Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 12:46

هەڵوێسته‌که‌ى سەرۆکی پەڕلەمان

 بەداخەوە سەرۆکی پەڕلەمان لە جیاتی پابەند بوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان فەرمانی حیزبی جێبەجێ کرد
ئاسۆ حاجی
100%

 بەداخەوە سەرۆکی پەڕلەمان لە جیاتی پابەند بوون بە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان فەرمانی حیزبی جێبەجێ کرد،لە جیاتی سەرۆکی پەڕلەمانی هەموو کوردستانیان به‌ت تەنها نوێنەرایەتی کردنی حیزبەکەی هەڵبژارد و وەک کادیرێکی گوێڕایەڵ فەرمانەکانی سەرووی خۆی جێبەجێ کرد لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەی و لە خۆ رازیکردنی هاوسەرۆکە نوێیەکانی لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان،لە جیاتی ببێتە بەشێک لە چارەسەری بووە ئامرازێک بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان.

لێدوانەکانی رێواز خان لەوەی تا شکۆ بۆ پەڕلەمان نەگەڕێتەوە و دانیشتنەکان لەبەرژەوەندی خەڵک نەبن بانگی پەڕلەمانتاران ناکات بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی و گچکە کردنەوەی پۆستەکەی و ئەرکەکەی وەک نوێنەری خەڵک بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەی زیاتر نیە و ئەو بڕیار و هەنگاوەشی رێک لەگەڵ پیلانی حیزبەکەی یەکدەگرێتەوە کە هەموو توانایان خستۆتە کار بۆ پەکخستن و رێگری کردن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پەڕلەمان بڕیاری لێداوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژوی لەسەر کردووە و پێویستە بکەوێتە واری جێ بەجێکردن.

لەوە دەچێ سەرۆکی پەڕلەمان هەوڵ بدا ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان و هەبوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتارێک لەو گرژی و ململانێ سیاسیانە ببەستێته‌وه‌ کە لە نێوان حیزبەکاندا هەیە بە تایبەتیش لە نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان،بەو کارەشی هەوڵبدا خۆی لە بڕیاربەدەستە نوێیەکانی حیزبەکەی نزیک بکاتەوە،چونکە ئەوان رێگر بوون لەوەی رێواز خان ببێتە سەرۆکی پەڕلەمان و دواتریش لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە تەزکیە ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی،بۆیە هاتنە پێشی ئەو دۆخە ئەگەر بە دەستی ئەویش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە بۆ ئەوەی لە ناو حیزبەکەشیدا چیدیکە لەسەر ئەو باڵە لاوازە حیساب نەکرێ کە پێشتر بۆ دڵ راگرتنێکی کاتی سەرکردەکەیان رازی کرد.

دەرفەتێکی باش بۆ رێواز خان رەخسا بوو کە وەک ئافرەتێک مودێلێکی سەرکەوتووی سەرۆکایەتی کردنی گرنگترین دامەزراوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان نیشان بدا و ببێته‌ هاندەرێک کە حیزبەکان بۆ ناوەندەکانی دیکەش چاویان لەسەر ئافرەتانیان بێ،نەک لە یەکەم تاقیکردنەوەی جدی و هەستیار ئەوەمان نیشان بدا کە تەنها درێژکراوەی عەقڵیەتی نێری حیزبە و پیاوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەکان هەموو کارێک دەکات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.