Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 00:31

هه‌ولێر سه‌وڵی پۆڵایه‌ و که‌ناریشی نزیک

هه‌موو ئه‌و كارتانه‌ له‌سه‌ر مێزی هه‌ولێردان، هه‌ندێكیان گه‌مه‌ی خۆیان كردووه‌ و كاتیان ته‌واو بوو، هه‌ندێكیان هه‌ر ئیكسپایه‌رن
100%

ئه‌وه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌، هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی باشوور و ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر فشار و قه‌یرانی ئاماده‌كراو و گه‌له‌كۆمه‌كی و هێرشی سه‌ربازی و پیاده‌یی و هێرشی میدیایی و سۆشیاڵمیدیایی پلان بۆدارێژراوێك كه‌ ئازاری ده‌روونی له‌ هێرشی سه‌رزه‌مینی سه‌ربازی كه‌متر نییه‌، گه‌ر زۆرتر نه‌بێ.

ئه‌م قه‌یران و رووداوانه‌ی نێو رۆژه‌ڤی ئه‌م دوو مانگه‌ی نێو سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید 19 كوشنده‌یه ‌كه‌، گه‌ر هه‌ندێكیان تازه‌ هه‌ڵتۆقییوو بووبن، شاراوه‌نییه‌ هه‌ندێكی تریان درێژكراوه‌ی رووداوه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌ن. له ‌رۆژی كوشتنی قاسم سوله‌یمانییه‌وه‌ له‌ 1-3-2020 وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌و درێژكرایه‌وه‌ بۆ رۆژی ده‌نگ نه‌دان و ئاماده‌نه‌بوونی په‌رله‌مانتارانی كورد بۆ ده‌ركردنی سوپای هاوپه‌یمانان كه‌ مه‌به‌ست لێی سوپای ئه‌مریكا بوو.

هه‌موومان له‌ بیرمانه‌، له‌ نێو گه‌رمه‌گه‌رمه‌ی ئه‌م رووداوانه‌دا بوو، له ‌رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ له‌و دیووی سنووره‌وه‌ له‌ رێگای هه‌ندێ له‌ میدیاكانییه‌وه‌ ویسترا شانی حكومه‌تی هه‌رێم ئارداوی بكرێ، نه‌ بۆیان سه‌لمێنرا، نه ‌بۆشیان چووه‌ سه‌ر.

هاوكات  له ‌رۆژئاواوه‌ش حه‌سه‌ن نه‌سرولله‌ ئه‌و پیاوه‌ی به‌ (سكت دهرا و نگق كفرا) بێ هیچ هۆكارێ ویستی مێرووله‌ ئاسا به‌رووی كێوی به‌رزی سه‌رۆك بارزانی  هه‌ڵزنێ ..!! 

هه‌موو ئه‌و كارتانه‌ی دوای ئه‌م دوو رووداوه‌ی نێو رۆژه‌ڤی سیاسیی عێراق دژی هه‌ولێر یارییان پێكرا، كارتی ده‌ره‌كی هه‌ر له‌ هاتنی كۆرۆنا كۆڤید 19كه‌وه‌، له‌ قومه‌وه‌ بۆ نه‌جه‌ف و سلێمانی، و له‌ولاوه‌ش بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست وه‌ك ئه‌مریكییه‌كان ده‌ڵێن كۆمپانیای ماهان - ئێری ئێرانی بووه‌ هۆی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ عێراق و لوبنان و ئه‌ورووپا.

له ‌كارتی ناوخۆیش تا پرس و كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی په‌ناهه‌نده‌ی رۆژهه‌ڵات و له ‌سێداره‌دانی .. رۆژڤی  زینی وه‌رتێ و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌غدای (خانم حه‌لیمه‌، بۆ سه‌رعاده‌تی قه‌دیمه)ی، ئه‌و‌جاره‌یان نه‌ك هه‌ر به‌ هاتنه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌ند و بالۆره‌ی سواووی ( نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ بوودجه‌ )، به‌ڵكو( نه‌وت و داهاته‌كان به‌رامبه‌ر به‌  بڕێ بوودجه ‌) تا پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانی له‌ په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر و بێ به‌هاو به ‌كه‌م سه‌یركردنی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی كوردستان، له‌ولاوه‌ش تا ده‌گاته‌ ( نمایشی سه‌ر شه‌قامی، نه‌ك خۆپێشاندانی دهۆك بۆ مووچه‌ و رۆژانه‌ سووتاندنی هه‌زاران دۆنم له‌ ده‌غڵ و دانی جووتیارانی كورد ) و ئیتر.... 

