Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 04:32

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ چی ناگەنە ڕێکەوتن؟ ڕێگاکانی چارەسەر چین؟

لەم کاتەدا، پێموایە کە هیچ پێویست ناکات ئێمە بچینە ژێر باری مەرجەکانیان و باشترین بژاردە ئەوەیە کە یاسای چاکسازی بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت
100%



هەموو لایەک باش دەزانێت کە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی  سەختی ئابوریدایە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بارودۆخە بەڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنایە، نەک لە هەرێمی کوردستان بە تەنیا، بەڵکو لە هەموو جیهانیشدا، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ تێپەراندنی ئەم بارۆدوخە سەختە و لەم چوارچێوەیە چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە بۆ چارەسەر  کردنی کێشەکانی هەڵواسراوی نێوانیاندا، بە تایبەت کێشە داراییەکان، بەڵام هەتا وەکو ئێستا نەگەیشتوونە هیچ ئەنجام و ڕێکەوتنێک.

لێرەدا پرسیار بۆ هەموو لایەک دروست دەبێت کە ئایا هۆکاری ئەمە چییە؟ ئایا حکومەتی هەرێم جددی نییە و نایەوێت بگاتە ڕێکەوتن، یان کەمتر خەمییەکە دەگەرێتەوە بۆ حکومەتی عێراقی فیدرال؟

ئەگەر بۆ چەند مانگێک بەر لە ئێستا بگەرێنەوە وەڵامەکە بۆمان روون دەبێتەوە. لە ۱۰ی۷ی۲۰۱۹ کاتێک سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لە بەردەم پەرلەمان، متمانەیان وەرگرت، سەرۆکی حکومەت لە بەرنامەی کاری خۆیدا ئاماژەی بەمە کرد کە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی پەیوەست بە مادەی ۱٤۰،پێشمەرگە، نەوت، دارایی و بودجە و هەموو مافە دەستورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێم، لە سەر بنەمای دەستور گفتوگۆ لە گەل حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین و تەنها دوای چەند رۆژێک، بۆ ئەم مەبەستە، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادیان کرد. دواتر شاندێکی باڵای عێراق سەردانی هەرێمیان کرد و هەموو وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەکانی نێوانیاندا باس کرا و بڕیار درا بۆ دروست کردنی چەند لیژنەیەک بۆ بە دوا داچوونی زیاتر.

لە مانگی دوازدە هەر دوو لایەن لە سەر پرسی دارایی و نەوت گەیشتنە لێک تێگەیشتنێکی باش و بڕیار بوو لە ناو بودجەی ۲۰۲۰ی عێراق جێگیر بکرێت و حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەڕبری کە مانگانە ۲٥۰هزار بەرمیلی نەوت رادەست بکات و لەم کاتە نرخی بەرمیلێکی نەوت ٦۰دۆلار بوو.
لە مانگی چوار هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراق  روبەرووی شووک بوو، کاتێک ئەمینداری گشتی بە نووسراوێک داوای کرد (مستحقاتی) هەرێم ببردرێن. دووبارە شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و بە ئاشکرا و روونی پێیان ووترا کە ئەمە بریاری لایەنی شیعییە.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە هۆکاری ڕێکنەکەوتن، نە حکومەتی هەرێمە و نە دەستور ویاسای ترە، بەڵکو حکومەتی عێراق هەر لە سەرەتا، جددی نەبووە و نیەتیشی نییە کە لە گەل هەرێمی کوردستان رێک بکەوێت، و بە تایبەت ئێستا کە بارودۆخی ئابووری خۆیان زۆر سەختە و تەنانەت توانایی ئەوەیان نییە مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان دابین بکەن و گیرۆدەی دەیان کێشەی ناوخۆین وەک گەندەڵی، نەبوونی شەفافیەت، دیار نەبوونی داهاتی خاڵە سنۆرییەکان، ملمڵانی تائیفی و سیاسی و...، لە لایەکی ترەوە ئەم عەقلیەتە شۆڤینیەی کە هەیانە بەرامبەر بە گەلی کورد هەمیشە رێگر بووە لە دان نانیان بە مافە رەواکانی گەلی کورد.

لەم کاتەدا، پێموایە کە هیچ پێویست ناکات ئێمە بچینە ژێر باری مەرجەکانیان و باشترین بژاردە ئەوەیە کە یاسای چاکسازی بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت و بەردەوام بین لە چاکسازی ڕیشەایی لە سەرجەم سێکتەرەکان و رێکخستنی داهاتەکان و دانانی سیستەمێکی نوێی مووچە لە ژێر رۆشنایی ئەم داهاتانە، و هەروەها زۆر گرنگە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت خۆیان بە دوور بگرن لە موزایدە و هەموو پێکەوە مل بدەن بە بەرپرسیارییەتی و هاوکاری حکومەت بن بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە قورسە.


خدیجە عمر مزوری
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.