Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 00:05

عێراقی دوای بەعس تەلاری دەوڵەتێک لەسەر زبڵ!

مەگەر ساویلکە و خۆشخەیاڵ بێت، دەنا هیچ کوردێکی بە ئاگا و هۆشیار، ئومێدی ئایندەی خۆی و ڕۆڵە و نەوەکانی، لەسەر ئەم وێرانەیە هەڵناچنێت
نوورى بێخاڵى
100%

دەروازە...

کەوتنی حکوومەتی بەعس و ڕووخانی ڕژێمەکەی (کە ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوو لە هێرشەکەیاندا) بەم شێوە خێرایە، بە جۆرێک کە بۆ خۆیشیان پێشبینییان نەدەکرد، ئەوانی خستە بەردەم ئەرکگەلی زۆر قورس. پشێویی و ئاڵۆزییەکانی دوای هەرەسهێنانی بەعس، کە سەرتاسەری دەوڵەتەکەیان گرتەوە (جگە لە هەرێمی کوردستان)، ئاماژەیەکی ڕوون بوون بۆ ئەو ڕاستییەی، کە ئەمریکا پلان و بەرنامە و پڕۆژەیەکی پێشوەختە ئامادەکراوی بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی دوای سەددام نەبوو. دروستبوونی بۆشایێکی گەورەی تەناهیی.. لەباریەک هەڵوەشانەوەی سیستەم.. نەمانی یاسا و دامەزراوەکان.. سەرهەڵدانی تاوان و خراپەکاریی.. ڕاوەڕووت و کردەوەی تێکدەرانە.. دەرکەوتنی حاڵەتەکانی بەریەککەوتنی تایەفی، وەک بەشێک لە هەست و ویستی پەنگخواردووی تۆڵەکردنەوە، کە دواتر بووە دیاردە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لە بەرگە ڕاستەقینەکەی خۆیدا (شەڕی تایەفی و کوشتن لەسەر ناسنامە) بەردەوامە. هەموو ئەمانە، بەڵگەی بێ بەرنامەییەکەی ئەمریکا بۆ قۆناغی نوێ، دەسەلمێنن.

لایەنە عێراقییەکان (کە زۆربەیان و بە تایبەتی شیعەکان، تینووی دەسەڵات بوون، نەک خەمی ڕێکخستنەوەی سیستەمەکە!) هەر زوو، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، داوایان لە ئەمریکییەکان کرد، کە حکوومەت پێکبهێنرێت و دەسەڵات بدرێتەوە بە عێراقییەکان، بەڵام جگە لەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، گومانیان لە توانای ئەو هێز و کاراکتەرە سیاسییانە هەبوو، لەوەی بتوانن دەوڵەت بەڕێوە ببەن. هاوکات دوودڵیش بوون لەوەی دەسەڵاتی عێراقیان ڕادەست بکەن، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و فراوانتربوونی ڕووبەڕی بۆشایی ئاسایش، کەوتنە سەر ئەوەی بیرێک لەم پرسە بکەنەوە و بیرۆکەی پێکهێنانیئەنجوومەنی حوکمیش، هەر لەو چوارچێوەیەدا سەری هەڵدا.

دەستەی ڕاوێژکارییعێراقی، کە دەسەڵاتی هاوپەیمانان بە مەبەستی پرس و ڕاوێژ لە کاروبارەکانی عێراقدا، پێکیهێنا، هەنگاوی یەکەمی ئەمریکییەکان بوو، بۆ بەشداریی پێکردنی عێراقییەکان لە کاروبارەکانی دەوڵەتەکەیاندا. دواتریش ئەو دەستەیە گۆڕا بۆ شتێک بە ناویئەنجوومەنی حوکم، ئەنجوومەنێک، کە ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی سنووردار و چەند دەسەڵاتێکی ڕووکەشیان پێی دا و (پۆل بریمەر)، کە دوای مانگێک لە ئازادکردنی بەغدا، شوێنی (جەنەڕاڵ جەی گارنەر)ی ئەمریکی گرتەوە، بە پشت بەستن بە بڕیاری (١٤٨٣ لە ٢٢ی ئاداری ٢٠٠٣)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، کە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی بە هاوپەیمانان دا، وەک سەرچاوەی یەکەم و خاوەنی ڕەهای دەسەڵات و بڕیارەکان، دەستی بە جێبەجێکردنی کار و هەنگاوەکانی حوکمڕانیی خۆی کرد.

لای خۆیەوە (سەرۆک بارزانی) لە شوێنکات و بۆنەی جیاوازدا، بە ڕوون و ڕاشکاوی قسەی لەسەر خەسڵەتە سەیر و سەمەرەکانی کەسایەتیی ناجێگیری (بریمەر) کردووە، بەتایبەتی هەڵەشەیی و هەڵچوونەکانی، بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و هەڵسوکەوتە لاسارە نالۆژیکییەکانی، لە پەیوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکاندا. تەنانەت ئاماژە بە چەندین نموونەی کاردانەوەی بەرپرسانە و هەڵوێستەکانی خۆیشی لە بەرامبەر ئەو پیاوەدا دەکات، کە هەندێ جار گەیشتووەتە ئاستی جێهێشتنی کۆبوونەوە فەرمییەکانی هاوپەیمانان و سەرکردایەتیی سیاسیی عێراقی و کوردستانی و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دواجار (بریمەر) بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. دیارە کاردانەوە و هەڵوێستەکانی ئەوکاتی (بارزانی) لە بەرامبەر لاسارییەکانی (بریمەر) بابەتی کەسیی نەبوونە، بەڵکوو نادیدەگرتنی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان لەپێناو ئازادی، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی و بەشێک لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، جەوهەر و ناوەڕۆکی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان لەلایەن ئەم حاکمە ئەمریکییە!

 

ڕادیکاڵییەتیبریمەرو نیگەرانیی عێراقییەکان!

لە ڕۆژی دەستبەکار بوونییەوە،بریمەرکە کەمترین شارەزایی لەسەر (مێژوو، کولتوور، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتیش ململانێ سیاسی و ئیتنی و نەتەوەییەکانی عێراق) هەبوو، بە شێوازێکی زبر و عەقڵیەتێکی وشک، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کەوتە مامەڵە.

وەک بەشێکی دیار لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق باسی دەکەن، ناوبراو لەپێناو سەپاندنی ڕوانگە و بڕیارەکانیدا، بەبێ ڕەچاوکردنی سروشتی دۆزی پێکهاتەکانی ناو عێراق.. بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەنگ و پێگەی سیاسی و جەماوەری و ئەزموونیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی بەعس، هەروەها ڕۆڵیان لەناو مێژوو و هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا، ناوبراو سڵی لەوە نەدەکردەوە، بە یەک ڕیتم و تۆن، سەرکردە و هێزە سیاسییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بدوێنێت، ئەمەو بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی کاردانەوەکانی کردبێت.

