Erbil 14°C شەممە 23 تشرینی دووەم 19:51

ئەڵتەرناتیڤ و لەگۆڕنانی چەمکی دوو ئیدارەیی

لە بنچینەدا چەمکی ئیدارە زیاتر چەمکێکی زانستی ئابوورییە، وەک سیاسی
100%

لە پەراوێزی پرێس کۆنفرانسی بەرێز سەرۆکی هەرێم دا

 ئەڵتەرناتیڤ و لەگۆڕنانی چەمکی دوو ئیدارەی

بزوتنەوەی رزگایخوازی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستاندا زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامدایە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد. لە مێژووی خەباتی باشووری کوردستاندا چەند جارێک دەرفەتی دروستبوونی کیانێکی وەک دیفاکتۆ بۆ کوردستانیان هاتۆتە پێشەوە، کەم تا زۆر سودیان لێوەرگیراوە بۆ دەرهێنانی پرسی کورد وەک پرسێکی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە ، بۆ پرسێک و ناساندی کێشەی کورد وەک پرسێکی جیهانی. لەوانە دەرفەتی رێکەوتننامەی ١١ ئاداری ١٩٧٠ و راپەڕینە مەزنەکەی ئاداری ١٩٩١. دواجاریش وەستانەوە دژ بە تیرۆری نێودەوڵەتی و شەڕی داعش.                                                                                                              

 هەرێمی کوردستان له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌ى كه‌به‌هۆى داگیركردنى ده‌وڵه‌تى كوێت له‌پاش مانگی ئابی ١٩٩١ له‌عێراق و ناوچه‌كه‌ هاته ‌ئاراوە، بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوودا گەلی کورد توانی بە هاوبەشی زۆر کەس و لایەنی تر لە نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کوردستان خاکی هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە ئازاد بکەین.                                                                                

لە راستیدا ئەزموونی حکومرانی لە هەرێمی کوردستان لە دوای راپەڕینە جەماوەریەکەی مانگی ئاداری ١٩٩١ دەستیپێکرد. ئاشکرایە گەلی کورد بەپشتگیری بڕیارى ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، کە بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان بوو دەرفەتێکی زێرینی دەستکەوت، بە تایبەتی دوای کێشانەوەی دامودەزگا ئیداریه‌كانی حکومەتی عێراق له‌ناوچه‌كانى كوردستان، بۆشاییه‌كى یاسای و ئیداریى دروستكرد، به‌ره‌ى كوردستانى، وه‌ك ده‌سه‌ڵاتى دیفاكتۆ، له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێم، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی رێکخست، له‌رێگاى ده‌نگدانى گشتى ونهێنى و راسته‌وخۆ له‌ ١٩/٥/١٩٩٢ به ‌به‌شدارى نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن ده‌نگده‌ر ئه‌نجامدرا. كه‌ به‌هاوكارى و پشتیوانى چاودێرانى بیانى ودۆستانى گه‌لى كورد به‌ڕێوه‌چوو.                                                                                                  

بەداخەوە دوژمنانی گەلی کورد ئەو دەستکەوتە مەزنەی گەلی کوردیان پێهەزم نەکرا، کەوتنە پلان و بەرنامە داریشتن بۆ شەڕی ناوخۆ و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامەکەی هاتەدی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەسەر دوو سیستەمی بەرێوەبردندا (نیمچە ئیدارە) دابەشکرد. پاش قوربانی و ماڵویرانێکی زۆر، خۆشبەختانە بەهاوکاری دۆستانی کورد، تواندرا کۆتای بەشەڕی ناوخۆی کورد بهێندرێت، و تا رادەیەک دەنگ و خواستەکانی گەلی کورد لێکنزیک بکرێنەوە، بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک رژێمی سەدام رووخا و، سیستەمێکی سیاسی نوێ لە عێراقدا هاتەکایەوە بە بەشداریێکی چالاکی کورد و کوردستان. بۆ یەکەم جار لە دەستووری عێراقدا بە فەڕمی دان بە کوردستاندا نرا وەک هەرێمێکی فیدراڵی بە کۆمەڵێک دەسەڵاتی فراوان و جیاواز لە هەموو یەکە فیدراڵیەکانی جیهان.                                                                                            

سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکومەتی هەرێم ئەو ئامانجەی لە ساڵی ١٩٩٢ بۆی دامەزرابوو، تەنیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دوای پێکهێنانی یەکەمین کاببینەی هاوبەش بەسەرۆکایەتی کوردستان جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆک وەزیرانی جەنابی نێچیرڤان بارزانی هاتنەدی. دەستکەوتەکانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی کوردیان نەک تەنیا وەک پرسێکی سیاسی بەڵکو وەک لایەنێکی بەهێزی ئابووری و وزە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە هێنایە دەر، و هەرێمی کوردستان لەناو نەخشەی سیاسی و سەربازی و وزەی جیهاندا بەدیارکەوت.                

