دووای ڕوخانی کۆمار و خۆ بەدەستەوە نەدان بۆ ئیڕادەی دووژمن، بارزانی و هەڤاڵانی سەلماندیان کە هیچ هێزیک ناتوانێت ڕێگا لە ئیڕادەی میللەتێک بگرێت کە دەیەوێت ئازاد و سەربەخۆ بێت و کیان و بڕیار و خاک و نیشتیمان و ئاڵای خۆی هەبێت...
دووای خاتر خواستنی بارزانی و پێشمەرگە و هەڤاڵانی لە سێگۆشەی سنووری نێوان عیراق و تورکیا ئێران لە گادەر لە ئازیزان و کەس و کاریان، ڕێگای مان و نەمان و هات و نەهاتیان هەڵبژارد، دبووایە سنووری چوار دەوڵەت ببڕن و ڕووبەڕووی هەر هێزێک ببن کە بیەوێ ڕێگایان لێ بگرێت..
دووای کۆبونەوە لەگەڵ شێخ احمدی بارزانی گەیشتن بە ئەنجام، نەمر مووستەفا بارزانی زۆر بە ووردی و حەکیمانە ئەو بڕیارەی دا بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات لەگەڵ هەڤاڵانی بەڕێ کەوێت، ئەو باش دەیزانی کە ڕێگا زۆر زەحمەتە و بەربەستی زۆری دێنە پیشێ، دەبووایە زیاتر لە 400 میل ببڕن و نزیکەی 60 ڕۆژ بەڕێوەبن، و دەبێ سەرکێشی 503 لە هەڤاڵان و پێشمەرگەکانی بکات تا دەیانگەینێتە کەناری سەرفەرازی..
چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بۆ نەمر بارزانی چوار موقفی پڕ لە ئازار و زەحمەت بوون: ـ ڕووخانی کۆمار و دەست بەسەر کردنی قازی محمد. ـ گەڕانەوەی شێخ احمد بارانی و کەسوکاری و خانەوادەی زۆربەی پێشمەرگەکان بۆ عیراق. - بەڕێکەوتن بۆ ڕوسیا و بەرەو چارەنووسێکی نادیار. ـ پەڕاندنەوەی 503 پێشمەرگە لە رووباری ئاراس. ئەم چوار بابەتە ئەگەر چی زۆر بە ئازار و زەحمەت بوون، بەڵام بارزانی دەیزانی کە ئەگەر بەسەریاندا سەرکەوت ئەوا لە قازانجی میللەت و دۆزەکەیدا تەواو دەبێت و ئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە.
لە گادەرەوە بەرەو دەڤەری بارزان و لە شێروان مەزن پەڕینەوە لە روباری چامە و بەرەو باکوری کوردستان دەربازکردنی چیاکانی چارچەل و گۆڤەند و کەلیێ کۆتۆڵ و چەندین دۆڵ نەهاڵ، هەموویان بەفر دایپۆشیبوون و دەبوایە بارزانی بەسەریاندا سەرکەوێیت لەگەڵ 503 پێشمەرگە بگەنە چەمی ئاراس و لە ڕووبار بپەڕنەوە.. لە ڕێگادا بە ناوچەکانی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و ئێران تا دەگاتە ناوچە سنووریەکانی نێوان ڕوسیا و تورکیا، لە زۆربەی دەڤەرەکان جگە لەوەی هاوکاری نەکران بەڵکو شەڕیان لەگەڵ دەکرد و ڕێگریشیان لە کاروانی بارزانی و هەڤاڵانی دەکرد، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە هەندێک شوێن نان و ئاویان پیدەدان و پێشوازیان لێدەکردن..
زۆر لە هەڤاڵانی بارزانی لە ڕێگادا بریندار بوون، 11 پێشمەرگە شەهید بوون و زۆریشیان نەخۆش کەوتن، بەڵام هیچ شتیک نەیتوانی ئەم کاروانە بوەستێنێ، بارزانیش چونکە خەونێکی مەزنی هەبوو توانی سەرکاروانی هەڤاڵانی بکات و بە سەلامەتی بیانگەیێنێتە کەناری ئاشتی و ئارامی.. دووای 57 ڕۆژ بارزانی و هەڤاڵانی لە گادەرەوە کەیشتنە سەر ڕوباری ئاراس، 503 پێشمەرگەی ماندوو، برسی و تینو، نەخۆش، بەڵام زۆر بەهێز لە ئیڕادە و بیر و باوەڕ بە بارزانی و ڕێبازەکەی..
گەیشتنی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ سەر ڕوباری ئاراس و پەڕینەوەیان زەبرێکی کوشندە بوو بۆ دڵی دووژمنان و نەیارانی دۆزی کورد، لە هەمان کاتدا خۆشی و هێزی بە میللەتی کورد و هەموو نیشتیمان بەخشی، پیرەمێردی شاعیری کورد لە شیعرێکدا بۆ پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵانی دەڵێ: عەشرەت هەوارە عەشرەت هاوارە کەوتومە ئاراس ئاو بێ بوارە پێم نیە منیش شوێن ئەوان کەوم هەنگاوێک بنێم پیرم ئەکەوم لێرەش وا کەوتووم بەدەم دەردەوە لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە بەڵکەم بە ئاهم دەوران وەرگەڕێ یا وا وەرگەڕێ ئێڵم سەرکەوێ با زرمەی تۆپی زەڕی بەرکەوی ئەوسا دووعای من وا گیراو دەبێ لە خانەی خاکا ئاواتم نابێ ئینجا تەلقینم بدەن بە کوردی بڵێن ئاواتت هاتە دی مردی...
پیرەمێرد 1947 چ جەنابی شێخ احمد بارزانی، چ ئەو هەڤاڵ و پێشمەرگانەی کە لەگەڵی بوون، چ خانەوادە و میللەتەکەی هەموویان باوەڕی تەوایان بە بارزانی هەبوو کە لەئاست بەرپرسیارەتی دەبێت و پەیام و دۆزی کورد دەگەیێنێتە قۆناغ و بە سەربەرزی دەگەڕێتەوە، لە کۆتایدا هەر وای کرد و ئەنجامەکانیش هەر وا دەرچوون.