتر له 13/10/1994 بەهەمان شێوە له واشنتۆن نێوان ئوردن وئیسڕائیل لەژێر سەرپەرشتی بیل کلینتۆن پەیماننامەی ئاشتی نێوان شا عەبدوڵا شیمۆن پێریز مۆرکرا لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ئەمریکا زۆر بەزەقی بینرا بەهۆکاری ئەوەی هەردوولایەن واتا پاشانیشینی هاشمی ودەوڵەتی عیبری دوو هاوپەیمانی سەرەکین بۆ سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەکەدا .
ئەمەش وای کرد که نێوەندگیرییەکەی ئاسان بێت ،ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوپەیمان وپاڵپشتیەکی بەهێزی ئیسڕائیله بەهیچ جۆرە پاساوێک ڕێگا نادات ئیسڕائیل بکەوێتە حاڵەتی ترسناک (خەتەر)وە ، هەر بۆیە ئاشتی و لەیەک نزیکبوونەوەی نێوان ئیسڕائیل و هەر لایەنێکی عەرەبی یان ئیسلامی لەگەڵ ئیسڕائیل بۆی گرینگە ئەمەش وای کردووە ، که هەمیشە هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ و نزیکبوونەوەیان له ئیسڕائیل بەبێ ئەوەی چ پارتێك چ کۆماری یان دیمۆکراتەکان لە دەسەڵاتدابن یان هەر سەرۆکێک لە (وایت هاوس) دەسەلاتی هەبێت گرینگ بۆ ئەمریکا وەك پڕێنسیپ ئیسڕائیل لەژێر هەڕەشەدا نەبێت !..
دوای ئەوەی ئەمریکا وهاوپەیمانانی له 2003 سەدام ودەسەلاتەکەیان رووخاند وحکومەتێکی نوێ دەسەڵاتی له بەغدا گرتە دەست که زیاتر به حوکمەتی شیعە ناوی دەکرد ، لێرەدا ئێران زۆر به هێزەوە خۆی خزاندە ناو ململانێکانی بەغدا تاڕادەیەكی زۆر زۆرێک له جومکەکانی دەسەڵاتی کەوتە بەردەست به تایبەتی هێزی ناوخۆ و بەرگری لە زۆر حاڵەتدا له ڕووی سیاسی ودیپلۆماسێشدا تاران ڕۆڵی له داڕشتنی سیاسیەتی عێڕاقدا هەبوو ، دواتر له دوای 2010 وە بەتایبەت سەرهەڵدانی بەناو شۆڕشەکانی عەرەبی ئێران تووانی جێگای پێی خۆی له پایتەختەکانی زۆر ولاتانی عەرەبی قایم بکات یان هەر بیخاتە سەر ریکێڤی خۆی وەك شام وبەیرووت و سەنعا و وێڕای بەغدا ،بەمەش ترسی میرنیشەنەکانی کەنداو زیاتربوو بەرانبەر به ئێران ، چونکه له هەموو لایەکەوە ئێران چ سیاسی وچ سەربازی عەرەبی له نەخشەدا تەسك کردبۆوە .
لەملاشەوە تورکیا هەر ڕۆژێک وبیناۆیەک عەرەبی خستبووە ژێر فشار وەک له لیبیا وتوونس له سووریاش به هەمان شێوە ، جا لێرەدا بۆ میرنیشینەکانی کەنداو ڕێگای ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل باشترین بژاردەبوو که سەرەتا به ئاشکرا میرنیشنی عەرەبی یەکگرتوو ئیمارات دانی پێدانا که ڕێکەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیل وەجەرخانێکی گرینگە هەم بۆ هەردوولا وهەمیش بۆ وڵاتانی عەرەبی وبەتایبەتیش بۆ پرسی فەلەسەتین که له یەکەم هەنگاودا سەرۆك وەزیرانه بەهیزەکەی ئیسڕائیل ناتانیاهۆ بڕیاری ڕاگرتنی نیشتەجبوونی له زەوییەکانی کەناری ڕۆژئاوا دەرکرد کە بووە جێگای ڕەزامەندی دەسەلات له ئەبوو زەبی دا.
ئەگەر بەواتایەکی سیاسیانە بۆ ئەم ڕێکەوتنەی (ئەبوو زەبی وتەل ئەڤیڤ) بچین دەبینرێت زیاتر پەیوەندی بەبەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولادا هەیه که زیاتر بۆ ئەوەیه شەمەندەفەری ئێڕان لەناوچەکەدا رابووەستێنن ، که ئێستا بەرچاوە هەژموونی خۆی وهاوپەیمانانی له ناوچەکدا کەمبۆتەوە وەک سەرەتا (حزب الله) له ژێر فشار دایه وله ئایندەدا زۆرانی دیکەی لەو گرووپانەی سەر به ئیران چ باشکرا یان بەنهێنی هاوپەیمانی ئێرانن هەنگاو به هەنگاو شەمەندەفەرەکەیان ڕادەگیرێت ، ئەمەش تەنیا خواست وویستی ئەمریکا وئیسرائیل و عەرەب نیه ،بەڵکو ئەمجارەیان فەڕەنساش بۆئەم مەبەستە هاتە دەنگ بەتایبەت دوای تەقینەوەکەی بیرووتی سەرەتای مانگی تەباخ (ئۆگۆست)..کاریگەری ڕۆڵی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر پێشهاتەکان کاریگەری خۆی هەیه ودەبێت ، چونکه بەدرێژایی مێژوویی هاوچەرخ لەزۆر بۆنەدا به تایبەت کێشەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینووە ،ئەمجارەشیان بۆ بەرژەوەندی خۆی وئیسڕائیل پەیماننامەیەکی یەکجار مێژوویی نێوان دوولایەن خستە سەر کاخەز که دوو وڵاتن له ڕووی سیاسی وئابووری وە سەنگ وقورسایی خۆیان هەیه ، ئایندەش به ڕوونی (ئیبڕاهیم - ئیبڕاهام) زیاتر بەرچاو ڕوونتر دەبینێت که هێزی ئەم ڕێکەوتنه چەند کاریگەرە.