هه‌موو ئه‌و كارتانه‌، ئێستا له ‌به‌رده‌ستی هه‌ولێرن، له‌ به‌رده‌ستی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم دان. ئه‌و كابینه ‌و حكومه‌ته‌ی ‌هێز و توانای بێشوماری‌ پشتیوانی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكه‌ خۆراگره‌كه‌یه‌تی بۆته‌ شاده‌ماری ژیان و په‌یكه‌ربه‌ندی به‌رده‌وام بوونی. بۆیه‌ دروشم و كرداری، به‌رنامه ‌و ئامانجی، پیاده‌كردنی چاكسازی هه‌میشه‌یی و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوورییه‌ بۆ هێنانه‌دی كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری له ‌بڕیار و ئابووری نێوخۆ.

هه‌موو كارته‌كان له ‌به‌رامبه‌رهه‌ولێری پایته‌ختی كوردستاندا، وا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن: 

سلێمانی ئۆپۆزیسیۆن به ‌ره‌نگ و بۆی هاوپه‌یمانی شه‌ریكه‌ به‌شی حوكمداری هه‌ولێر. به‌غدا نه‌یار، به‌ره‌نگ و بۆی دوژمن گه‌ر بۆی بلوێ 16ی ئۆكتۆبه‌رێكی تر و ئیتریش به‌ره‌نگ و بۆ و هه‌نجه‌تی تر دووباره‌ده‌كاته‌وه‌.

پایته‌ختانی دراوسێی هه‌ولێریش، رۆژانه‌ به‌ به‌رنامه‌ له‌ ئاین و ئۆینی هه‌ژموون و فشاری ژووره‌ تاریكه‌كانی خۆیان نه‌كه‌توون و هه‌میشه‌ به ‌جۆرێ له ‌جۆره‌كان هه‌وڵی ڕه‌وانه و هه‌نارده‌ ‌كردنیان ده‌ده‌ن بۆ نێو سنووری كوردستان. 

ئاخر.. تا چاوساغ و شوونهه‌ڵگرانی كورد هه‌بن  و چالاك بن، هێمنی شاعیر گوته‌نی نه‌ك هه‌ر ئه‌و ‌(بستۆكه‌یه‌)، به‌ڵكو ئه‌و (هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌)ی سنووریش پارێزراو نابێت.

ئێستا .. هه‌موو ئه‌و كارتانه‌ له‌سه‌ر مێزی هه‌ولێردان، هه‌ندێكیان گه‌مه‌ی خۆیان كردووه‌ و كاتیان ته‌واو بوو، هه‌ندێكیان هه‌ر ئیكسپایه‌رن و پێشتر تاقیكراونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیشیان هه‌ر له‌ یاری كردندان و كاتیان ماوه‌و پشوودرێژی ده‌وێ، ئه‌وانی تریشیان جارێ دیاری نادیارن.

له‌ نێو ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه ‌سیاسییه‌ تێكقژقژاوانه‌ی رۆژانه‌دا، كه‌ له ‌هه‌ر چوار لاوه‌ ده‌رخواردی هه‌ولێر و كوردستانییان ده‌ده‌رێن، هه‌ولێر خودان ئه‌زموونی مێژووی  ده‌وڵه‌تداری و حوكمه‌تایه‌تی سه‌ركه‌وتووی خۆیه‌تی و ئاینده‌ی كوردستانه‌ ئازاد و سه‌ربه‌خۆكه‌شی له ‌ده‌ستێكی ئه‌مینی ژیری سه‌ركردایه‌تییه‌كی خودان ئه‌زموونی ره‌سه‌نی مێژوویی و هاوچه‌رخی خۆی دایه‌، پشت ئه‌ستووریشه‌ به ‌جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌كانی كوردستانییانی ڕه‌سه‌ن و نه‌جیب زاده‌ی خۆی.

كوڕینه‌، لاوچاكومێرخاسینه‌، خانمان، خاتوونان، كچانی رووسووری كوردستان ئه‌وا ئێره‌ هه‌ولێره‌، هه‌میشه‌ به ‌سه‌ركەو‌تن فێره‌. ئه‌وا ئێره‌ هه‌ولێره‌، سه‌وڵی پۆڵایه‌ و كه‌ناریشی نزیك.

سه‌رنج: ناونیشانی وتاره‌كه ‌له‌ كۆشیعری دیوانی په‌شێو، به‌ ده‌ستكارییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

  

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.