بەم جۆرە، وێڕای ئەوەی بڕیاری (١٤٨٣)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، کە جۆرێک لە ڕەوایەتیی نێودەوڵەتیی بە کار و هەنگاوەکانی ئەو دەدا، وەکووتر لە واقیعدا هیچ کامیان ڕووپۆش و ڕەهەندێکی یاساییان نەبوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوەبریمەرکۆمەڵێک بڕیاری ڕادیکاڵانەی لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان دا، کە بەر لە عێراقییەکان و عێراق خۆی، بۆ ئەو و ئیدارەکەی بە زیان شکانەوە. بۆ نموونە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپا و دامەزراوەکانی پۆلیس و ئاسایش، کە بە هۆیەوە بواری زیاتر بۆ تێکچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆش بوو، ئەمەو تا دەگاتە ئاستی کردەوەی تاوانکاریی.

ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بووبێت، کە واشنتۆن بیر لە دروستکردنی فۆڕمێک لە دەسەڵاتی لۆکاڵیی بە بەرگی عێراقی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕووکەش و لاوازیش بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بیکاتە دەمامکێک، بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە، هێز و ڕەوایی بە بڕیار و بەرنامەکانی بدات. پێکهێنانیدەستەی ڕاوێژکاریی، کە دواتریش دامەزراندنیئەنجوومەنی حوکم، بەرهەمی ئەم مانۆڕ و تەکتیکە سیاسییەی ئەمریکا بوو.

 

(سێرجیۆ)ی قوربانیی و (نیکسۆن)ی گەواهیدەر!

لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، (ئایزنهاوەر) کەسێکی وەک (مایڵز کۆپلاند)ی خاوەن ئەزموون دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی جیهانی عەرەبی و بەتایبەتی میسری پێش دەسەڵاتدارێتیی (جەمال عەبدولناسڕ) و سەردەمی کودەتا و حوکمڕانێتییەکەیدا بینی. کەچی"بۆشی کوڕ"، کەسێکی وەک "پۆل برێمەر" دەنێرێتە عێراق، کە عێراق و گەلانی ناو ئەم دەوڵەتەی، بەم ڕۆژە ڕەش و کارەساتبارەی ئەمڕۆ گەیاند.

عێراقێک، کە بە هۆی جۆری هەڵسوکەوتکردنی (بریمەر) لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی پێکهاتەکانی عێراق و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیە سیاسییەکان و بڕیارە نالۆژیکی و لێکەوتەکانی، تا ئەمڕۆش هەتا چەناگەی، نقوومی گەندەڵی و شەڕی تایەفی بووە و چیتر شتێک نەماوە بەناوی دەوڵەت.

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ئاڵۆزیی کەسایەتیی (بریمەر) و ئەو ڕۆڵە نەرێنییەی، لە حوکمڕانیکردنی یەک ساڵەی لە عێراقدا گێڕای و لێکەوتەکانی مامەڵە و بڕیارەکانی، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. ڕەنگە خراپ نەبێت ئاماژە بە سەربوردەی دیبلۆماتکارێکی نێونەتەوەیی بدەین، کە لە ڕۆژگاری حوکمڕانیی (بریمەردا)، وەک نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆسیەی عێراقی گرتبووە دەست. ئەو دیبلۆماتکارەی تا ڕۆژی کوژرانیشی بە هۆی تەقینەوەکەی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (هۆتێلی قەنات)، بە بەردەوامی لەگەڵ (بریمەر)دا لە بەریەککەوتندا بوون، ئەویش (سێرجیۆ ڤیێرا دی مێڵۆ)ی بەڕازیلییە.

(سێرجیۆ ڤیێرا دی مێڵۆ)ی بەڕازیلیی، کە خوێندنی فەلسەفە و زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی (سۆربۆن)ی فەڕەنسی تەواو کردبوود. زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتی لەناو ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبووە و لە هەر یەکە لە (بەنگلادیش، سوودان، قوبرس، مۆزەمبیق، پیڕۆ، بۆسنە، کۆسۆڤۆ، لوبنان، تەیمووری ڕۆژهەڵات و کەمبۆدیا)، ئەرکی جیاوازی پێ سپێردراوە. دواجار ساڵی 2003 و لە سەرەتای ڕووخاندنی بەعس و دەست بەکاربوونی (بریمەر) وەک حاکمی عێراق، بە مەبەستی چاودێریکردنی دۆخی دەوڵەتەکە و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییەکانی لە بواری یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا، "کۆفی ئەنان - سکرتێری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکان"، وەک نێردەی تایبەتی خۆی، لەگەڵ تیمێک، ناردیە عێراق.

(سێرجیۆ)، کە ڕۆڵی بەرچاوی لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی "تەیمووری ڕۆژهەڵات" لە دەستی ئەندەنووسیادا بینی. هاوکات ڕۆڵێکی کاریگەریشی لە قەیرانی "خمیری سوور" لە کەمبۆدیا و پرسی ئاوارەکاندا گێڕا. دوای ماوەیەکی کەم لە عێراق، لەگەڵ (بریمەر)، لەسەر کۆمەڵێ دۆسیە بەر یەک کەوتن (زیندانی ئەبوغرێب، ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان، سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگای هێز، هەراسانکردنی هاوڵاتییانی سڤیل، دواخستنی هەڵبژاردنەکان و....).

نزیک کەوتنەوەی خێرای نێردەی نێودەوڵەتییەکە لە سەرکردایەتیی سیاسیی پێکهاتەکانی عێراق، دیداری چاوەڕواننەکراوی لەگەڵ مەرجەعی باڵای ئایینی شیعە، هەوڵەکانی بۆ ئاشتەوایی سیاسی و هەرچی زوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن. لە بەرامبەریشدا هەوڵی جیددی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ژیان و داخوازیی خەڵک، هەروەها فەرمانکردن بەو هێزە ئەمریکییەی، کە پاسەوانیی بارەگای ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی بارەگاکە چۆڵ بکەن، تا کایەی سیاسی و شەقامی عێراقی لەوە دڵنیا بکاتەوە، کە ئەوان بەشێک نین لە دەسەڵاتی هاوپەیمانان (CPA). هەموو ئەمانە (بریمەر)ی نیگەران کردبوو.

ئەگەرچی تەقاندنەوەی بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (19ی ئابی 2003) و کوژرانی (سێرجیۆ) و زیاتر لە 20 کەس لە هاوکارەکانی، لاپەڕەکانی ئەم ململانێیەی نێوان هەردوو نێردە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکەی پێچایەوە، بەڵام خودی ڕووداوەکە، لە دوای خۆی کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵامی بەجێهێشت.

ڕاستە ڕێکخراوی "تەوحید و جیهاد"، کە دواتر بووە باڵی ڕێکخراوی تیرۆریستیی "ئەلقاعیدە" لە عێراق بە سەرپەرشتیی (ئەبو موسعەب ئەلزەڕقاوی)، بەرپرسیارێتیی کارە تیرۆریستییەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام بەڕای بەشێکی دیار لە چاودێرانی سیاسی، بە وردبوونەوە لە ڕەوتی ڕووداوەکان و کردنەوەی کۆدی ناکۆکیی نێوان (سێرجیۆ و بریمەر)، بەتایبەتی کە یەکەمیان دوای تەواوکردنی ڕاپۆرتێکی ورد و هەمەلایەن لەسەر دۆخی عێراق، کە لە سەروبەندی ناردنیدا بوو بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، هەروەها کاردانەوەی توندی دووەمیان لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی یەکەمیان، ڕەنگە ئەوە (زەرقاوی) نەبووبێت، کە (سێرجیۆ)ی کوشت، بەڵکوو لەوانەیە ئەو دیبلۆماتکارە نێونەتەوەییە، بووبێتە قوربانیی شتی دیکە!

