بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، هۆكارگەلێكی لە پشتەوەیە، لێ پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، بۆچی لەو كاتەدا مووچە دەبڕدرێت، لە كاتێكدا ماوەی ساڵێك و سێ مانگ ھیچ كێشەیەك نەبوو، ئەگەر ھۆكار پابەندنەبوونی ھەرێمە بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، ئەوا ڕاست نییە، بەوپێیەی بەغداش ھەمان مامەڵەی بەرامبەر بە ھەرێم كردووە و پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەكەی بڕیوە و تەنھا بەشێكی دیاریكراو لە مووچە دەنێرێت، كەوابێ ئەم بیانووە بۆ پەردەپۆشكردنی مەبەستە شاراوەكانی دواوەی بڕینی مووچەی ھەرێمن.
بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەو تەوقیتەدا، دەكرێ بە ھەوڵێكی سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە (عادل عەبدولمەھدی) ھەژمار بكرێت بۆ سەرنجڕاكێشانی شەقامی شیعی و لایەنە سیاسییە شیعییەكان، بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، چونكە لە ڕابردووشدا ئەوەی نەشاردۆتەوە كە فشارێكی زۆری لەسەرە بۆ بڕینی مووچە و شایستە داراییەكانی ھەرێم، ئەمەش پاش دروستبوونی ھیوایەك بۆ شكستپێھێنانی (مستەفا كازمی) بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ، شاراوەش نییە كە چەند كوتلەیەك لە شیعەكان لە ھەوڵی مانەوەیدان لە ترسی لەدەستدانی پشكەكانیان لە حكوومەتی داھاتوو و نزیكیی كاندیدی ڕاسپێردراو لە ئەمەریكییەكان.
لەلایەكی ترەوە، ئەم بڕیارەی بەغدا ھەنگاوێكی تۆڵەكردنەوەی ھێزە شیعەكانە لە دژی ھەرێم، بە تایبەتی پاش كۆدەنگنەبوونی كورد لەگەڵیان لە پرسی دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا و پیشاندانی ئامادەیی ھەرێم بۆ پیشوازی لە ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەگەری كشانەوەیان لە عێراق، لەوەش زیاتر جێگیركردنی سیستەمی پاتریۆت ھێندەی تر ئەوانی بێئومێد كرد لە شكستخواردوویی ھەوڵەكانیان بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لە ھەمان كاتدا كارتێكی فشارە بەرامبەر كورد بۆ كەمكردنەوەی داواكارییەكانی لە كاندیدی راسپێردراو (مستەفا كازمی) بۆ پێكھێنانی حكوومەت، لە كۆتا كۆبوونەوەش لەگەڵ لایەنە شیعەكان، رەخنەی ئەوەی لێ گیرابوو كە بەرامبەر كورد نەرمە.
ھاوكات ئەگەر سەیری كاردانەوەی ھەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانی ناو پەرلەمانی عێراق بكەین، كە ئەو ھەنگاوەی حكوومەتی عێراق وەك سەركەوتنێك بۆ خۆیان ھەژمار دەكەن، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كە ئەم بڕیارە خزمەتێكی باش دەكات بە نەیارانی حكوومەتی ھەرێم و ئەو ئۆپۆزسیۆنە نامەنتیقییەی كە ئێستا لە كوردستان لەلایەن لایەنێكی دیاریكراوەوە سەركردایەتی دەكرێت، كە كاری سەرەكی بریتییە لە نەھێشتنی متمانە لە نێوان حكوومەت و جەماوەردا، لە كاتێكدا لە دوای ھاتنی كۆرۆنا و ھەنگاوەكانی چاكسازیی حكوومەت، بە شاھیدیی دۆست و نەیار لەوەتەی دەسەڵاتی كوردی ھەیە متمانەی نێوان خەڵك و حكوومەت ئەوندە بەھێز نەبووە.
دروستكردنی قەیران و دانانی ئاستەنگی یەك لەدوای یەك لە بەردەم كابینەی نۆیەمدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی دەوڵەتانی ھەرێمی كەم نییە، سەرەتا ھێنانی ھێزی حیزبی بەرامبەر ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە زینی وەرتێ و ھەڕەشەی ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، دواتر قوڵكردنەوەی دەستەواژەی شارچیەتی و زەقكردنەوەی پرسی جیاوازی لە نێوان شارەكانی ھەرێم لە ڕێكارەكانی حكوومەت دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پاشان بانگەشەی دووئیدارەیی و زیندووكردنەوەی لامەركەزیەت، كە بینییان ئەمانە ھەمووی كاریگەرییان نییە لە پەردەپۆشكردنی ھەڵەكانیان و حكوومەتی ھەرێمیش بەردەوامە لە ھەنگاوە چاكسازییەكانی، كۆتا ھەنگاو بڕینی مووچە بوو، بە دڵنیاییشەوە ئەوانەی ھاندەر و بڕیاردەری بڕینی پشكی ھەرێمن، سەرچاوەكەیان و نزیكییان لە وڵاتانی ھەرێمی، دیار و حاشاهەڵنەگریشە.