دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003، كۆتایی بەدەسەڵاتی سوننە مەزهەب هات، كە هەر لەرۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق حوكمڕانو باڵادەست بوون. ئیتر هەموو لایەك چاوەڕێی ئەوەبووین كە عێراق پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێو پێشكەوتوو، ئەو مێژووە رەشو پڕ لە كارەساتە جێ دەهێڵێ.
بەو ئامانجە كورد ئومێدێكی زۆری لەسەر ئەم گۆڕانكاریە هەڵچنیو هەموو گرانایی خۆی بەو ئاقارە خستەگەڕ. بەڵام دوای تێپەڕبوونی 17 ساڵ، نەك ئەو ئومێدە نەهاتەدی، بەپێچەوانەوە عێراق بە خراپترین بارودۆخ تێدەپەڕێ، بەتایبەتیش ئەو سیاسەتەی بەرامبەر كوردستان پەیڕەوی دەكا هیچی كەمتر نیە لە رژێمەكانی رابردوو، ئێستا كە جارێكی تر دەستیان بۆ قوتی خەڵكی كوردستان بردو وەك فشارێكی سیاسی بەكاری دێنن. سەرەڕاش وە نیشان دەدەنو دەیانەوێ رایەكی گشتی بۆ دروست بكەن كە هەرێمی كوردستان قەرزاری حكومەتی ناوەندە، گوایە ئێمەین كە پابەندی دەستورو یاساكان نابین، لێرە چەند بابەتێك دەخەمە روو، بزانین بە ڕاستی ئەوەی دەیڵێن راستە؟
1-بەپێی دەستور پێشمەرگە بەشێكە لەسوپای عێراق دانی پێدانراوە. بەم پێیە دەبێ شایستە داراییەكانیو سەرجەم پێداویستیەكانی سەربازی لە چەكو تەقەمەنیو مەشقو راهێنان...هتد، لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ پێشمەرگە دابین بكرێ، كەچی دوای تێپەڕینی هەڤدە ساڵ دەسەڵاتی بەغدا نەك شایستە داراییەكانی پێشمەرگەی نەداوە، بەڵكو بێریەكی(كڵاوی سەربازی) سەری سەربازێكیشی بە پێشمەرگە رەوا نەدیوە.
2-مادەی (140) سەدو چل كە ماددەیەكی دەستوری دەستورییە، بە ئاشكراو راشكاوی خۆیان لە جێبەجێكردنی دزیوەتەوە، ئایا هەڤدە ساڵ بەس نیە بۆ جێبەجێكردنی ماددەیەكی دەستوری. ئیتر گەلی كوردستان دەبێ چ هیوایەكی بەو عێراقەو دەسەڵاتی بەغدا بمێنێ؟ لەمەش زیاتر ئێستا لەكەركوكو ناوچە كوردستانیەكانی تری دەرەوەی هەرێم وەك رابردوو سیاسەتی بەعەرەبكردنو پاكتاوكردنی كورد لەم ناوچانە لەپەرەسەندندایە.
3-مافە یاساییەكانی كەسوكاری ئەنفالو هەڵەبجەی شەهیدو وێران بوونی زیاتر لەچوار هەزارو پێنج سەد شارۆچكەو گوندو سوتانو لە ناوبردنی رەزو باخو كێڵگە...هتد لەكوێ یە. ئەو عێراقە هێشتا كوردستان بەقەرزاری خۆی دەزانێ، ئاخر ئەگەر بودجەو داهاتی دە ساڵی عێراق بەتەواوی بۆ خەڵكی كوردستان تەرخان بكەن، هێشتا ئێوە قەرزارن. ئەگەر ئەوەش بكەن كە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەتان لێناكرێ، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ناتوانن قەرەبووی ئەو رۆحە بێ تاوانانە بكەنەوە كە دەوڵەتەكەتان بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجامی داوە، بەڵام پێ دەچێ هێشتا تامەزرۆی دڵتان دا نەكەوتووە دەتانەوێ بەبڕینی قوتی خەڵكی كوردستان تەواوی بكەن، یان ئەوەتا چۆكمان پێدا بدەنو ئیتر ببینەوە بەفەرمانبەری عێراقو دەست لەقەوارەی هەرێم هەڵبگرین.
4-سەری زوبانو بنی زوبانی بەرپرسانی عێراق ئەوەیە كە ناكرێ چیتر لەقوتی خەڵكی شارەكانی عێراق ببڕینو بیدەین بەهەرێمی كوردستان.وەك ئەوەی برسێتیو بێكاری بێ خزمەتگوزاری ....هتد، هەموی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هەرێمی دەنێرن. من نازانم ئەو خۆ لە گێل دانە تاكەی؟ لەوەتەی عێراق هەیە نەوتی كەركوكو ناوچەكانی تری كوردستان دەبات، لەرابردوو دەتانكرد بە ئاگرو ئاسنو كوردستانتان پێ وێران دەكرد، ئێستاش كە نەوتەكە دەبەن وەك ئەوەی هیچ پەیوەندی بە كوردستانەوە نەبێ.