دوای کوشتنی (سێرجیۆ)، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە کارەکانی خۆی لە عێراق هەڵپەسارد و دۆسیەی کوشتنی ئەو دیبلۆماتکارەش، کە ئامادە نەبوو مل بۆ هەڵەشەیی و بڕیارە بێ سەروبەرەکانی (بریمەر) بدات و سووربوو لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی دەوڵەتەکە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ خەڵک و پەلەکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دۆسییەکە وەک دەیان دۆسیەی دیکەی هەواڵگریی گومناو کرا و تا ئەوەی خێزانی نێردە نێودەوڵەتییەکە، لە بەرامبەر بێدەنگیی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دیزەبەدەرخۆنەکردنی دۆسیەکە، تووشی شۆک و سەرسامیی بوون. جێی سەرنجیش ئەوەیە، تا ئێستا کەس نازانێت چارەنووسی ئەو ڕاپۆرتەی، کە (سێرجیۆ) لەگەڵ تیمەکەی لەسەر بارودۆخی هەمەلایەنەی ئەوکاتی عێراق ئامادەی کرد و بڕیار بوو بینێرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، چی بەسەرهات!

هەرچی پەیوەندیشی بە هەڵەکانی ئەمریکا لە عێراقی دوای بەعس هەیە، بەتایبەتی لە نەبوونی نەخشەڕێگایەکی سیاسیی پێشوەختە و ڕۆشن، بۆ دۆخی دوای ڕووخاندنی (سەددام)، کە وایکرد وڵاتەکە ببێتە گۆڕەپانی تیرۆر و جەنگێکی نەبڕاوە، کە تا ئێستا گیانی مرۆڤەکانی دروێنە دەکات. دیسانەوە خراپ نییە بۆ بیرەوەریی یەکێک لە کاراکتەرە دیارەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بگەڕێینەوە، کە چەندین ئەرکی لە عێراق پێ سپێردرابوو.

(جۆن نیکسۆن، شیکەرەوەی پێشکەوتووی زانیارییە هەواڵگرییەکان و شارەزا لە شیکردنەوەی کەسایەتیی سەرکردەکان لە ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکی - CIA)، کە لە ماوەی جیاوازدا کاری لەسەر دۆسییەی هەریەکە لە ئێران و عێراق و کۆریای باکوور کردووە. شارەزایەکی وردی لەسەر کەسایەتیی (سەددام) هەبووە، بەوپێیەی بە درێژایی ماوەی خوێندنی لە (زانکۆی جۆرج تاون) بۆ بەدەستهێنانی ماستەر لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی، کاری ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەی قووڵی لەسەر کەسایەتیی ناوبراو کردووە.

دوو مانگ پێش دەستگیرکردنی سەددام (١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣)، بە ئەرکی شوێنپێ هەڵگرتنی دیکتاتۆرەکە، (نیکسۆن) لەگەڵ تیمێکی تایبەت، لەلایەن ئاژانسەکەیەوە ڕەوانەی عێراق کرا. کاتێکێش (سەددام) گیرا، نووسینگەی (CIA) لە ناوچەی سەوز، تایبەت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی، کە ئاخۆ ئەوەی گیراوە (سەددام)ە، یان هاوشێوەکەیەتی (کە ساڵانێک بوو، بابەتی هاوشێوەی دیکتاتۆرەکە بووبووە باسی گەرم)، ناوبراوی ناردە شوێنی زیندانیکردنەکە. دواجار ئاژانسی هەواڵگریی، ئەرکی لێپرسینەوە لە (سەددام)ی بە (نیکسۆن) و تیمەکەی سپارد.

(نیکسۆن)، کە یەکەم ئەمریکی بوو، ڕووبەڕوو لێپرسینەوەیەکی ورد و درێژی لەگەڵ (سەددام)دا کردووە، لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوونیشانی ”لێپرسینەوە لە سەرۆک“، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات، ڕاستە بەر لە هێرشکردنە سەر عێراق، واشنتۆن زیاتر باسی لە بوونی چەکی کۆمەڵکوژ دەکرد، بەڵام تەنیا و تەنیا (سەددام)ی بە ئامانج گرتبوو و هیچ لایەنێکی دیکەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراق و کاردانەوەکانی دوای ڕووخاندنی بەعسی بە هەند وەرنەگرتبوو. واشنتۆن لە دەسکەوتنی زانیاری لەسەر چەکی کۆمەڵکوژ و سەددام و ڕژێمەکەی، زیاتر پشتی بەو ڕاپۆرت و زانیارییانە دەبەست، کە لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە هەندەران بە دەست دەزگاکانی دەگەیشتن، زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانەش بێسەروبەر و زانیارییەکانیانی ناویان کۆن و دووبارە بوون. لەم بارەشەوە لە لاپەڕە ٥٢ی کتێبەکەیدا نووسیویەتی: ”خراپترینی ئەو ڕاپۆرتە هەڵە و بێ سەروبەرانەیش، کە لەبارەی چەکی کۆمەڵکوژ و سەددام پێمان دەگەیشتن، ئەوانەی ئەحمەد چەلەبی و کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی بوون“.

(جۆن) باس لەوە دەکات، کە لە کاتەکانی پشوودا، لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارەکانی لە نووسینگەی عێراقی (CIA)، کە لە ”ناوچەی سەوز“ و لە کۆشکەکەی (عودەی کوڕی سەددام) بوو. بۆ کات بەسەربردن و خواردنەوە، دەچوونە یانە و باڕەکانی ناوچەی ناوبراو، کە زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوو بوونە. هەروەها جەختیش لەوە دەکاتەوە، مەگەر لە کاتی بیستنی دەنگی تەقینەوەکانی دەرەوەی ناوچەی سەوز، یان لە دەنگی ئەو هاوەن و کاتیۆشایانەی، جار جار لە دەرەوە ئاراستەی ناوچەکە دەکران، هەستی کردووە لە عێراقە. دەنا لەناو کەشی ئەو یانە و باڕانەدا، کە تەنانەت خواردن و خواردنەوەکانیشیان لە ئەمریکاوە بۆ دەهات و هەمان کەشی باڕەکانی ئەمریکایان هەبووە. وای هەست کردووە لە باڕێکی یەکێک لە شارە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بووە، نەک لە بەغدای عێراقێکدا، کە لە دەرەوەی ناوچەی سەوز، ترس و تۆقین، جەنگ و تیرۆر، گیانی خەڵک دروێنە دەکەن و مرۆڤ لە گۆماوی خوێنی خۆیدا دەگەوزێت و بۆسۆ و وێرانیی، ڕەنگی ژیانیان لە شارەکە و زۆر شاری دیکەی عێراق بڕیوە.

نیکسۆن نایشارێتەوە، کە بە بینینی ئەو پارادۆکسە و دیمەنە دژ بەیەکانەی ناو ژیانی یەک شار (بەغدا)، دەگاتە ئەو بڕوایەی، کە ئەمریکا لەپێناو چاککردنی عێراق نەهاتووە و لە لاپەڕە ٢٨ی کتێبەکەیدا بە ڕاشکاوی دەنووسێت: ”بە خەڵکم دەگوت، ئەگەر بە هەمان ئەو شێوەیەی، کە ئەم یانە و باڕانە بەڕێوە دەبەین، عێراقمان ئاوا بەڕێوە بردبا، ئەوا عێراق دەبووە سویسڕای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.