هەمیشە دوای رووداوە گەورە و مێژوویەکانی دونیا، وڵاتانی کاریگەرە هەرێمیەکان و زلهێزانی دنیا بەدوای فراوانکردنی جێۆسیاسی خۆیانەوەن، لەو چەند ساڵەی رابردوو دوو روداوی گەورەی جیهانی ناوچەکەی گرۆتەوە، یەکێک سەر‌هەڵدانی تیرۆری نێودەوڵەتی و  شەڕی داعش بوو، ئەوەی تریان سەرهەڵدانی کڕۆنا ڤایرۆسی نوێی و شەڕی بایلۆجی کۆڤید-١٩ یە. ئەمرۆ زۆربەی سیاسەتمەدار و رۆشنگەرانی دونیا باس لە گۆرانکارییەکانی سەردەم دەکەن، دوور نییە ئەوەی روودەدات ئەمرۆ لەناو شەقامی کوردی و ناو هێزە سیاسییە کوردییەکان بەشێک بێت لە پلان و بەرنامەی وڵاتانی بەرژەوەندیخواز. بە تایبەتی کاتێک پرسێکی بچوک، لۆبی گەورەی بۆ دەکرێت و، بانگەشەی لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سفر ئیدارەی دووبارە بڵاودەكرێتەوە.                                                                                               

بەربەستەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتی جەنابی مام جەلال لە ژیاندا مابوو، سەرۆک بارزانی رۆڵی گرینگی تێدا گێرا بۆ گەیاندنی کوردستان بەو قۆناغە ئێستامان، بەڵام بەداخەوە دوای کۆچی دوای جەنابی مام جەلال، ئەم بۆشاییە گەورەیە دروست بووە، ئەویش بە دڵنیایەوە بەهۆی دروستبوونی بۆشایی جێگای مام جەلالە لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک هێزی دووەمی کوردستان، بەڵگەش ئەوەیە کە کاتێک لەسەر هەندێک رەفتاری سیاسی و نەتەوەی دەرگاکانی دادەخرێن، هەوڵنادەن لە چوارچیوەی سیاسەت و وەسیەتەکانی مام بجوڵێنەوە و بە پەنجەرەدا بچنە ژوورەوە.                                                                                                     

دوای پرۆسە ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانی بەراشکاوانە ئایندەی کوردستانی داوەتە دەست قوتابیەکانی کە بۆ ئەم قۆناخە پێیگەیاندون، خۆشی وەک چاودێرێک و رێنیشاندەرێک دەروانێنتە هەنگاو بەهەنگاوی قوتابیەکانی خۆی، و تەنانەت قوتابیەکانی دوای خوالیخۆش بوو مام جەلال لەناو یەکێتیدا دەبینێت. ئەگەر خۆی بێدەنگ کردووە لە ئاست هەندێک رەفتار و شێوازی سیاسەتکردنی قوتابییەکانی مام جەلالی هاورێی و هاوخەباتی لەزۆربەی زۆری شەر و بەرخودانەکانی ناو بزوتنەوەی رزگاریخوای کورد، لام وایە لەبەر ئەوەیە ناو ماڵی یەکێتی بەرشوبڵاوبووە و نەیویستووە ببێتە بەشێک لەو کێشانە.                                                                       

ئەوەی من تێگەیشتووم، قوتابییەکانی سەرۆک بارزانی بەبێ گەڕانەوە بۆ جەنابیان بڕیار لەسەر پرس و کێشە نەتەوەییەکان نادەن هەر لە یەکەم کابینەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەوە هەستی پێکراوە و رانگدانەوەی هەبووە بەسەر سیاسەت و بەرێوەبردنی کوردستاندا  و گەیاندنی بەو قۆناغە.                                                                                                       

نێچیرڤان بارزان قوتابێکی راستەقینەی سەرۆک بارزانی  و یادگاریکی جوان و لێوەشاوەی بنەماڵەی بارزانە لەناو بزوتنەوەی رزگایخوازی کورد و حکومرانی کوردیدا. بەڵگەش بۆ ئەوە گوێبیستی وتەکانی سەرۆک بارزانی بووین کە نێچیرڤان بارزانی هەر لە تەمەنی منداڵیەوە زیاتر نزیکتر بووە لە جەنابیان وەک لە باوکی خۆشی، هەروەها کۆپی کیللی دەرگا داخراوەکانی سەرۆک بارزانی پێسپێدراوە، کە لەکاتە سەخت و دژوارەکاندا دەرگا داخراوەکانی پێدەکاتەوە.                                                                                                  

لە بنچینەدا چەمکی ئیدارە زیاتر چەمکێکی زانستی ئابوورییە، وەک سیاسی، بەڵام بەهۆکاری سیاسی و بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا ئەم چەمکە بە سیاسی کراو هەرێمی کوردستانی پێکرا بە دوو سیستەمی بچوک و لاوازی بەرێوبردن و حکومرانی کە لەناو شەقامی کوردیدا بە دوو ئیدارەی پێشووتر، ئێستای (سفر ئیدارەی) ناسراوە. رۆژانە، بە تایبەتی ئەو کاتانەی هەرەشە و مەترسیەکانی لەسەر کورد و ئایندەی کوردستان زیاد دەبن، دا‌هێنەرانی ئەم چەمکە بانگەشەی دووبارە زیندوکردنەوەی حکومرانی لە ژێر سایە و سیاسەتی بەکارهێنانی ئەم چەمکە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.بەدڵنیایەوە بە ئامانجی نەمانی هەرێمی کوردستان وەک کیان و قەوارە دەستورییە یاسایەکەیەتی.                                                                                                 

ئەوەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسی ٢٠/٤/٢٠٠ ی خۆیدا دایهێنا، چەمکێکی تەواو و پربەپێستی ئەم شێوازە حکومرانی بانگەشەی بۆ دەکرێت لەکاتی سە‌رهەڵدانی قەیران و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی خاوەن هێزی سۆشیاڵ میدیا و ئیرهابی فکری، لە ژێر ناوی سفر ئیدارە. بۆیە لێرەدا لە جێگای خۆیەتی لەو ساتەوە، چەمکی سفر ئیدارە وەک ئەڵتەرناتیڤ و لە گۆرنانی چەمکی دوو ئیدارە لەناو شەقام و ناوەندە چاپەمەنییە کوردییەکان بەکاربهێندرێت .                    

د. دانەر ئەبوبەکر/ مۆسکۆ  

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.