74 ساڵە، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئامانجێکی ستراتیژی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت کۆشش دەکات، تەمەنێک پڕ لە هیلاکی و خەبات و قوربانیدان تێدەکۆشێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
تادێت پارتی مێژووەکەی پڕ دەکات لە سەروەری و ئەزموون، چونکە بیرو ئایدۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی بەڕێوەی دەبات، بەدرێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بەخۆوەی نەدیوە.
لەکاتی دامەزراندنی پارتی، قۆناغ دوای قۆناغ خۆی نوێکردۆتەوە و خۆی گونجاندووە لەگەڵ هەموو بیروڕا جیاوازەکاندا، پشتی بە توانا و لێهاتوویی بیری تازە بەستووە، سیاسەتێکی یەقینی هەبووە، زەڕووڕیەتی رزگاریکردنی خاک و سەربەخۆیی کوردستان بووە، ئەمەش بۆ هزر و ئەزموون و کارێزمایی و سیاسەتی حەکیمانەی بارزانی باوک و سەرۆک مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە، کە ئێستاش بەبێ قسە و لێدوانی ئەو، هیچ دەوڵەتێکی جیهان ڕای گەلی کوردستانی قبوڵ نییە.
پارتی هەمیشە خاوەنی ئەخلاقێک بووە، ئەندامەکانی لەسەر ڕێبازێکی پیرۆز پێگەیاندووە، دەریایەک خوێنی بۆ پاراستنی خاکی کوردستان رشتووە، بە هەزاران سەرکردە و پێشمەرگە، گیانی خۆیان قوربانی کوردستان کردووە بۆ ئەو ئارامی و ئاوەدانییەی ئێستا دەیبینین.
جێگای شانازییە ئێمە مانان لەنێو ڕێبازێکدا پەروەردە کراوین کە 74 ساڵە کار و خەبات بۆ چەمکە مەزنەکانی (پێکەوەژیان، کوردپەروەری، ئاوەدانی و ئاساییش، کوردناسی، سەربەخۆیی کوردستان) دەکات.
شانازییەکی گەورەتر ئەوەیە پارتییەکان سەربەرزن کە پارتین و خاوەنی سەرۆکێکی کوردستانی وەک سەرۆک بارزانین، وەک هەندێک لە پارتەکانی تر نەبووەتە نەنگی بۆ کادیر و ئەندامەکانی خۆی.
سیاسەتی نەرمی پارتی وەک هەتاو وایە، نەک ڕەشەبا، نەرم نەرم بەرەو ئامانجە گشتگیرەکان هەنگاو دەنێ، تا دەگاتە ئاسۆ، ئەمەش هەر لە بیرو هزری سەرۆکەکەی بناغەی گرتووە، هزرێک کە لە جیهاندا، لەنێو هەموو دەوڵەتە زلهێزەکاندا سەرۆکە خاکییەکەی بە خاکپەرستی و ناسیۆنالیستی و ڕۆحی نەتەوەکەی دەناسرێتەوە.
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەچەرخانێکی مێژوویی بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، پارتێک توانی بەبێ جیاوازی ناوچە، ئایین، ڕەگەز و نەتەوە، گەلی کوردستان لەخۆی کۆبکاتەوە و بە بیر و هزرێکی نیشتیمانپەروەری کار بۆ دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای گەلێکی ستەدمدیدە بکات و بەدرێژایی دامەزراندنی توانیویەتی ڕابەرایەتی ئەو بزاڤە بکات و خەم و کۆڤان و ئازارەکانی بە هی خۆی بزانێت.
پارتی بە سیاسەت و میتۆدێکی دروست، توانیویەتی درێژەپێدەری هەمان ئەو نەهجە بێت کە لەسەری دامەزراوە، ستراتیژیەتی خەبات و کارکردنی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ئامانجەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمیش لەچوارچێوەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ستراتیژیەتی تێکۆشانی بە ئەنجام گەیاندووە.
پارتی بۆ گەلی کوردستان هەمیشە پشت و پەنا بووە، هەرگیز میللەتی خۆی لەهیچ قۆناغێکی دژوار جێنەهێشتووە، هەمیشە بووەتە جێگای شانازی، ئەندام و کادیرانی سەربەرزن کە لەم ڕێگایەوە تێدەکۆشن، ئەمە بناغە و جەوهەری ئەو باڵەخانەیەیە کە لە ئاییندەدا گەلی کوردستانی تێدا دەحەسێتەوە.
پارتی لە ڕووی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشدا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستان بووە، دێڕ بە دێڕی مێژووی ئەو پارتە پڕە لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی میللەتەکەی لەڕێگای دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کاری بۆ سەربەخۆیی کوردستان کردووە و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە بارزانی سەرۆک سەرمەشقی بوو، ئەنجامی داوە و وەک تاپۆیەکی ئامادە لەهەر کاتێکی گونجاو گەلی کوردستان دەستی بۆ دەبات.