5-هەڤدە ساڵە یاسای نەوتو غاز پەسەند ناكەن، من دەپرسم وڵاتێكی خاوەن زەبەلاحترین داهاتی نەوت دەكرێ یاسای نەوتو غازی نەبێ؟ بەراشكاوی ئامانجی سیاسیتان لەمەدایە. 6-لەمەسەلەی كێشەی نەوتو سەرچاوەكانی تری داهات كە ئێستا داوای هەمووی دەكەن،ئێمە دەزانین ئێوە دەمێكە شەڕێكی ستراتیژی لەگەڵ دواڕۆژو ئایندەی گەلی كوردستان دەكەن، تا بۆتان بكرێ هەوڵ دەدەن كە كوردستان خاوەنی سەرچاوەی داهاتی خۆی نەبێ، چونكە دوارۆژی كوردستان بەندە بەخاوەندارێتی لەسەروەتو سامانی خۆی، ئەگینا هەر دەبێ دیلو بەندەو رەعیەتی ئێوە بین.
7-بەپێی لێدوانی گەورە بەرپرسانی عێراق،تا ئێستا بڕی پێنج سەد ملیار دۆلار لەعێراق دیار نەماوەو بەهەدەر دراوە. هەروەها زیاتر لەسەد ملیار دۆلاریش قەرز وەرگیراوە،ئەمەو جگە لە كۆمەكو بەخششەكان.
پێویستە لەكاتی گفتوگۆكان ئەو حساباتانە بێنە سەرمێز نەك ئەوان خۆیان لەهەموو ئەو بابەت گەلانە بدزنەوە وەك ئەوەی كێشەكان تەنها بریتیە لەرادەستكردنی (250 )هەزار بەرمیل نەوت.
دیارە بابەتی تر زۆرە، بەڵام ئەم چەند نمونەیە دەرخەری زۆر راستینو لێرە دەمەوێ لەم بارودۆخە چەند پێشنیارو رایەك بخەمەروو: ئێمە بەدەست ئەو دەوڵەتە فاشیلە گیرمان خواردووەو ناچارین لەگەڵیاندا گفتوگۆو مامەڵە بكەین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەموو مەلەفەكانو بەپڕۆژەیەكی نیشتمانی یەكگرتوو، ناكۆكیە لاوەكیەكان بەلاوە بنێین، چونكە ئەوەی لەئارادایە هەوڵێكە بۆ شكست پێهێنانی قەوارەی هەرێم یاخود لاوازكردنی تا ئەو سنورەی كە وەك هەیكەلێكی كارتۆنی بێ دەسەڵاتو ماف بمێنێ.
ئەوەندەی پەیوەندی بەكێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، لەگشت بوارەكانی سیاسیو كارگێڕیو شێوازی حوكمڕانی، نابێ لەپشتی حەمرینەوە سەنگەری لێ بگیرێ، چونكە لەلایەن ناوەندەوە استغلال دەكرێ. ململانێی حزبەكانی كوردستانو جیاوازی بیروبۆچونیان لەسەرهەموو بابەتەكان لە كوردستان دەكرێ، نابێ ناكۆكیو جیاوازیەكانی نێو خۆمان بكەوێتە سەرحسابی كێشە نیشتمانیو نەتەوەییەكانمان لەبەرامبەر بەغدا.
ئەوە مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە. لەكۆتایدا، بارودۆخی ناوچەكەو عێراق، دۆخی سیاسی وڵاتانی دەوروبەرو جوڵانەوەی سیاسی لەهەر چوارپارچەی كوردستان، تێكڕا بە قۆناغێكی زۆر چارەنوسساز تێدەپەڕێ.
هەروەها ململانێی زلهێزەكانی جیهان لە سەر دوارۆژی ئەم ناوچەیە بەگشتیو شەڕو پێكدادانو قەیرانی ئابوری لە لوتكەدایە. كوردستان كەوتۆتە چەقی ئەو بارودۆخە،هیوادارم هەموو لایەك بە ئاگا بنو لەئاستی بەرپرسیاری نیشتمانیو نەتەوەیدا بن، هەلومەرجێك لە پێشمانە هەم مەترسی گەورە هەم دەرفەتی باشمان لەبەردەم دایە، دڵنیام ئەگەر تەباییو لەیەكتر گەیشتنو هەماهەنگی نێوان كوردستانیان زیاترو پتەوتر بێت بەسەركەوتوویی ئەم قۆناغە بەقازانجی مەزنی گەلی كوردستان دادەشكێ.