Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 23:04

هەرێمى کوردستان ولاتى ئاشتى و پێکەوەژیانە، نەک ترس و خۆسەپاندن

پێویستە پارلەمان ، دەسەلاتى جێبەجیکردن و دادوەرى ، ڕێگرى بکەن لە هەر دەست درێژى و پێشێلکاریەک دەرحەق بە مافە رەواکانى پێکهاتە سەربەرزەکانى گەلەکەمان
عارف روشدى
100%

دژایەتی و پێشێلکردنى مافە ڕەواکانى پێکهاتە نەتەوییەکانى کوردستان ، هەوڵێکى نەزوکى سەپاندنى چەقبەستوویی هزرى و ملهورییە ، پێچەوانەى بنەماکانى دیموکراسی و مافەکانى مروڤ و پێکەوە ژیانە ، لە کوردستاندا ناکرێت رێگا پێدراوبێت ، هەر هەنگاونانێک لەو بارەیەوە گەورەترین زیان بە پێگەى سیاسی ، ئابورى و کومەڵایەتى هەرێمى کوردستان و سەرتاپاى خواستە ڕەواکانى بزووتنەوەى کوردایەتى پێشکەوتوخواز دەگەینێت چونکە : ئاماژەیەکى ترسناکە لە بوارى سەرهەڵدانى بیری قێزەوەنى شوڤینى و خۆ سەپاندن ، (کە سەرچاوەى چەوساندنەوەى گەلەکەمانە بە درێژایی مێژوو لە لایەن گەلانى سەردەستەوە ) و بێرێزییە بەرامبەر بە نەتەوە رەسەنەکانى کوردستان و، لە هیچ بارێکدا هاوتەریبى موراڵى سیاسی و کومەڵایەتى و، رەوایەتى مافى چارەنوسی گەلەکەماندا نابێت ، بزاوتى کوردایەتى تەنانەت لە سەردەمە دژوارەکانیدا هەڵگرى بەها بەرزەکانى ئاشتى و ئازادى و ژیان دوستیی بووە ، ناکرێت لە پێناوى بەرژەوەندی بەرتەسکى حزبی و بالا دەستى ئاراستەیەک ، پروسەى دیموکراسی لە هەرێمدا لە کەدارو بە لارێدا ببرێت .

بە داخەوە هێشتا کاریگەرى نەرێنى رەفتارى هەندێ گروپى (هەر بە ناو کورد) دژ بە گەلى کلدو ئاشورى لە سەرەتاى پێکەوەنانى دەولەتى عیراق و، گەلى ئەرمەن لە کوردستانى باکور لە سەردەمى عوسمانىدا ، هەروەها رووداوەکانى کەرکوکى سالى ١٩٥٩ هێشتا لە یادەوەرى پیکهاتەکاندا بە زێندوویی ماوەتەوە و توندرەوەکان بۆ مەبەستى تایبەتى بە کاری دەهێنن، لە راستیدا ئەو کردارانە بە هیچ پێوەرێکى ئەخلاقى و دوستایەتى دێرین لە گەلى کوردستانى ئازادیخواز ناوە ەشێتە وە ، بەلام ئەو گروپانە بە فیتى داگیرکەرانى کوردستان دەستیانبرد بۆ گیان و مال و مولکى پیکهاتەکان ، ئێستاش هەندێ بەرپرسی سیاسی و ئاینى لە هەڵگرانى هەمان بیرکردنەوەى چەوت و دور لە ویست و خەسڵەتە مروڤ دوستانەى گەلەکەمان ، لە پێناوى دەستکەوتى نارەوا ، ئامادەن شکوى هەرێم بریندارکەن و ئاشتى و سەقامگیرى کومەڵایەتى ڕووبەڕووى تەنگژەى نەخوازراو بکەنەوە ، بۆیە هەر وەک چون لە پەیامى رێزدار سەرۆک مەسعود بارزانى دا ئاماژەى پێکراوە (پێکهاتەکان خەڵکى رەسەنى کوردستانن و بە هەمو شێوەیەک بەرگرییان لێدەکرێت ) پێویستە پارلەمان ، دەسەلاتى جێبەجیکردن و دادوەرى ، ڕێگرى بکەن لە هەر دەست درێژى و پێشێلکاریەک دەرحەق بە مافە رەواکانى پێکهاتە سەربەرزەکانى گەلەکەمان .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.