ئەنجوومەنی دەست بەستراو!

دوای ڕووخاندنی بەعس و تا پێکهێنانی یەکەم حکوومەتی هەڵبژێردراو لە ٢٠٠٥، دەوڵەتەکە بە فۆڕمی جیاوازی حوکمڕانیدا ڕۆیشت (دەسەڵاتی یەکگرتووی هاوپەیمانان CPA، ئەنجوومەنی حوکم، حکوومەتی ڕاگوزەر و کاتیی). لە واقیعیشدا تەواوی دەسەڵات و بڕیارەکانی عێراق لەو ماوەیەدا، لە دەستی یەکەمدا بوون و ئەوانەی دیکەی کۆتایی، لە سێبەر و لەبەر ڕۆشنایی حوکمی (بریمەر)دا کاریان دەکرد.

هێرشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، کۆتایی بە حوکمی ٣٥ ساڵەی ”بەعس“ هێنا و ”سەددام و ڕژێمەکەی“ بوونە بەشێک لە مێژوو. پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، یەکەم دامەزارەوە و دەستەیەک، کە جڵەوی تەواوی دەسەڵاتەکانی لە عێراقدا گرتە دەست، ”دەسەڵاتی یەکگرتووی هاوپەیمانان - CPA“ بوو بە سەرۆکایەتیی (پۆل بریمەر). ئەمەو دوای تێپەڕینی نزیکەی پێنج مانگ، بە بڕیارێکی (بریمەر) لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٠٣، ”ئەنجوومەنی حوکم“ پێکهێنرا.

ئەنجوومەنی ناوبراو، کە لە (٢٥ ئەندامی سەرەکی) پێک هاتبوو و وتەبێژی فەرمی خۆیشی هەبوو (حەمید ئەلکەفائی). ئەندامەکانی لە نوێنەرانی ئەو حزب و قەوارە سیاسییانەی عێراق بوون، کە لە سەردەمی بەعسدا، ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمەکەی سەددام بوون. ئەو ٢٥ ئەندامە، لە ناو خۆیاندا و بە هەڵبژاردن سەرۆکێکیان بۆ ئەنجوومەنەکە دیاری دەکرد، کە ماوەی دەسەڵاتی هەر سەرۆکێک (بە ڕیزبەندیی و بە گوێرەی پیتی یەکەمی ناوی کەسەکە - ئەبجەدی - هەڵدەبژێردران)، یەک مانگ بوو. واتە، تا کۆتایی تەمەنی ئەنجوومەنەکە، مانگانە پۆستی سەرۆک دەستاودەستی دەکرد!

ناوی ئەو سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییانەی لە ١٣ی تەممووزی ٢٠١٣، تا ١ی تەمووزی ٢٠١٤ (لە دامەزراندنییەوە تا هەڵوەشاندنەوەی)، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەیان گرتە دەست، بریتی بوون لە (محەممەد بەحرولعلووم - بە وەکالەت، ئیبراهیم جەعفەریی، ئەحمەد چەلەبی، ئەیاد عەللاوی، ڕەوانشاد مام جەلال، عەبدولعەزیز ئەلحەکیم، عەدنان پاچەچی، موحسین عەبدولحەمید، موحەممەد بەحرولعلووم بۆ جاری دووەم، سەرۆک بارزانی، عزەددین سەلیم، غازی مشعەل عجێل ئەلیاوەر).

وێڕای ددان پێدانانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تر بە ئەنجوومەنەکە، کۆمکاری عەرەبییش، وەک نوێنەری ڕاستەقینەی گەلانی عێراق، ددانی بە ئەنجوومەنەدا نا و کورسیێکیشی لەناو کۆمکارییەکە بۆ تەرخان کرد، بەڵام نەک هەر شەقامی عێراقی، بەڵکوو بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بە جۆرێک لە هەستیاریی و خۆپارێزیی (ئەگەر نەڵێین بە گومان و بێ باوەڕیی)، مامەڵەیان لەگەڵ ئەنجوومەنەکەدا دەکرد. چونکە ڕاستییەکەی ئەوە بوو، کە ئەنجوومەنی حوکم، تەنیا پەیکەرێکی بێ گیانی لە پەلوپۆخراو بوو (سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە، کە ئەو بێدەسەڵاتییەی ئەنجوومەنی حوکم و کەڵەگایی بریمەر، هۆکاری سەرەکیی بووە لەوەی، ئەگەر پەیوەندیی نزیک و دۆستانەی لەگەڵ هەندێک سەرکردەی عێراقی و خەمخۆریی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراقی نوێدا نەبووا، سەرۆکایەتیی خولی مانگانەی ئەنجوومەنەکەی نەدەکرد). بەپێی یاساکانی جەنگ و داگیرکاریی سەربازیی، کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، تەواوی بڕیار و دەسەڵاتەکان لە عێراقدا، لە دەستی (بریمەر) و دەستە دەسەڵاتدارەکەی هاوپەیماناندا بوون و لە پەراوێزی دەسەڵاتە ڕەهاکەشیدا، (بریمەر) چەند دەسەڵاتێکی ڕووکەشیی سادەی بە ئەنجوومەنەکە دا.

هەر بۆ نموونە، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، تا ئەو ڕۆژەی کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی هات (١ی تەممووزی ٢٠٠٤)، ئەنجوومەنی حوکم لەناو دەیان کێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، کە عێراقی دوای بەعس بەدەستییانەوە دەیناڵاند، جگە لە چەند بڕیارێکی سادە و بێ ئەرزش، سێ بڕیاری دەرکردن، کە دەنگۆی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا. یەکێک لەو بڕیارانەش بووە جێی ناڕەزایی بەرفراوانی خەڵکی ئازادیخواز (هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتیی سەردەمی بەعس و گۆڕینی بە یاسایەکی دیکە کە بە هیچ کلۆجێک لەگەڵ پێدراوەکانی سەردەم و دەوڵەتێکی مەدەنی نایەتەوە). ئەمەو لەگەڵ هەردوو بڕیاری (دەستنیشانکردنی ڕۆژی کەوتنی بەغدا و ڕووخانی بەعس لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ وەک ڕۆژی نیشتمانی) و (گۆڕینی ئاڵای عێراق)، کە ئەمانیش کەم و زۆر، ناڕەزایی بەشێکی زۆری عێراقییەکانی لێ کەوتەوە.

بە کورتییەکەی، دەتوانین بڵێین، پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە بەم بێ دەسەڵاتییەیەوە، تەنیا هەوڵێکی هاوپەیمانان بوو بۆ دڵدانەوەی عێراقییەکان، بەوەی هەست بکەن، کە ئەوانیش دەسەڵاتێکیان لە دەوڵەتەکەی خۆیاندا هەیە.

