لەبەر ڕۆشنایی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەخلاقیاتی سیاسیی دروستدا، هەروەها بەرمەبنای ئەو پێشمەرج و بنەمایانەی لە فەرهەنگی سیاسی و توێژینەوەکانی زانستە سیاسییەکاندا بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە و بەرپرسیار دیار کراون. نابێت ئۆپۆزسیۆنی سیاسی گوتارەکەی شتێک و ڕەفتارەکەی شتێکی تر بێت..
نابێت لە خستنەڕووی پرس و بابەتەکاندا، کە تیایاندا لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات ناکۆکە، درۆ لەگەڵ هاووڵاتیان و بەتایبەتیش جەماوەرەکەی خۆی بکات.. نابێت هەلومەرجی تووڕەیی خەڵک بقۆزێتەوە و دواتر بازرگانی بە خەون و خەبات و خوێنی ئەو خەڵکەوە بکات.. نابێت شوێنکاتی قەیرانی دەرەکیی، کە لە دەرەوەی دەسەڵات و ئیرادەی حکوومەت و دەسەڵاتی خۆماڵیدایە، بقۆزێتەوە و نان و پیازی نیشتمانپەروەریی پێوە بخوات..
نابێت لە سەر شاشە و لە بەردەم مایکەکاندا ببێتە شەریفی ڕۆمێ و لە ژوورە تاریکەکانیشدا شەڕ لەسەر پۆستی وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی دەستە و ئەو شتانە بکات.. نابێت هاوشێوەی حزبە حوکمڕانەکان، ڕێگا بە پەرلەمانتێرەکانی بدات، شووققەی گوندی ئیتاڵی وەربگرن و سێ دەفتەر دۆلاری ناوماڵ کڕین بە حەڵاڵ بزانن و سویچی وەنەوەشەی سفر کیلۆمەتر، بە قەدی پەنجەیان با بدەن، ئینجا بیانێرنە ناو خۆپیشاندەرانی مافخوراو و خۆشیان لەوان مەغدوورتر نیشان بدەن..
بە کوردی و بە کورتی: بەرمەبنای پێناسە و پێشمەرجەکانی ناو فەرهەنگی سیاسیی، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، هێزێک نییە لەگەڵ “دەسەڵات” گۆشت بخوات و لەگەڵ “خەڵک”یش شین بگێڕێت.. هێزێک نییە، چوارپەلی لەناو حکوومەت بێت و تیلەچاوێکی لە شەقام بێت.. هێزیک نییە، تا پارە و داهات هەبێت، شەریکە بەشی حوکمڕانیی بێت، کە ئەوە نەما و حکوومەت کەوتە قەیرانی دارایی، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت و خۆی لە بەرپرسیارێتیی بدزێتەوە.. هێزێک نییە، وەزیر و گزیرەکانی لە مووچەی بندیوار بەرخورد بن، کەچی فرمێسکی تیمساحیی بۆ دواکەوتنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران بڕێژێت.. هێزێک نییە، دەیان وەزیر و سەدان پلە تایبەت و باڵای، کە دانە ڕۆژێک دەوامی وەزارەت و دەزگاکانی حکوومەتیان نەدیوە و لەشکرێک بندیواری هەبێت، کەچی باسی چاکسازیی و دژایەتیی گەندەڵیی و بێدادیی بکات..
ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە، هێزێک نییە، لەکاتێکدا نەتەوە و نیشتمانەکەی رووبەڕووڕیی مەترسیدارترین جەنگی تیرۆریستان دەبێتەوە، ئەو هێزەی بەرگریی لە نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات و لەو پێناوەدا خوێن و گیانی دەبەخشێت، بە میلیشیا ناو ببات.. هێزێک نییە، نیشتمانپەروەریی بە خەڵک بفرۆشێتەوە، کەچی منداڵەورتکە و هەرزەی سیاسی بنێرێتە بەغدا، تا پێشنیازی بڕینی بودجە و قووتی خەڵکەکەیان و لەشکرکێشیی سەربازیی بۆ سەر نەتەوەکەیان بدەنە سەرانی عێراقی عەرەبی.. هێزێک نییە، لەم بەر ڕۆژنامەنووسێک تیرۆر بکرێت، وەک هێلکە شەیتانۆکە بچێتەوە قەپێلکی خۆی، بەڵام لەوبەر ڕۆژنامەنووسێک بکوژرێت (کە هەردووکیان ئەوپەڕی بێڕێکردنن بە مرۆڤ)، خۆی لە خەڵک بکاتە گیڤارا.. هێزێک نییە، لەمبەر مامۆستایەک لەبەر دەرگای بارەگایەکی حزبیدا خەڵتانی خوێن بکرێ، متەقی لێوە نەیەت، بەڵام مامۆستایەک لەوبەر شەقی تێ هەڵبدرێت (کە هەردووکیان شکاندنی شکۆی مرۆڤن)، بیکاتە ڕۆژی حەشر و…...هتد.
کەیفی خۆیانە ناوی چیان لە خۆیان ناوە، یان دروشمبازیی بە چ چەمک و بەهایەکەوە دەکەن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، کە ئەو حزبانەی هەرێمی کوردستان، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نین، بەڵکوو حزبی بۆنە و شاباشن، کە هەر جارە لایەک لە مێگەل، کە ناویان نراوە شەقام، بە ئاوازەکانیان دەکەونە هەلەکە سەما و لە کۆتاییەکەیدا دەستبەتاڵ و مایە پووچ دەمێننەوە.
هەر زۆر بە کورتی: ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنە سیاسییانەی ئێمە، حزبی “ناڵ و بزمار” کوتینن، حزبگەلێکن بە “پیک” لێی دەدەن و بە “ماپیک” دەیگێڕنەوە و مێگەلیکیش پێیان مەست و حەیران بووە!