ساڵێک پێش ئێستا، ڕێک ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩، (نێچیرڤان بارازنی) سوێندی یاسایی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی هەرێم خوارد و لە سوێندەکەیدا گوتی: “سوێند بێت بە خوای مەزن، پارێزگاریی لە مافەکان و دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەم و ئەرک و فەرمانەکانم بە دروستی و دڵسۆزیی ئەنجام بدەم”.
نزیکەی سی ساڵ کاری حزبی و سیاسی و ساڵانێکیش حوکمڕانیی، ئەزموونێکی تێر و دەوڵەمەند بوون، بۆ ئەوەی وەک سەرکردەیەکی بەرپرس، مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکاندا بکات. بوارێکی باشیش بوو بۆ ئەوەی بە کردار بۆ دۆست و نەیارانی لە ناوخۆدا بسەلمێنێت، کە بە یەک مەسافە لە هەموویان نزیکە. وەک چۆن هەلێکیش بوو بۆ ئەوەی بە درێژایی ئەو ماوەیە، ستراتیژ و ئەجێندای سیاسی و حوکمڕانیی خۆی، لە بواری کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، بە شێوەیەکی کردەنی و لە واقیعدا بکاتە کردار و هەڵوێست.
دیارە ساڵێک بەس نییە، تاکوو لە سای هەلومەرجێکی وادا، هەڵسەنگاندنێکی ورد و یەکلاکەرەوە بۆ کار و هەنگاوەکانی هیچ کەسێک بکرێت، بەڵام بۆ سەرکردەیەک، کە توانای بینینی سەرجەم گۆشە دیار و نادیارەکانی هاوکێشەکانی هەیە.. بۆ کاراکتەرێکی سیاسی، کە دەوروبەری خۆی لەسەر بنەمای ڕەش و سپی، دۆست و دوژمن دابەش نەکردووە.. بۆ کەسێک، کە عەقڵانیەت و زمانی گفتوگۆی، وەک جێگرەوەی نەگۆڕی هەر ئامراز و شێوازێکی دیکەی چارەسەریی کێشەکان کردووەتە بنەمای کار و بەرنامەی خۆی، بەتایبەتی لە پەیوەست بە گوتاری ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانیدا. ئەمە بەشی ئەوە دەکات حوکمێکی لەبارەوە بدەین.
ئەو لە دۆخێکی سەختدا پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی وەرگرت، دۆخێکی ئاڵۆزی پڕ قەیرانی سیاسی و و کێشەی تەناهی و تەنگژەی ئابووری. بەردەوامیی پەتای پەرتەوازەیی سیاسیی ناوخۆ، کە تا ئێستاش وەک خۆرە گیانی ئەم نیشتمانە و هاووڵاتیانی دەخوا..
قەیرانی دارایی و ئابووری، کە تەنگی بە هەمووان هەڵچنیوە.. کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە هێشتا چارەسەری ڕیشەییان بۆ نەکراوە .. ئاڵۆزیی و گرژییەکانی ناوچەکە، کە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی بۆ مرۆڤەکانی ئەو جوگرافیایە دروست کردووە.. شەپۆلی ڤایرۆسی کۆڤید١٩ی کوشندە، کە کونج و کەلەبەری دونیای گرتووەتەوە و بووەتە هەڕەشە و مەترسیی بۆسەر ژیانی مرۆڤەکان و سیستەمەکانیش. کەچی سەرەڕای هەموو ئەمانە، کار و هەنگاوەکانی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە، هیچ کام لەم کێشە و قەیرانانە نەیانتوانیوە بەر بە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم بە ئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخەکە بەگشتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقدا بگرن، کە ئامانج لێی چاکە و خزمەت و بەرژەوەندیی گشتییە.