سەرەڕای هەموو ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەسەر ئەنجوومەنەکەش هەبوون، بەڵام خودی دامەزراندنەکەی، ئاماژەیەک بوو بۆ شێوەگرتنی سەرەتایی، چوارچێوەی سیستەمێکی حوکمڕانیی جیاواز لە عێراقی سەردەمی سەددام. هەروەها دەرفەتێکیش بوو، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق بە دەموچاوی کاراکتەر و سەرکردە سیاسییە نوێیەکان ئاشنا ببن و هەست بەوە بکەن، کە قۆناغێکی نوێ لە دوای بەعس دەستی پێ کردووە و گۆڕانێک، ئەگەر بچووک و سەرەتاییش بێت، لە عێراقدا ڕووی داوە.

دواجار بە کۆتاییهاتنی خولی (ئەلیاوەر) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی حوکم و پاش پێکهێنانیحکوومەتی کاتییبە سەرۆکایەتیی (ئەیاد عەللاوی)، بە بڕیارێک، کە لە ١ی تەممووزی ٢٠٠٤ دەرچوو، ئەنجوومەنەکە هەڵوەشێنرایەوە و (ئەلیاوەر)یش وەک یەکەم سەرۆکی کۆماری عێراقی دوای سەردەمی بەعس، دەستنیشان کرا.

 

دەستووری بە مردوویی لەدایکبوو!

سەرەڕای بۆشایی تەناهیی و توندتربوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان، بەتایبەتیش هەڵگەڕانەوەی سووننەکان لە حکوومەتی کاتیی و ڕووداوە خوێناوییەکانی (فەللووجە)، هاوکات یاخیبوونی میلیشیا شیعییەکان (بەتایبەتی سوپای مەهدیی سەر بە ڕەوتی سەدر) لە حکوومەت، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگ و کاریگەرتر، بۆشایی یاسایی و نەبوونی دەستوورێکی نوێ بوو. دەستوورێک ئەدگار و ڕووخسار و ناوەڕۆک و فۆڕمی نوێی سیستەمی حوکمڕانیی دەستنیشان بکات.. دەستوورێک سەروەریی بۆ دەوڵەت و شکۆ بۆ مرۆڤەکانی بگەڕینێتەوە.. دەستوورێک بناغەی جێگیرکردنی تەلاری حکوومەتی هاووڵاتی دابڕێژێت.

لەو سەروبەندەدا و لە پاییزی ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بڕیاری ١٥١١ ی دەرکرد. بڕیارەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر سەروەریی و یەکێتیی خاکی عێراق، هەروەها دداننان بوو بە ئەنجوومەنی حوکم، وەک بەرجەستەکاری ئەم سەروەرییە، ئەمەو بەبێ ئەوەی وەک دەسەڵاتێکی ڕەوا و یاسایی، ددان بە ئەنجوومەنەکەدا بنێت. لایەنێکی دیکەی بڕیارەکە، پرسی گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە هاوپەیمانانەوە بۆ دەستی عێراقییەکان، بەپێشمەرجی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی نیشتمانی و حکوومەتێکی کاتیی لە ماوەیەکی دیارکراودا، کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ تێنەپەڕێت.

دیارە جێبەجێکردنی خاڵ و بەند و پێشمەرجەکانی ناو بڕیارە نێودەوڵەتییەکە، بەبێ بوونی دەستوورێکی نوێ، کاری نەکردە بوون. دەستوورێکی نوێ، کە لەبری دەستوورە کۆنەکەی ڕژێمی بەعس، ببێتە سەرچاوەی یاسایی، بۆ حکوومەتە کاتییە چاوەڕوانکراوەکە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕووداوە خێرایانەدا، ئەنجوومەنی حوکم لە مانگی ئاداری ٢٠٠٤دا، دەستوورێکی کاتیی دەرکرد، کە بەیاسای دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەرناسرا.

کات و ماوەی کارپێکردنی دەستوورە کاتییەکە، وەک سەرچاوەی یاسایی بۆ حکوومەتی کاتیی، تا لە بڕیار و هەنگاوەکانیدا بۆی بگەڕێتەوە، سنووردار بوو. ڕوونتر بڵێین، هێزی یاسایی ئەو دەستوورە، تا ئەوێ بڕی دەکرد و بەردەوام دەبوو، کە هەڵبژاردن دەکرێت و پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، ئیدی ئەرکی پەرلەمانی نوێی هەڵبژێردراو، دانان و نووسین و ئامادەکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی بوو، کە بەر لە هەڵبژاردن، دەبوو لە ئابی ٢٠٠٥ بخرێتە ڕاپرسیی گشتییەوە.

دەستووری نوێ، بە بەشداریی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق (ئەگەرچی ئامادەیی پێکهاتەی سووننە تێیدا لاواز بوو، چونکە هەر دوای ڕووخانی بەعس، ئەوان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کشانەوە و بەمەش زەبرێکی کوشندەیان بەر کەوت، کە تا ئەمڕۆش بە دەست ئازاری برینەکانییەوە دەتلێنەوە) داڕێژرا و نووسرایەوە و خرایە ڕاپرسیی گشتی و خەڵک دەنگی پێ دا.

ئەگەرچی دەستووری نوێ، دوای گفتوگۆ و دانووساندنی زۆر، بەرمەبنای پرەنسیپەکانی (سازان، هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی) لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا نووسرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، وەک ئەوەی دەستوورەکە بە مردوویی لەدایک بووبێت وایە. چونکە حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٥ەوە و تا ئەمڕۆش، پێشێلکاریی نەماوە نەیانکردبێ و نەیکەن، بەتایبەتی لە پەیوەست بە مافە ڕەواکانی کورد و سروشتی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە جەوهەرییەکانی نێوان هەولێر و بەغداپشکی کورد لە بودجەی گشتی.. مافە ماددی و لۆجستیکییەکانی هێزی پێشمەرگە، وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق.. پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان (ڕاستییەکەی، ناوچەی تەعریبکراو و داگیرکراون)، کە لە ماددەی ١٤٠دا بە ڕوونی باس لە قۆناغ و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کراوە.. پرسی دادگای باڵای فیدڕاڵیی.. پرسی نەوت و گاز و…….” زۆر پرسی دیکەی گرنگ و ستراتیژی. ئەمانەو تا ئێستاش، زیاتر لە پەنجا ماددەی ناو دەستوورەکە، هیچ یاسایەک بۆ وردکردنەوەیان دانەڕێژراوە، کە ئەمەش بۆ خۆی هۆکاری سەرهەڵدان و بەردەوامیی چەندین کێشەی جیددییە و بە هۆیەوە، حکوومەتی عێراق، خۆی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی ئەو ماددانە دزیوەتەوە.

 

حکوومەتی ڕاگوزەر بە تەوقیتی ئەمریکی!

