Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 04:05

ئەگەر ئابووریی سەربەخۆ نەبووایە؟

بەغدا ھیچ كاتێك كە نەوت بە سەد دۆلاریش بووە، بودجەی تەواوی نەناردووە
100%

لە دوای ھاتنی كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێم، ھەمووان ھۆكارەكەی دەگێڕنەوە بۆ بڕیاری حكوومەتی ھەرێم لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ، لە ڕاستیدا پێویستە پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە دابڕێژینەوە، بە جۆرێك ئەگەر پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەبووایە، لە ئێستادا بەغدا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكردین؟

بە دڵنیاییەوە ڕەوشەكە زۆر لە ئێستا ئاڵۆزتر دەبوو. ئەگەر ھەرێم نەوتی بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەفرۆشتبایە، دەبووایە قبووڵی بكەین ئێستا كوردستان تەواوكەری ھیلالی شیعی و جێگەی تەراتێنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و قەوارەیەكی ئەوەندە لاواز دەبوو كە ھیچ كارتێكی لە دەستدا نەدەبوو بۆ ئەوەی مامەڵەی پێبكات لە بەرامبەر فشارە زۆرەكانی دەوڵەتی عێراق، ھەروەك چۆن ئەوانەی لە ڕابردوودا پێشنیازی بڕینی بودجەی ھەرێمیان دەكرد بۆ ھەڵسانەوەی خەڵك لە دژی حكوومەتی ھەرێم، ئێستاش داوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەكەن لە ڕێگەی ھێزەوە، گومانی تێدا نییە ھەڵوێستیان زۆر دوژمنكارانەتر دەبوو ئەگەر ھەرێم كارتی نەوتی لە دەستدا نەبایە.

 

بەشێكی تر، ھۆكاری نەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا، بۆ ڕێككەوتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ توركیا دەگەڕێننەوە، لە ڕاستیدا پێچەوانەكەی دروستە، ئەگەر ئەم ھەنگاوەی ھەرێم نەبووایە، ئەوا توركیا لە ئێستادا چەندە ھۆكاری كێشەیە بۆ ھەرێم، ئەوكات مەترسییەكەی زۆر زیاتر دەبوو، بە جۆرێك لە ڕابردوودا و پێش فرۆشتنی نەوتیش بە شێوەیەكی سەربەخۆ، ھەر كاتێك كێشەیەك لە نێوان بەغدا و ھەرێم ھەبووایە، بەغدا توركیای وەك كارتی فشار بەكار دەھێنا، لەبری ئەوە، ئێستا بووەتە ھاوبەشێكی گرینگی بازرگانیی ھەرێم و بە ئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی بێت لە ھەرێم، كە زۆرینەی پەیوەستن بە نەوت و وەبەرھێنانی كۆمپانیا توركییەكان لەم بوارەدا، هەروەها ھۆكارێكیش بوو لە گێڕانەوەی باڵانسی ھێز لە نێوان ھەرێم و بەغدا.

 

ناكرێ باس لە پرسی ئابووریی سەربەخۆ بكەین و تیشك نەخەینە سەر ھەڵوێست و ڕۆڵی وڵاتانی زلھێز لە پاراستن و یارمەتیدانی ھەرێم لە شەڕی دژی داعش، بە جۆرێك كاتێك داعش ھێرشی كردە سەر ھەرێمی كوردستان و لە ھەولێر نزیك بوویەوە، ئەمەریكا بڕیاری فڕینی فڕۆكەكانی دا و ئەڵمانیاش بڕیاری ناردنی میلان و سەرۆكی فەڕەنساش سەردانی ھەولێری كرد، ھاوكات بۆ بەردەوامبوون لەو شەڕە نەگەریس و نابەرامبەرە، كە بەرۆكی كوردستانی گرت، ھەرێمی كوردستان پێویستی بە بودجەیەكی گەورە ھەبوو، چونكە عێراق ھیچ یارمەتییەكی كوردستانی نەدا، بۆیە ھەر داھاتی ئەم نەوتە بوو ھاوكار بوو بۆ درێژەپێدانی شەڕ و پاراستنی كوردستان لەم دوژمنە سەرسەختە.

 

لە ڕاستیدا بەغدا ھیچ كاتێك كە نەوت بە سەد دۆلاریش بووە، بودجەی تەواوی نەناردووە، لە ئێستاشدا حكوومەتی عێراقی بارودۆخی دارایی باشتر نییە لە ھەرێم و لە سەدا پەنجای داھاتی لە دەست داوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەش دەستی بردووە بۆ بڕینی بوودجەی ھەرێم، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی ھەرێم لە ھەموو بارودۆخێكدا ئامادە بووە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكات و لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی (مەسرور بارزانی)، یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی حكوومەت بریتی بوو لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ھاوكات ئەگەر ئەم نەوت فرۆشتنە سەربەخۆیە نەبووایە، دەمێك بوو كۆتاییان بە ھەرێم ھێنابوو و نە مووچە دەبوو و نە بودجەش، بۆ بیرھێنانەوە، كاتێك مالیكی مووچە و بودجەی ھەرێمی بڕی، فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ، بوونیشی نەبوو.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.