Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 05:23

ھەوڵەکانی نادیدەگرتنی پارتی بە مردوویی لەدایک دەبن

لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموو شتێك ڕادەستی بەغدا كرا، بەڵام لە كۆتاییدا دووبارە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ ھەولێر كرد
100%

ئەوەی ئێستا بەشێك لە سەركردە گەنجەكانی ھەندێك لە حیزبەكان خەریكە ئەنجامی دەدەن، ھەمان ھەوڵ و سیناریۆكانی باڵی مەكتەبی سیاسیی دوای ساڵی (١٩٦٤)ـە، سەركردە جیابووەوەكانی ئەوكات ھەموو جۆرێك لە فشاری سیاسی و سەربازییان بەرامبەر بارزانیی باوك بەكار ھێنا، بەڵام نەیانتوانی ھیچ شتێك بەدەست بێنن، دواتر گەڕانەوە ڕیزەكانی پارتی و لای بارزانی.

 

یەكێك لە ھەوڵەكان بۆ لاوازكردنی پارتی، چوونەپاڵ حكوومەتی عێراقی بوو، لە كاتێكدا لە ڕابردوو و ئێستاشدا تاقی كراوەتەوە و ھەموو كات شكستی ھێناوە، لە دوای جیابوونەوەی ساڵی  ١٩٦٤ھەموو شتێك لەگەڵ عێراق بەرامبەر پارتی ئەنجام درا، بەڵام لە كۆتاییدا حكوومەتی عێراق ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادری ساڵی ١٩٧٠ی لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی واژۆ كرد، لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموو شتێك ڕادەستی بەغدا كرا، بەڵام لە كۆتاییدا دووبارە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ ھەولێر كرد، ئەو ھەوڵانەی ئێستاش بە ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھەندێك لایەن هەن بە جیاكردنەوەی سلێمانی و ڕاستەوخۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، ھەمان چارەنووسی دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەمووان دەزانن پارتی و بارزانی نوێنەری راستەقینەی ھەرێمن.

 

ھەوڵەكانی بەتەنیا ھێشتنەوەی پارتیش چارەنووسی باشتر نەبوو، لە شاخ بەرەی جوقد و لە شاریش ھێرشە سەربازییە ھاوبەشەكان  بۆ گەمارۆدان و لاوازكردنی پارتی و دواتر كودەتای ٢٣ی حوزەیران، ھەمووان شكستیان ھێنا، لە ئێستاشدا لە دوای كۆبوونەوەی ٧ی ئایاری ئەمساڵەوە، ھەوڵ دەدرێت ھەمان سیناریۆ دووبارە بكرێتەوە، لە ئێستاشەوە دەرئەنجامەكەی ڕوونە، بەو ھۆكارەی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ئامانجی ئەم جۆرە ھەوڵانە تێدەگەن و نابنە بەشێك لەم سیناریۆیە، ھەوڵە شكستخواردووەكان بۆ كۆدەنگی لەسەر تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و دروستكردنی پشێوی لە بێدەنگیی مامۆستا (سەڵاحەدین بەھائەدین) ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی دەھۆك و وتەكانی (ھێمن شێخانی) باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر، دووپاتی ئەم راستییە دەكاتەوە.

 

لە لایەكی دیكەشەوە، ھێنانەپێشەوەی پرسی لامەركەزیەت و دووئیدارەیی، جگە لەوەی مەبەست لێی ئاستەنگ خستنە بەردەم بەدیھێنانی كوردستانێكی بەھێزە، كە دروشمی سەرەكیی كابینەكەی سەرۆكوەزیران (مەسروور بارزانییە) ھاوكات لە ڕابردوودا تاقی كراوەتەوە و ھەمووان دەزانن چۆن بوو، ئیدارەیەك، كە كەس نەیزانیوە كێ سەرۆكی حكوومەت و كامە  پارێزگار و حاكمی شار بووە، بەپێی لێدوانی سەرۆكی لێژنەی بە ناو لامەركەزیەت، داھاتی ھیچ یەكەیەكی ئیداری دیار نییە و ئەوەشیان دووپات كردۆتەوە كە بەو داھاتە ناتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بكەن، كە وا بێ ئەم ھەوڵەشیان ھەر لە سەرەتاوە بە مردوویی لە دایك بووە.

 

پەرەپێدانی ئیرھابی فكری و مامەڵەی پیلانگێڕانە، ھەمووی بە شێوەی كاتی بوونی ھەبووە چ لە شاخ و  ھەمیش لە شار، بەڵام ھەمیشە راستییەكان بە ماوەیەكی كورت ڕوون بوونەتەوە، لەلایەكی ترەوە خەرجكردنی پارە و وزەیەكی مرۆیی زۆر  بۆ پەرەپێدانی ئەم شێوازە لە مامەڵە لەگەڵ پارتی، ئەگەر بۆ خزمەتكردنی شار و دەڤەرەكە بەكار بھاتایە، ئێستا بارودۆخەكە زۆر جیاواز دەبوو، لە لایەكی ترەوە ئەو ھەموو پیلانگێڕیانەی بە درێژایی مێژوو بۆ لاوازكردنی پارتی و بارزانی ھەیانبووە، ئەگەر نیو ئەوەندەش پلانیان ھەبووایە بۆ چاككردنی وڵات، ڕەوشی كوردستان لە ھەموو ڕوویەكەوە زۆر لە ئێستا باشتر دەبوو،  دەرئەنجامەكەش ڕوونە، پارتی حیزبی یەكەم و بێڕكابەرە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیشدا.

 

 لە كۆتاییدا پێویستە ھەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگ، لەبەر ئەوەی تاكە ڕێگەیە بتوانن بگەن بە ئامانجی ھاوبەش، ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، پاش ململانێیەكی زۆر ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەوانەی لە خەمی میللەت و گەشەسەندنی وڵاتن، لەبری پیلاندانان، پێویستیان بە پلانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.