سروشتی بێدەسەڵاتییەکەی ئەنجوومەنی حوکم، فەرامۆشکردنی بە مەبەست و ئامانجداری هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتێکی نوێ لەلایەن هاوپەیمانان و بە دیاریکراوی (بریمەر)، هەروەها نەهێنانە بەرباسی دۆز و داوای ڕەوای ئەو پێکهاتانەی لە عێراقدا (بۆ نموونە کورد)، کە بە درێژایی هەشتا ساڵی فەرمانڕەوایەتیی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق (لە پاشایەتییەوە تا سەردەمی بەعس)، مافی بەشداریی سیاسییان لێ زەوت کرا و ڕووبەڕووی دڕندانەترین شێوەکانی سەرکوتکردن و ستەمکاریی بوونەوە. نەک هەر شەقامی عەرەبیی عێراقی (بەتایبەت شیعەکە)، بەڵکوو سەرکردایەتیی کوردستانیشی خستە دۆخی گومانکردن لە نیاز و ئامانجی هاوپەیمانان لە عێراقی دوای سەددام. بۆیە هەموویان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە شێوازی جیا و لە کەناڵی جیاوازەوە، کەوتنە فشارکردن بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە حکوومەتێک، کە تا ئاستێکی باش ڕەوایەتیی یاسایی و دەسەڵاتی هەبێت، ئەگەرچی کاتیی و ڕاگوزەریش بێت، پێک بهێنرێت، باشترە لەوەی عێراقی نوێ لەو چەقبەستن و بێ سەروبەرییەدا بمێنێتەوە. هەرنا بۆ ئەوەی حکوومەتەکە بتوانێ بە هاوکاریی هاوپەیمانان و لەسەرووشیانەوە، بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ئامادەکاریی بۆ قۆناغەکانی دواتر بکات، بەتایبەتی لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ دەوڵەتەکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەت، کە بە هۆیانەوە سەرەوەریی بۆ عێراق بگەڕێتەوە (ئەو سەروەرییەی، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نە هەیەتی و نە دەشیبێت، تا ئەوکاتەی ئێران بە میزاجی خۆی، ئیرادە سیاسیی حوکمڕانانی بەغدا دەسوڕێنێت!)

حکوومەتی ڕاگوزەر لە هەناوی ئەنجوومەنی حوکم لەدایک بوو، بۆیە هەر زوو ڕووبەڕووی هەمان ئاستەنگ و لەمپەر و گومان و تۆمەتەکان بووەوە. بەتایبەتی سەرەڕای پێکهێنانی حکوومەتەکەش، کە سەرۆک و جێگر و وەزارەتیشی هەبوون، بەڵام دوا بڕیارە قورس و گرنگ و سەرەکییەکانی سیاسیی عێراق، هەر بە دەستی (CPA)ەوە بوون. بەمەش وردە وردە دەنگی ناڕەزایی لە شەقامی عێراقیدا لە پەیوەست بە داواکردنی ئاوەدانکردنەوە، فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان، گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی، بەرزتر بووەوە.

دواجار بە هەمان شێوەی ئەنجوومەنی حوکم، بەڵام بە کەمێک ڕتووش و مکیاژی جیاوازەوە، هەروەها بەرمەبنای خواست و ئیرادەی سیاسیەتەکانی (CPA)، حکوومەتە ڕاگوزەرەکەش لەسەر بنەمای پشک پشکێنە پێکهێنرا و سەرۆک و وەزیرەکانیشی (٢٥ وەزیر، ١٣ شیعە، پێنج سووننە، پێنج کورد، تورکمانێک و مەسیحیێک)، بە شێوەی دامەزراندن دیار کران.

ڕاستییەکەی حکوومەتە ڕاگوزەرەکە بەبێ سەرۆک وەزیران بوو، چونکە ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکم لەناو خۆیاندا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، بەپێی ڕیزبەندیی ناوەکان، بۆ سەرۆکایەتییکردنی خولی مانگانەی ئەنجوومەنەکە، نۆرەی کامیان هات، هەر ئەو کەسەش سەرۆکایەتیی حکوومەتەکە دەکاتئەوەبوو (ئەحمەد چەلەبی) لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٠٣، بووە یەکەم سەرۆکی ئەو حکوومەتە، کە تازە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکمیشی لەوەی پێش خۆی (جەعفەری) وەرگرتبوو.

 

عەللاوی وەک فریادڕەس!

دواجار هەنگاو بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کاتیی نرا، ئەنجوومەنێک لە شێوەی پەرلەمان، ئەویش بە دیاریکردنی ١٠٠ کەس بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنەکە لە ڕێگای هەڵبژاردن. کەچی میکانیزمەکانی هەڵبژاردن کێشە و ناڕەزایی کەوتە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان و بە شێوازی (بازنەی هەڵبژاردن) بوو.

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە گومان و لە ترسی ئەوەی، شێوازەکە لە خزمەتی هەمان ئەو هێزانە دایە، کە لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکمدا بەشداریان کرد و ئەوانی تر خرانە پەراوێزەوە، دژی وەستانەوە. لە بەرامبەریشدا بەشێکی دیکەی لایەنە سیاسییەکان پێیانوابوو، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەوکات لە ئارادا بوو، ئەمەیان بەلاوە باشترین شێواز و میکانیزمی هەڵبژاردن بوو، لەمەشدا و بۆ کاڵکردنەوەی ناڕەزایی و دژایەتیی بەرەی یەکەم، پاساوی ئەوەیان هێنایەوە، کە ئەم ئەنجوومەنە کاتیی و تەمەن کورتە و هەر حەوت تا هەشت مانگ دەبێت.

ئەم ناکۆکیی و جیاوازیی و ناڕەزاییانە هەر تەنیا شێواز و میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کاتیی نەگرتەوە، بەڵکوو پرسی دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیرانیشی گرتەوە. ململانێ و ناکۆکیی نێوان (پاچەچی و یاوەر) لەو ڕۆژگارەدا باشترین نموونەیە، کە دواجار بابەتەکە بە قازانجی دووەمیان شکایەوە و بووە یەکەم سەرۆک کۆماری عێراقی سەردەمی دوای بەعس. هەرچی پەیوەندیشی بە پۆستی سەرۆک وەزیرانەوە هەبوو، (ئەیاد عەللاوی) کە کاندیدی ئەمریکییەکان بوو، بەبێ ڕێکابەر پۆستەکەی مسۆگەر کرد و بەم شێوەیە حکوومەتە کاتییەکە پێک هات. لەنێو گێژاو و بەرداشی ئەو ململانێ و ناکۆکییانەشدا، (ئەحمەد چەلەبی) کە بەشێک بوو تیایاندا، بە هۆی ئەوەی گوایە زانیاریی هەڵەی داوەتە ئەمریکا و ئامۆژگاریی هەڵە و ناڕاستی کردووە بۆ ئەوەی جەنگ لە دژی (سەددام) و ڕژێمەکەی هەڵبگیرسێنێت، لەلایەن واشنتۆنە ڕووبەڕووی شەپۆل و گەردەلوولی ڕەخنە و سەرکۆنەکردن بووەوە و دواجار بووەئاردی ناو دڕک!”.