ئەزموون پێمان دەڵێت، کە سەرۆکی هەرێم کاراکتەرێکە هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکات.. باوەڕێکی کۆنکرێتیی بە زمانی گفتوگۆ و بەیەکەوەهەڵکردنی جیاوازییەکان هەیە.. کاری جیددی لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ناکۆکەکان دەکات و هەمیشە دەریچەیەک دەدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی هەمووان بێنێتەوە سەر یەک مێز. ئەمەش ئەو خاڵە گرنگەیە، کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی هەرێم و عێراق و تەنانەت دەرودراوسێشدا دەیخوازێت
. هەڵوێست و هەوڵ و هەنگاوەکانیشی لەو ماوەیەدا، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئاستی جیددییەت و سووربوون و پێداگرییەکەی لەسەر ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوماڵی سیاسیی کوردستان بەتایبەتی، لەگەڵ دروستکردنەوەی پرد و ڕایەڵەیەکی نوێ لەگەڵ بەغدا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و کاراکردنەوەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهانی و سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا، بە شێوەیەکی گشتی.
دوای ئەو قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوورییانەی هەر لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە، کە تا دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمیش بەردەوام بوون. زۆرێک پێیانوابوو ئیدی هەموو دەرگاکان لە ناوخۆ و عێراق و دەرەوەدا بە ڕووی کورد داخراون، بەڵام ئاستی بەرزی متمانە بەخۆبوون، شارەزایی لە زمانی کردنەوەی دەرگا سیاسییەکان، ئەزموونی هونەری پەیوەندیگرتن و تێهەڵچوونەوە، هەستی خاوەندارێتیکردن و خۆ بە بەرپرس زانین لە ئاست دۆزەکان. هەموو ئەوانە وایان کرد سەرۆکی هەرێم کۆدەکان بکاتەوە و ئەو قوفڵانەش بشکێنێت.
دەتوانین بڵێین ئەم کاراکتەرە سیاسییە، کە لە کاری سیاسیدا پشوودرێژ و بە حەوسەڵەیە، توانا و سەلیقەیەکی باشی لەوەدا هەیە قەیرانەکان بۆ دەرفەتی نوێی تێهەڵچوونەوە و تەنگژەکان بۆ هەلی تازەی دەستپێکردنەوە بگۆڕێت. خاوکردنەوەی گرژییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا، وەبەرهێنانی سیاسی و ئابووریی لە سەکۆ و مینبەرە نێودەوڵەتییەکان (دیدارەکانی داڤۆس وەک نموونە). هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەوڵ و هەنگاوەکانی بۆ تێکشکاندنی هەموو ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی بوونەوە.
ئەوەی وای کردووە سەرۆکی هەرێم لە هەنگاوەکانیدا سەرکەوتوو بێت و دونیابینیی سیاسی هاوچەرخ و پێشکەوتووخوازانەی خۆی لە ئاستی گوتارەوە بگوازێتەوە واقیع و بیانکاتە کردار، ئەوەیە کە باوەڕی بە زمانی لێکتێگەیشتن و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان هەیە، هەروەها لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکیشدا، تەواوی لایەن و کاراکتەرە سیاسییەکانی بەرامبەری، متمانەیان بە ڕاستگۆیی و سەرڕاستییەکەی هەیە. وەک چۆن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بە جیاوازیی ڕەنگ و ڕەگەز و ئینتیما و پێکهاتەکانیان، بەردەوام ئەو چاوەڕوانییەیان لێی هەیە، کە بەچاوپۆشین لەوەی جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام وەک سەرۆکی هەرێم، ڕاستەوخۆ بێتە ناو هاوکێشەکان و ئاو بە ئاگری هەر کێشە و فیتنەیەکدا بکات، بۆ ئەمەش دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کردووەتە ئەو چەترەی، کە هەمووان تیایدا خاوەن بڕیار و کاریگەر بن.
لەم گۆشەنیگایەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ پابەندبوونی ویژدانی و مۆڕاڵیی و بەرپرسانەی سەرۆکی هەرێم، بەو سوێندەی لە ڕۆژی دەست بەکاربوونیدا لەبەردەم هێز و کەسایەتییە سیاسییە کوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتییەکان و تەواوی خەڵکی هەریمی کوردستاندا خواردی. سوێندی داکۆکیکردن و پاراستنی ماف و دەسکەوتەکان و یەکڕیزیی و بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.