Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 15:27

لوبنان نموونەی دەوڵەتی (شکستخواردوو) !.

له رێکەوتنی 30 سیپتەمبەری 1989 تایف له ژێر سەرپەرشتی پاشانیشینی سعودیه به ناو پێکهاتن
یونس حه‌مه‌د
100%

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

ئەگەر چی لوبنان یەکێکه له دەوڵەتە بچووکەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین قسە وباس لەسەر ئەم دەوڵەته هەیه که له سەرەتای چلەکانی سەدەی بیستدا لەبندەستی کۆڵۆنیزمی فەڕەنسیەکان رزگاری بوو و سەربەخۆیی ڕاگەیاند ،لوبنان لەڕووی کەش و هەوا و ژینگە یەکێکه له دەولەتە خۆشەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست ، بەڵام له ڕووی ئاسایشەوە یەکێکه له وڵاتە هەرە بێ ئاستەکانی جیهان .

دوای ئەوەی له ناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەورەترین شەڕی ناوخۆ روویدا لوبنان بووە گۆڕەپانێکی بەرفراوان بۆ لایەنه جیاجیاکانی ناوچەکه لەم ڕووەوە هەر لایەن و ڕێکخراوێك چەکی کردە دەست بۆ له ناوبردنی لایەنی بەرانبەری ، موسڵمانانی سونە مەزهەب ، لەملاشەوە شیعەکان ، هەروەها کرستیانەکان که به پێی دەستوور دەسەڵات پێک دێنن کەوتنه گیانی یەکتر هەر لایەوە به چەندین ڕێکخراوی چەکداری ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە ئەم جەنگە که ناوی لێنرا (جەنگی نێوخۆیی لوبنان) بەردەوام بوو تا ئەوەکات له رێکەوتنی 30 سیپتەمبەری 1989 تایف له ژێر سەرپەرشتی پاشانیشینی سعودیه به ناو پێکهاتن .

بەڵام له ژێرەوە هەر لایەنێک ئەجیندای خۆی جێ به جێ دەکرد ئەجیندەکانیش زیاتر دەرەکی بوون نەوەك ناوخۆیی، بەهۆی تووندی شەرەکان له سەرەتای ساڵی 1976 سووریا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ خۆی قۆزتەوە به ناوی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی عەرەبی هاتە ناو خاکی لوبنان که زیاتر له داگیرکاری دەچوو نەوەک بەرگری وناوبژیکار.

دوای ڕێکەوتنی تایف گرژی وئاڵۆزییەکان لە وڵاتدا بەردەوامی هەبوو پرسی تیرۆرکردنی کەسایەتیەکان و تیرۆری تەقینەوە هەردەم ڕووی له هەڵکشاندابوو ،ئەوەی که زۆر دەنگی دایەوە خرانه بەردەست دادگای نێودەوڵەتی پرسی تیرۆکردنی ڕەفیق ئەلحەریری بوو که ڕاستەوخۆ (حزب الله)ی پێ تاوانبارکرا، ئەمەش له دادگای نێودەوڵەتی تاڕادەیەکی درووست یەکلابۆوە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت له 7/8/2020 دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات .

تیرۆر و تۆقاندن و تەقینەوە دوای ئەلحەریرش بەردەوامبوو ،بەڵام تەقینەوەکەی بەیرووتی سێشەممەی 4/8/2020 یەکێکه لەو تەقینەوانەی که زۆرترین چاوی خرایه سەری ئەویش بەهۆی بەهێزی و دووری مةوداکەی که چەند سەد کیلۆمەترێك کاریگەری نیشاندا .

چاودێرانی سیاسی و میدیایی چ لوبنانی یان جیهانی باس له خاڵێكدا دەکەن بەوەی لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووی ئەو سەردەمەیه ، نەوەك تەنیا بەهۆی تیرۆری سیاسی و ڕوودانی تەقینەوە ،بەڵکو به هۆکاری بەردەوامبوونی قەیران له دوای قەیرانی سیاسی وخزمەتگووزاری وهەتاوەکو پەڕڵەمانی ، چەندین جار لەماوەیەکی کەم وکورتدا لوبنان سەرۆك وەزیران دەگۆڕێت ،

سەرۆك کۆمار به ئاسانی دانانرێت ، پەڕڵەمان هەمیشە بەکێشەیه ،وێڕای ئەوەی پارت و ڕیکخراوەکانی پڕ چەکن یان ڕوونتر له زۆر حاڵەتدا دەوڵەت له ناو دەوڵەت درووستکراوە نموونەی (حزب اللە) که بەهۆی بوونی چەکدارێکی زۆر لە شیعەکاندا ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی دەولەتی بەدەستەوەیه به تایبەتی فڕۆکەخانه و جومکه گرینگەکانی دەوڵەت و وەك باسیش دەکرێت ڕاستەوخۆ سەر به کۆماری ئیسلامی ئێرانه وخوودی خۆشیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە ..

تەقینەوەی ئەمجارەی بەیرووت ئەستەمه به ئاسانی وەك ئەوانی دیکه تێپەڕێت ،چونکه لەحاڵەتە دەگمەنەکانی جیهانه بەمشێوەیه تەقینەوەیەك ڕووبدات وتائێستا نەزانرێت چۆن ڕوویداوە که بەگوێرەی چاودێرانی سیاسی و ئاسایش تەقینەوەی بەیرووت چەمکی وڵات بەرەو ئاقارێکی دیکەی نادیار دەبات ..

بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی لێوە بکرێت بەر له هەموو کەس لوبنانیەکان خودی خۆیان ئاماژه بەوە دەکەن که دەوڵەتەکەیان دەوڵەتێکی شکستخواردووە هەر بۆیە داوا له کۆمەڵگای نیودەوڵەتی دەکەن به هانیانەوە بێن بۆ دەربازبوون لەم تەنگەژانەی بەردوام تیایداکەوتوون.

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.