Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 23:36

داگیرکردنی کوێت وەرچەرخانێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەك خۆیان دەڵێن ( نعمە ام نقمە) ئەمه پرسیارێکه له چەند ساڵێکی دیکەدا بۆ عەرەب ڕوون دەبێتەوە
یونس حه‌مه‌د
100%

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنچشەممە 2/8/1990 , هێزەکانی گاردی کۆماری عێڕاق بێ گوێدانه پڕێنسیپە نێودەولەتیەکان میرنیشینی کوێتی ئەندام له نەتەوە یەکگرتوەکانی به ماوەیەکی کەم که چەند کاتژمێرێکی خایاند داگیرکرد.

 دوای داگیرکردنی سەرەتا به چەند بیانۆیەک له میدیاکانی سەر به ڕژێم ئەوەی نیشاندا بەوەی کوێت له کاتی جەنگی هەشت ساڵەی عێڕاق و ئێراندا عێڕاقییەکانی ئازارداوە وهەروەها نەوتی لێ دزیوە ، دواتر به ناوی کۆدتای چەند ئەفسەرێکی کوێتی دژ به بنەماڵەی شێخی دەسەڵاتدار بیانۆی هێنایەوە، بەڵام له کۆتاییدا له 8/8/1990 ناوی لێننرا گەڕانەوەی (لق بۆ ئەسڵی خۆی) .

 ئەمانه ئەو بیانۆیانه بوون که سوپای عێڕاق وەچەرخانێکی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووستکرد که نه له دوور یا له نزیکەوە به خەیاڵی هیچ کەس ودەوڵەتێک نەدەهات ، لە کاتی چوونە ژوورەو داگیرکردنی کوێت زۆربەی عێڕاقیەکان له خەوێکی قوڵ دابوون ، خەوەکه هێشتا (بەنجی) جەنگی ئەو هەشت ساڵەی بەرانبەر به ئێران بەرنەدابوو که زیاتر له ملیۆنێک کووژار و برینداری لێکەوتبۆوە .

 هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی داگیرکرنی کوێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی به خۆی کەوت ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  هەر زوو هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند ، دواتر ئەوروپا و زۆرێك وڵاتانی عەرەبی دژی ئەو هەڵسووکەوت وهێرشەی سوپاکەی عێڕاق بوون .. ماوەیەك دوای ئەم مێژووییە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەورەترین گەمارۆی ئابووری وسیاسی ودیپلۆماسی خستە سەر سەدام وڕژێمەکەی.

 بەهۆی سەختی گەمارۆکان ڕژێم له بەغدا ڕۆژ له دوای ڕۆژدا لاوازتر دەردەکەوت ، خەڵکی دەوڵەتی به ناو عێڕاق هەستی بەوە کرد که سەدام و بەعس کەوتنه نێو هەڵەیەکی مێژوویەوە ،بەڵام له تووانایدا نەبوو هیچ هەڵوێستێک دەرببڕێت ، چونکه به هۆی پۆپؤلیستی ودیكتاتۆرییەکی بەهێزی ئەو ڕژێمه تووانای سەرکووتکردنی خەڵکی مابوو .

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی  به سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکات ماوەیەکی بۆ ڕژێم دانا که دەبێت تازووە سوپاکەی عێڕاق له کوێت بکشێتەوە ئەگەرنا به زەبری هێز دەریاندەپەڕێنێت ، بەڵام ئەو هەموو لێدوان و هەڕەشانەی ئەمریکا نه سوودی هەبوو و نه ڕژێم گوێڕایەلیش بوو ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەولەتی له 29 ی نۆفەمبەری ساڵی 1990 به بڕیار داوای له جیهان کرد که به هەموو شێوەیەک هەتاوەکو هێرشی سەربازی سوپای عێڕاق له کوێت وەدەرنێت .

ئەوەبوو بڕیاری 678 ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی له  17/1/1991 کەوتە بواری جێ به جێکردن به هێرشی فرۆکەوانی دەستى به هێرشەکان کرد ،دواتر ووردە ووردە سوپاکەی عێڕاق ماندووکرا و هێرشی زەمینی به سانایی ئەمجامدرا دوای شەش مانگ کوێت لەدەستی عێڕاق ڕزگارکرا ..

داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عێڕاق هەر ئەوەنەبوو که سوپایەک بۆ جەنگ هێرش بکاتە سەر دەوڵەتێکی دیکه ،بەڵکو وەچەرخانێکی نوێ بوو بۆ جیهان به گشتی وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەتی ، ئەگەر هەندێک بۆ سەرەتاکانی ئەم داگیرکارییە بگەڕێنەوە دەبینرێت بۆ یەکەم جار له مێژووی هاوچەرخدا دەوڵەتانی عەرەبی بوونه دووبەش و لەیەك ترازانێک لەنێوانیاندا ڕوویدا که پێشتر هەرگیز بەمشێوەیه نەبووە،

کێشەی فەلەستین بۆ چەندین دەیا گەڕایەوە دواوە ،ئەگەر چی سەدام بۆ وەرگرتنی سۆزی شەقامی عەرەبی له کاتی هێرشەکانی هاوپەیمانان چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسڕائیل کرد، بەڵام نه مووشەکەکان و نه بۆ پرسی فەلەستین کاریگەری نەبوو،

فەلەستین و کێشەکەی ئەو بایەخە میدیا ویارمەتیدەرەیان نەما که لەلایەن زۆربەی وڵاتانی عەرەبی به تایبەت کەنداو که جاران پێشکەشیان دەکرا ، چ بەهۆی گەورەیی ڕووداوەکان هەروەها به ئاشکرا چوونی به ناو ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بۆ بەرەی سەدام که جگە لەمان ئوردن ویەمەن و هەندێک وڵاتانی دیکەی وەك جەزائیر وسودان ولیبیا لەوبەرەیە دابوون ..

وانەکانی داگیرکردنی کوێت که ئەمڕۆ سی ساڵه بەسەری تێپەردەبێت زۆر گرنگ وهەستیارن ، ئەگەر بۆ ئەو سی ساڵەی دوایی بگەڕێننەوە دواوە دەبینین هەتاوەکو گەلی کوردستانیش لەم وانەیە مەزنەدا سوودمەندبوو، بووە دەرفەت بۆ هەر هیچ نەبێت بەشێکی گرینگ له خاک وگەلی کوردستان له دەست زوڵم وزۆرداری ڕژێم وداگیرکاری رزگاری بوو ..

قۆناخێکی دیکەی داگیرکردنی کوێت له دوای ساڵی 2010 دەستی پێکرد ئەویش قۆناخەکانی  بەناو شۆڕشی عەرەبی بوو که زۆرانێک له وڵاتانی عەرەبی هەژاند وچەندین سەرۆکی خستە ژێر گەڵ ، ئەمەش ئەوە دەگەێنێت که کاریگارییەکانی ڕۆژی 2/8/1990 بۆ جیهانی عەرەبی  وەك خۆیان دەڵێن ( نعمە ام نقمە) ، ئەمه پرسیارێکه له چەند ساڵێکی دیکەدا بۆ عەرەب ڕوون دەبێتەوە !.

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.