سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، هەفتەیەک دوای یەکەم دانیشتنی ”دیالۆگی ستراتیژیی” نێوان ئەمەریکا و عێراق بەڕێوە چوو و مەبەست لێی هێورترکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوکات هەموارکردنی زیاتری زەمینەش بوو بۆ بەشداریی کاریگەری هەرێمی کوردستان لەو دیالۆگە گرینگانەدا.
نێچیرڤان بارزانی زۆر بەر لە دەستپێکی دیالۆگی ستراتیژییەوە، بە ڕوونی باسی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستانی لە عێراقدا کردووە و مەرجی سەرکەوتنی دیالۆگەکان و پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ئاکامی ئەو دانیشتنانەی لە بەشداریی ڕاستەقینەی کوردستانەوە گرێ داوە. ئەمە بابەتێکە کە سەرۆکی هەرێم لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و عێراقدا شێلگیرانە پێداگریی لەسەر کردووە.
لە سەردانە دووڕۆژییەکەیدا کە کۆبوونەوەی جیددیی لەگەڵ سەرجەم سەرکردە کاریگەرەکانی عێراقدا لێ کەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی ڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ پێوەندییە پڕ لە تەنگژەکانی چەند ساڵی ڕابردووی نێوان بەغدا و هەولێر کرد کە گورزی گەورەی لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو لایەن داوە.
سەرۆکی هەرێم، لە بەغدا ڕاشکاوانە لەگەڵ سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی عێراقدا باسی خەمی هاوبەش و ڕێگەچارەی هاوبەشی کرد و، لە یەک کاتدا هەم پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەکانی کوردستان کرد و هەم دەستی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی ڕاستەقینەی بۆ بەغدا درێژ کرد. لە بەرامبەردا، سەرکردە عێراقییەکانی پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەمەڕ چارەسەرکردنی گرفتەکان دەربڕی و بە هەنگاو و دەستپێشخەریی جیددی وەسفیان کرد.
لە ڕاستیدا ئەگەرچی پێشبینی بۆ ئەگەری خاوبوونەوەی تەنگژەکان ئاسان نییە، گەرچی ئاماژەی بەهێز هەن کە نیشان دەدەن بەغدا بەرژەوەندیی دوورمەودای خۆی لە چارەسەریی کێشەکانی لەگەڵ کوردستاندا دەبینێتەوە و، دیالۆگی ستراتیژی هاندەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ سەرخستنی ئەو دانوستانانە لە نێوان هەولێر و بەغدادا. بەردەوامیی ئاڵۆزیی نێوان بەغدا و هەولێر درەنگ یان زوو بۆشاییی گەورەی ئەمنی لە سەرتاسەری عێراقدا دروست دەکات، بەڵام زیانە ئەمنییە گەورەکە لەو ناوەدا بەر عێراقی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێت و، ئەم ڕاستییە لای سەرۆکوەزیران کازمی زۆر بەرچاوە. تەنگژەی ئەمنی دواجار ڕێگە لە کرانەوەی زۆر پێویستی ئابووریی عێراق دەگرێت و لە ئاکامدا باجەکە سەرجەم خەڵکی عێراق دەیدەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لەو دانوستانە گرینگانەدا، هەوڵی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە کە هەم عێراق سەقامگیر ببێتەوە و هەم زۆرترین دەستکەوتی نیشتمانی بۆ کوردستان جێگیر بکرێت. هەر بۆیەشە سەرۆکی هەرێم بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقی لە جێبەجێکردنی دەستوور و بەشداریی کارای کوردستان لەناو وڵاتدا بەستووەتەوە.
لەناو کێشمەکێشی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، واشنتۆن نەیشاردووەتەوە کە بە بایەخەوە سەیری پێوەندیی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا دەکات. هاوکات بە شێوازی جیاوازیش بۆ دەوڵەتدارانی عێراقی ڕوونی کردووەتەوە، کە پێگەی تایبەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی لە ئێستا و ڕابردوو لەناو عێراقدا بە لاوە گرینگە و دەستووری وڵاتەکەی پێ دەستکەوتێکی مێژووییە کە دەبێ دەستی پێوە بگیرێت.
شتێکی کەم تا ئێستا لەبارەی دیالۆگی ستراتیژییەوە خراوەتە بەرچاو، بەڵام ئەوەی لە بەردەستە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ گۆڕینی پێوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق لە پرسێکی ئەمنییەوە بۆ پێوەندییەکی بەهێزی ئابووری، فەرهەنگی، یاسایی و بێگومان سیاسییش. ئەگەر ئەم دیالۆگانە سەر بکەون و ڕەهەندێکی قانوونی وەربگرن، دەتوانن پێوەندیی دوولایەنە بخەنە ناو بەرگێکی تازە و بەرهەمدارەوە. بۆ نموونە دەوڵەتی ئەمەریکا دەتوانێت گوشار بۆ کۆمپانیا پلە یەکەکانی خۆی دروست بکات تا لە عێراقدا دەستبەکار بن، هەم لە سێکتەری ئاسۆداری وەک وزە و هەم لە کۆمەڵێک مەیدانی گرینگی تردا. بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیایانە بێگومان لە کوردستان دەچنە ناو بازاڕی کارەوە و لە چوارچێوەیەکی تەواو یاساییدا پاڵ بە چەرخەی ئابووریی کوردستانەوە دەدەن.
لە ڕابردوودا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە زیاد لە ناوچەیەک پێوەندیی ستراتیژی و ڕوونی بەرپا کردووە و، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشەوە، یارمەتیی بۆ ئابووریی ئەو ناوچانە دەستەبەر کردووە، کە بە دڵنیاییەوە بازاڕە ئابوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نموونەی بەرچاون.