سەرەڕای تەمەنی کورتی حکوومەتەکەی (عەللاوی)، کە لەگەڵ (یاوەر)دا لە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٤، بە شێوەیەکی فەرمی، دەسەڵاتی لە (بریمەر) وەرگرت، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا ڕووبەڕووی چەندین گرفت و ئاستەنگ و لەمپەری گەورە بووەوە (بەتایبەتیش ڕووداوەکانی فەللووجە و یاخیبوونی سوپای مەهدیی سەر بە ڕەوتی سەد). لەگەڵ ئەمەشدا لەسەر ئاستی پەیوەندیی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییدا، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، کە ئاکامی ئەو پەیوەندییانە بە قازانجی باشتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی عێراق تەواو بوون. لایەنێکی دیکەی گەشی سەردەمی حوکمڕانیی حکوومەتە کاتییەکەی (عەللاوی) ئامادەکاریی بوو بۆ هەڵبژادرنە گشتییەکانی ٢٠٠٥، کە لە کاتی خۆیاندا کران و ئەمەش وەک دەسکەوت و سەرکەوتنێک بۆ حکوومەتەکەی هەژمار کرا، بەتایبەتی کە لە ماوەی نێوان حوکمڕانییەکەی ئەو و ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، زەمینە و پانتایێکی لەبار بۆ تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە جیاوازیی دەنگ و ڕەنگ و پاشخانە فیکری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و ئیتنی و تایفییەکانیان ڕەخسا، تا سەرقاڵی خۆئامادەکردن بن بۆ چوونە ناو کێبڕکێ و ململانێی هەڵبژاردنەکان.

چنینەوەی شکست!

ئەگەر لە باری سیاسیی و حوکمڕانیدا سەیری بارودۆخی عێراق بە شێوە گشتییەکەی بکەین، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەرک بەو ڕاستییە دەکەین، کە لە شێوازی حوکمڕانیکردن و ئیدارەدانی دەوڵەتدا، هەموو ئەوانەی لە ٢٠٠٣وە حوکمی عێراقیان کردووە، نەیانتوانی حکوومەتێک بەرهەم بێنن و حوکمڕانیێک بکەن، عێراق لەو قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دەرباز بکات، کە بە دەستییانەوە دەناڵێنێت.. حکوومەت و حوکمڕانیێک، کە خەڵک هەست بکات هاووڵاتیی دەوڵەتێکی نوێی دوای سیستەمێکی دیکتاتۆرییە، کە ستەمکاریی و قۆرخکردنی دەسەڵاتی تێپەڕاندووە و جیاواز لە سەردەمی پێشوو، کە بەدەست جەنگ و خوێنڕێژی و سەرکوتکاریی و بێبەشبوون لە مافەکانی دەتلایەوە، ئەمجارە لەسایەی دادپەروەریی حوکمڕانیی نوێدا پشوو دەدەن و وەک مرۆڤ لە ئاشتی و دڵنیایی و ئاسوودەییدا دەژین.

دیارە ئەمە پەیوەندیی بە بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر (پێشتر ئەلقاعیدە و ئێستا داعش) نییە.. هەروەها پەیوەندیی بەو گەندەڵییەوە نییە، کە وەک خێو و دێوەزمە لە لووتکەی حوکمڕانیدایە و دەستی ناوەتە بیناقاقای تەواوی دەزگاکانی سەر و ژێری دەوڵەت.. وەک چۆن پەیوەندیشی بە بوون و نەبوونی دەستوورەوە نییە، کە بە درێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق (کە بەزۆر و بەبێ ویست و ئیرادەی کورد، بەشێکی کوردستان لە لایەن بەریتانییەکانەوە بەم دەوڵەتە عەربییەوە لکێنرا) لە پاشایەتییەوە تا ئێستا، حوکمڕانەکانی باوەڕیان پێی نییە و بە لایانەوە پارچە کاغەزێک نا، بەڵکوو پەڕۆیەکی پیسە و دەبێ فڕێ بدرێت، واتە ئەوەی هەیە و دەگوزەرێ، دەرەنجامە، نەک هۆکار.

ڕوون و ڕاشکاوتر بڵێین: تیرۆر و گەندەڵیی و پێشێلکردنی دەستوور و زۆر شتی تریش، دەرەنجامن نەک هۆکاری دۆخەکە. هۆکارە سەرەکی و بنەڕەتییەکە، کولتوور و عەقڵیەتی حوکمڕانیکردنە، عەقڵیەتێک برسی و شێتی کورسی و دەسەڵاتە، کە لە ئاستە گشتییە عێراقیەکەیدا لەسەر ئەو میراتە مێژووییەی بیابان کاوێژ دەکات و درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات، کە بریتییە لە تاڵان و ڕاوڕووت. لەسەر ئاستە تایبەتییەکەشیدا لە پەیوەست بە شووناس و کولتوورە جیاوازەکانی بەرامبەریدا، ڕەگەکانی بە قووڵایی زەویی ئەو پاشخانە ئایدیۆلۆژییە عرووبەوی و ئەتمۆسفیرە شۆڤینییەدا شۆڕ بوونەتەوە، کە ڕەوایی بە سڕینەوەی هەرچی شووناس و کولتووری نا عەرەبی و تواندنەوەی لەناو بۆتەی شووناسی عرووبەدا دەدات!

هەر بە تەنیا سەرنجدانێکی خێرای شوێنەواری ئەم عەقڵیەتە شۆڤینییە بارگاوی بە فاشیزمی (ئاینییە) لەو ناوچە کوردستانیانەی، کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا بە زەبری هێز و بە سەر پشتی تانک و زرێپۆش و بە لەشکری میلیشیای مەزهەبیی و پێش لەشکریی و کەواسووریی ناوخۆییەوە بۆی گەڕانەوە، باشتر لە چییەتی و ماهیەتی ئەم عەقڵیەتە دەگەین. هاوکات لە پشکنین و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی سیاسەت و ستراتیژ و بڕیار و هەنگاوەکانی (جەعفەری، مالیکی، عەبادی و….) لە پەیوەست بە دۆزی کورد، تەنانەت بە قووڵبوونەوە لە هۆکارەکانی پشتی دەست لەکارکێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی) لە حکوومەت، هەروەها ئەو قەیرانەی دوای ئەوە، کە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی دواخست، تا دواجار بەم شیوە نیوەچڵە لە پەرلەمان تێپەڕێندرا. لە هەموو ئەمانە و زۆر شتی دیکە، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە شیعەی عێراق خەریکن لە فۆڕمێکی تر و بە میکانیزمی دیکە، دووبارە (شۆڤینیەت و فاشیزمی بەعس!) لە عێراقدا بەرهەم بێننەوە!  

بە کوردی و بە کورتی: بە چاوپۆشین لە سەردەمی ئەنجوومەنی حوکم و هەردوو حکوومەتی ڕاگوزەر و کاتیی عێراق، کە هێشتا بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆمان لەمەڕ چۆنیەتی شێوەگرتنی سیستەمی حوکمڕانیی لە عێراقدا نەبوو، بەڵام دوای دانانی دەستووری نوێ و هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمان و دامەزراندنی یەکەم حکوومەت، لە میانی ئەزموونمان وەک کورد لەگەڵ تەواوی حکوومەتەکانی دوای ٢٠٠٥ تا ئێستا، لە پەیوەست بە دۆزە نەتەوەییە ڕەواکەمان، بەتایبەتی لە جۆر و چۆنییەتی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەرکەوت کە ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا حوکم دەکات، بە جیاوازیی هەلومەرجی سیاسیی نێودەوڵەتیی لە سەردەمی بەعس و سەددام، کەچی لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی شۆڤینییانەیان، ئەگەر لە (بەعس) تێپەڕیان نەکردبێت، ئەوا کەمتریان نەکردووە. ئەوەیش کە وەک (بەعس) تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو گوتارە سیاسییە شۆڤینییەیان، لە ئاستە سەربازییەکەیدا لە بەرامبەرماندا دووبارە بکەنەوە، ئەوە پەیوەندیی بە بارودۆخی نوێی دونیا لە لایەک، هەروەها پەیوەندیی بە پەرتەوازەیی نێو ماڵیی خۆیان و سەرقاڵبوونیان بە شەڕی تایەفی و تەسفیەی حیساباتی مێژوویی نێوان خۆیانەوە هەیە (ئەمەو سەرەڕای هەوڵە شکستخواردووەکانی لە شێوەی ئەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دواتر هێرشی سەربازیی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧).

