Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 12:54

ئایا هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان چارەسەرە

بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، کۆرۆنا لە جیهاندا نامێنێت؟
د.رێبین سه‌لام
100%

 هەروەک دەزانن دەست نیشانکردنی هۆکاری هەر کێشەیەک هەنگاوێکی زۆر گرنگ وپێویستە بەر لەوەی باس لە چارەسەر بکرێت، جا ئەو کێشەیە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، تەندروستی یان هەر جۆرە کێشەیەکی دیکە بێت، نەفامیە پزیشکێک بەر لە دەست نیشانکردنی نەخۆشیەک هەر لە خۆیەوە بەر بێتە دەرمان نوسین، ئەم بۆچونە بۆ ناونیشانەکەی سەریشەوە هەر راستە، چونکە هەندێک برادەری (تاریکبیر) نەک (رۆشنبیر) دەڵێن هەڵبژاردنی پێش وەختە چارەسەرە، بۆیە دەڵێین ئەوانە نا رۆشنبیرن هەقی وایە کەس هین بە کڵاویان نەپێوێت، چونکە بە بێ تەماشاکردنی هۆکارەکانی ئەم دۆخەی کوردستان ودەستنیشانکردنیان، وەک توتی وبەبەغا ئەم دەستەواژەیە دەڵێنەوە ولاسایی یەکدی دەکەنەوە، یاخود ئەڵقە لە گوێ ی ئەم وئەون وقەڵەم ودەمیان چەور کراوە، کە هەردوکی هەڵەیە ودەمیان داخەن باشترە، لەبەرئەوەی بەر لە باسکردنی هەڵبژاردنی پێش وەختە ئایا ئەم پرسیارانەیان لە خۆیان کردووە:

١- بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لە جیهاندا؟
٢- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، کۆرۆنا لە جیهاندا نامێنێت؟
٣- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، (٤٥)ملیار دۆلاری عەجزی میزانیەی عێڕاق پڕ دەبێتەوە؟  
٤- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، دوو سەرۆکەکە و دوو فاقیەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبنەوە بە یەک؟
٥- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، داعش لە ناو دەچێت ودەوەستێت لە سوتاندنی دەغڵ و دانمان؟
٦- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، بە عەرەبکردنی کەرکوک دەوەستێت وئەو کەرکوکەی بە خیانەتێکی پیس وچەپەڵ لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر تەسلیمیان کرد. دەماندەنەوە؟
٧- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، ململانێ ی نێوان ئێران وئەمریکا دەوەستێت؟
٨- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، بەغدا موچە وشایستە داراییەکانمان بۆ دەنێرێت؟
٩- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان گەندەڵی لە عێڕاق چارەسەر دەکرێت ورەتڵە شەحنی ئوتومبێل لە بەندەری فاو بە ناوی حەبی پاراستۆڵەوە ئام دیو ناکرێت تاوەکو ئێمەش بە خاترجەمی داهاتی گومرگەکانیان بدەینێ؟ 
١٠- بە هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان، ئەو بیرەنەوتانەی مافیاکانی سلێمانی دەستیان بەسەردا گرتووە وتاڵان فرۆشی دەکەن، دەیگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان؟
١١- بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کوردستان، دەوڵەمەندە فاڵسۆکانی کوردستان قەرزەکانی حکومەت دەدەنەوە؟
١٢- بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی کوردستان، پێکهێنەرانی حکومەتی هەرێم لە خۆشی وناخۆشی لەگەڵیدا دەمێننەوە ودەوەستن لە موزایەدەیەکی پڕ وپوچ کە خودی خۆشیان سودیان لێ نەدی لە کابینەکەی پێشودا بەڵکو تەنها پارتیان پێ گەورەتر کرد لە ٣٨ ەوە بوو بە ٤٥ کورسی پەرلەمان.
 ئەگەر بە هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەمانە روو دەدات لە جێ ی ئێوە بم ئەگەر یەکەم کەس نەبم بڵێم: هەڵبژاردنی پێش وەختە لە کوردستان چارەسەرە 
د. رێبین سەلام.
٢٠/٥/٢٠٢٠

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.