Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:03

ته‌قه‌ى خۆشى و یاسا

یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌ركى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌ پلانێكى توكمه‌ دابنێت بۆ نه‌هێلانى چه‌كى بێ موله‌ت
100%


هه‌ر دیارده‌یه‌ك یان نه‌ریتێكى خراپ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ به‌رده‌وام بێت، ئاكام و ده‌ره‌نجامى زۆر خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. یه‌كێك له‌م دیارده‌ هه‌ره‌ قێزه‌ونانه‌ بریتییه‌ له‌ ته‌قه‌ى به‌ناو خۆشى، كه‌ له‌ دواى راپه‌رینى 1991ه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌مه‌ 29 ساله‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌، تا ئێستا حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ سنوورێك بۆى دابنێت و بنبڕ بكات، كه‌ تائیستا به‌ده‌یان كوژراو بریندارى لێكه‌وتووته‌وه‌.

سه‌ره‌كیترین هۆكار بریتییه‌ له‌ بوونى رێژه‌یه‌كى زۆرى چه‌كى نایاسایی بێ مۆله‌ت له‌ ده‌ست خه‌ڵكدا. یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌ركى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌ پلانێكى توكمه‌ دابنێت بۆ نه‌هێلانى چه‌كى بێ موله‌ت له‌ ده‌ست هاوڵاتیاندا، چونكه‌ زۆربه‌ى تاوانه‌كان و هه‌روه‌ها ته‌قه‌ى خۆشیش هه‌ر به‌م چه‌كانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى درێژه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ نه‌هێلانى چه‌كى بێ موله‌ت تاوتوێ كراوه‌ ، به‌ڵام تا ئێستا هیچ نه‌كراوه‌.

بۆ چاره‌سه‌ر كردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ رێگاى یاسایی ئه‌ركى حaكومه‌ته‌ هه‌نگاوى جدى بنێت بۆ نه‌هێلانى چه‌كى بێ موڵه‌ت، هه‌روه‌ها بۆ شێوازى وه‌رگرتنه‌وه‌ى چه‌كه‌كانیش، من به‌باش ده‌زانم حكومه‌ت هه‌موو چه‌كه‌كان له‌ هاوڵاتیان بیكرێت، به‌ڵام له‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كورتدا كه‌ زیاتر نه‌بێت له‌ مانگێك تا دوو مانگ بۆئه‌وه‌ى خه‌لك بازرگانى به‌ چه‌كه‌كانه‌وه‌ نه‌كات. دواتریش رێكارى سه‌خت دابنرێت بۆ پێدانى موله‌تى چه‌ك هه‌ڵگرتن، بۆئه‌وه‌ى تا هه‌ركه‌سێك زۆر پێویستى پی نه‌بێت داواى مۆڵه‌تى چه‌ك هه‌ڵگرتن نه‌كات. هه‌روه‌ها له‌ دواى پێدانى مۆله‌تیش پێویسته‌ هاوشێوه‌ى وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان هه‌موو فیشه‌كه‌كان كۆدیان هه‌بێت ئه‌م كۆده‌ له‌سه‌ر ناوى ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ موله‌تى چه‌كه‌كه‌ى پێداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر ڕووداوێك رووبدات به‌ ئاسانى كه‌سه‌كه‌ بناسرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها دواى ده‌رچوونى رێنومایه‌كانیش سزاى زۆر قورس دابنرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى چه‌كى بێ مۆله‌تیان هه‌ڵگرتووه‌.

كاتێ كه‌ ناوه‌ناوه‌ له‌ شاره‌كان دیارده‌ى ته‌قه‌ى خۆشى ئه‌نجام ده‌درێت، پێویسته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خێرا بێنه‌ سه‌رخه‌ت و هه‌وڵ بدرێت ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌یه‌كجارى بنبڕ بكرێت. سه‌ره‌تا به‌رپرسی یه‌كه‌ى كارگێرى شاره‌كه‌، به‌رپرسی سه‌ره‌كییه‌ له‌م كارانه‌، پێویسته‌ خێرا ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیر بكرێن و خێرا بدرێنه‌ دادگا تا به‌ سزاى خۆیان بگه‌ن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئاستى رۆشنبیرییان نزمه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌هێز كۆنترۆل بكرێن.

هه‌روه‌ها هه‌ركاێك به‌رپرسی كارگێرى شار و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌ كارى خۆیان هه‌ڵنه‌ستان و كه‌مته‌رخه‌مییان كرد، ئه‌وكات ئه‌ركى داواكارى گشتى شاره‌كه‌یه‌ داواى یاسایی له‌سه‌ر یه‌كه‌ى كارگێرى تۆمار بكات و لایه‌نى كه‌مته‌رخه‌م سزا بدرێت.

هه‌روه‌ها له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ ئه‌ركى په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌م كێشانه‌ بكه‌ن و زانیارى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ كۆ بكه‌نه‌وه‌ و په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌توانن بیكه‌نه‌ پرۆژه‌یه‌كى تێروته‌سه‌ل و دواتر بدرێته‌ حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ر كردنى، چونكه‌ ئه‌ركى ئه‌مانه‌ چاودێرى كردن و به‌دواداچوونه‌. به‌ڵام واپێده‌چێت هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه‌ى كه‌ باسمانكرد كه‌مته‌رخه‌م بن، چونكه‌ ئه‌م دیارده‌ قێزه‌ونه‌ ئه‌مه‌ 29 ساله‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و له‌ هه‌موو شاره‌كانیش رووده‌دات و تا ئیستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.