 

 

عێراق، دەوڵەتی هەمیشە کاتیی!

لە دوای ڕووخانی بەعسەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەگەرچی لە ڕووخساردا عێراق هەر سێ سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان و حکوومەتی هەیە، بەڵام شتێک نییە بەناو دەوڵەتی عێراق.. دەوڵەت وەک سەروەریی نێوخۆیی و هەرێمایەتیی و جیهانیی.. دەوڵەت وەک دامەزراوە و ژێرخان.. دەوڵەت وەک شکۆی هاووڵاتی و ماف!

لە ئاستی ناوخۆدا میلیشیاکان، لە ئاستی هەرێمایەتیدا ئێران بە پلەی یەکەم و چەند وڵاتێکی دیکەش بە ئاست و پلەی جیاواز، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەمریکا، هیچ سەروەریێکیان بۆ عێراق نەهێشتووەتەوە و هەر یەکەیان و بەشێواز و میکانیزمێکەوە، سەرانی ئەم عێراقە دەسوڕێنن و ئەجێنداکانی خۆیانی تێدا جێبەجێ دەکەن. ڕاستە لە ڕووکەشدا عێراق کورسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و هەندێ هاوپەیمانیی و کۆڕبەندی دیکەی هەرێمایەتیی و جیهانیدا هەیە، بەڵام ئەنجام ئەوەیە، کە هیچ کەس بە کڵاوەکەی ناپێوێ!

مەرجەعیەتی باڵای ئایینی شیعە بە فەتوا، حزب و قەوارە سیاسییە شیعەکان بە سەپاندنی ئیرادەی هێز، هەردووکیان هیچ بەها و کاریگەریێکیان بۆ دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکوومەت و دەزگاکانی دیکە نەهێشتووەتەوە.

بەردەوامیی جەنگی تایفی و تیرۆر، گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی سامانی سەر و ژێر زەویی.. هەڵکشانی بەردەوامی کێرڤی هەژاریی و بێکاریی.. بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواریی و زۆری ژمارەی منداڵانێک کە گیرۆدەی بەدخۆراکین.. نەبوون و خراپیی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیان لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و ئاووئاوەڕ.. بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیی و ئالوودەبوونی کۆمەڵگا، بەتایبەتی لە نێویاندا توێژی گەنجان بە ماددە هۆشبەرەکان.. سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبی شارەکانی ناوەڕاست، کە لە ترسی تیرۆر و شەڕی تایفی و کوشتن لەسەر ناسنامە، ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هەرێمی کوردستانیان کردووەتە نەوای ئارامیی و پەنای ئاسایش و دڵنیایی خۆیان…. هەموو ئەمانە هیچ مانا و بەهایەکیان بۆ بوونی مرۆییانەی مرۆڤەکانی نەهێشتووەتەوە، چ جای مافی هاووڵاتیبوون!

مەگەر ساویلکە و خۆشخەیاڵ بێت، دەنا هیچ کوردێکی بە ئاگا و هۆشیار، ئومێدی ئایندەی خۆی و ڕۆڵە و نەوەکانی، لەسەر ئەم وێرانەیە هەڵناچنێت. ئومێد هەڵچنین لەسەر بەناو دەوڵەتی عێراق، کە تەلارێکە لەسەر زبڵ و خاشاک بونیاد نراوە، وەک ئەوە وایە، بەسواری بەلەمێکی شڕ و شەقەوە، زەریاکان ببڕیت.

کورد هەر چی گلەیی و ڕەخنەی لە حوکمڕانیی کوردیی هەیە، تا ئاستی تووڕەیی و یاخیبوونیش، مافی خۆیەتی، بەڵام ئەو کەسەی ئەم گلەیی و ڕەخنە و تووڕەییانەی، بکاتە پاساو و بیانووی، بۆ بەستینەوەی چارەنووسی خۆی و نەوەکانی بە حوکمڕانیی عێراقێکەوە، کە تەنانەت لەکاتی ئاوزینگدانیشدا، هێشتا خەون بەوەوە دەبینێت، شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمانیی ئێستامان، کە بەری سەت ساڵ خەبات و دەریایەک خوێن و قوربانیدانە نەهێڵێت و دووبارە کورد بکاتەوە پاشکۆ و شوێنکەوتە و مەوالیی عرووبە و بەغدا، ئەوپەڕی شەرم و شوورەیی و خۆبەکەمزانییە.

لەکاتێکدا کە ئەم بۆچوونەمان بە هیچ شێوەیەک، ڕەوایەتییدان نییە بە گەندەڵیی و بێدادیی ناوخۆیی، هاوکات هەرگیز ڕەوایەتییدانیش نییە بە چاندنی تۆوی ڕق و تۆڵە لە ناخی مرۆڤی کورد لە بەرامبەر ئەوی دیکەی عەرەب لە عێراقدا.. وەک چۆن هەرگیز ڕەوایەتییدان نییە بەوەی، کە کورد ئەو ستەمکارییەی سەت ساڵە عرووبەی عێراق لە پاشایاتییەوە، تا ئەمڕۆ لێی دەکات، بکاتە بیانوو و پاساوی سەرکێشان بۆ بیرکردنەوە و ڕەفتاری شۆڤینی و ڕاسیستی، بەقەد ئەوەی هەوڵێکە بۆ ئەوەی کورد لەناوخۆیدا و لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، بە شێوەیەکی ڕیشەیی بەخۆیدا بچێتەوە. بەجۆرێک، کە سەرەتا لە دەرزیئاژنکردنی خەوش و کێماسییەکانی خۆیەوە تێی هەڵبچێتەوە و دەست پێ بکاتەوە، ئینجا بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی گەڵالەکردنی ڕوانگە و تێگەیشتنێکی دیکەی نوێی دروست بۆ بەرامبەرەکانی لە بەغدا.. ڕاستگۆ بێت لە کۆتایی پێهێنانی ناکۆکییە سیاسی و ململانێ ناوخۆییەکانی و بە ڕاستگۆییشەوە بێتەوە سەر سفرەی کوردبوون، ڕاشکاوتریش لەگەڵ عێراق تێی هەڵبچێتەوە.

ئەگەر کورد لە ڕابردووی دوور و نزیکدا، پەندی وەرنەگرت، با ئیدی ئەزموونە تفت و تاڵەکانی لەگەڵ قۆناغی دوای بەعس تا ئەمڕۆ، بکاتە بناغەی هەر هەنگاوێکی داهاتووی لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و لە کاتی بیرکردنەوە لە چوونە ناو هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیدا لەگەڵ حوکمڕانەکانی بەغدا، پرەنسیپی (Dont Forget)ی جووەکان، بکاتە پێشمەرجی کار و بەرنامە و ئەجێنداکانی

        

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.