ئۆپۆزسیۆن بە یەکێک لە کۆڵەگە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی ناو هەر سیستەمێکی سیاسی دادەنرێت، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پێشخستنی کۆمەڵگا هەیە، تەنانەت ئاستی ژیاریی و شارستانییەتی هەر کۆمەڵگایەک و دیموکراسییەتی هەر سیستەمێکی سیاسیش، بە ئاست و ڕاددەی بوون و کاریگەریی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییەکەی دەپێورێت. بۆیە ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕۆڵە مێژوویی و سیاسییەی هەیەتی، پارێزگاری لە بنەما و بەها کولتووری و سیاسی و مۆڕاڵییەکانی کۆمەڵگاکەی بکات.
پسپۆرانی بواری زانستە مرۆییەکان و لەناویاندا سۆسیۆلۆژیست و توێژەرە سیاسییەکان، گرنگیێکی زۆر تایبەت بە ڕەفتار و مۆڕاڵی پیشەیی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەدەن، بەوپێیەی وەک هەر پیشەیەکی دیکەی ژیانی گشتی، دەبێ ئۆپۆزسیۆن پابەندی ئەرک و بەرپرسیارێتییە مۆڕاڵی و ئەخلاقییەکانی پیشەکەی بێت.
نیشانەیەکی زۆر سادەی ناسینەوەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئەوەیە، کە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا هەیە. بەتایبەتی کە لە باری بیرکردنەوەی سیاسی و دونیابینیدا، لە هێزەکانی ناو دەسەڵات جیاوازە و دەیەوێ فۆڕمێکی دیکە لە حوکمڕانی و شێوازی بەڕێوەبردن بۆ خەڵک بخاتە ڕوو، کە دواجار بە خزمەتی چاکە و بەرژەوەندیی گشتی بشکێتەوە.
کەواتە، ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، ململانێی نێوان دوو کەس، یان چەند کەسێک نییە، کە بەرژەوەندییەکانیان ناکۆکن، بەڵکوو ململانێی نێوان فیکر و میکانیزم و ڕێگاچارەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسییە، لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت فیکری و ڕۆشنبیریش. ململانێی نێوان دوو هێز و دونیابینییە، کە پڕۆژەی جێگرەوەیان بۆ باشترکردنی کۆی کایەکانی ژیانی کۆمەڵگا هەیە.
لەم دیدگایەوە، ئۆپۆزسیۆن سەرەڕای ئەرکە سیاسییەکانی و هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، وەک مافێکی سیاسیی خۆی. هاوکات لەبەردەم بەرپرسیاریێتیی مەزنی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیش دایە. ئۆپۆزسیۆن وەک ئەوەی مافی خۆپیشاندان و ناڕازیبوونی لە بەرامبەر هەنگاو و سیاسیەتەکانی دەسەڵات هەیە، بە هەمان ئەندازەش بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی. هێندەی ئەوەی کە مافی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی حکوومەت و دەسەڵات و دنەدانی شەقامی لەپێناو سەرخستنی پڕۆژە سیاسییەکەی هەیە، ئەوەندەش ئەرکی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی لە ئەستۆ دایە، کە ڕوو دەکەنە وڵات، بەتایبەتی ئەو قەیرانانەی کە مەترسیی ڕاستەقینەن بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، لە چەشنی هێرش و پەلاماری دەرەکیی، هەڕەشە تیرۆریستی و جەنگی تیرۆریستان، شەپۆلی پەتای کوشندە و…..!
ئۆپۆزسیۆنی سیاسی وەک چەمک، هەر بە تەنیا بریتی نییە لە پڕۆژەی ڕەخنە و ناڕەزایی، بەڵکوو پڕۆژەیەکیشە بۆ چاکسازیی و نوێبوونەوە. بۆیە دەبێت ڕەخنەی ئۆپۆزسیۆن لەپێناو باشترکردنی فۆڕم و ناوەڕۆکی حوکمڕانیی، هەروەها بە ئامانجی پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگا بێت لە ئاست و کایە جیاوازەکاندا، نەک بریندارکردنی فڵان حزب و تەشهیرکردن بە فیسار سەرکردە و سووکایەتیکردن بەو پیرۆزیی و بەها نەتەوەیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتییانەی، کە سەرەڕای جیاوازییە فیکری و سیاسی و ئینتما بچووکەکانیان، نەتەوە و ئەندامانی کۆمەڵگا بەگشتی، لەسەری ڕێککەوتوون. ئا لێرەدایە کە هەموو ئەو حزبانەی بڕیاریان داوە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و بنەما دیموکراسییەکانی ژیانی فرەیی سیاسیدا، ببنە هێزی ئۆپۆزسیۆن، گوفتار و ڕەفتار و کاردانەوەکانیان، وەک بەشێک لە ئەخلاقیاتی سیاسیان، دەکەوێتە ژێر پرسیار.