ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی براکوژییەوە و تا ئێستاش، خەڵکانێک لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، تەنانەت دەر و دراوسێش، گرەو لەسەر پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد لە هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمە تاریکەکانی شەڕی ناوخۆ و “دوو ئیدارەیی” دەکەن، بەڵام دەمێکە ئەو ڕاستییە ڕۆشنتر بووە، کە ئەمە گرەوێکی پێشوەختە دۆڕاوە.
دیارە بەشێکی گرنگی پووچەڵکردنەوەی ئەم گرەوەش، پەیوەندیی بە گوتاری سیاسیی کاراکتەرگەلێکەوە هەیە، کە خۆیان لە ئاست ئەرکە هەنووکەیی و ئایندەییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، بە بەرپرسیار دەزانن. یەکێکیش لەو کاراکتەرانە، بەڕێز “نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان”ە، کە بە قسەی یار و نەیارەکانی، ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاوی لە خاوکردنەوەی گرژییەکان و کاڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکاندا (چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، یان عێراق) بینیوە و دەبینێت.
قەیرانی ئابووریی، بڕینی بوودجە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا، شەڕی تیرۆریستانی داعش، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی، کە هەر هەموویان لە سەردەمی کابینەکانی “سەرۆک نێچیرڤان”دا بوون. سەخت و هەستیارترین قۆناغی ژیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بوون. چونکە بەردەوام دەستە و گرووپ لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە عێراقیش هەبوون، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی خراپ قۆستنەوەی ئەم کێشە و قەیرانانەیان دەدا، بۆ ئەوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانی نێوان هێزە کوردستانییەکان (بە دیاریکراویش نێوانی پارتی و یەکێتی)، بە ئاقاری گرژیی و ئاڵۆزیی زیاتر و تا ئاستی بەریەککەوتندا ببەن، بەڵام خۆشبەختانە، لە سەری ئەو سەرەوە، بە دەستمایەی پووچەوە مانەوە و شکست بە هەوڵەکانیان هێنرا.
وروژاندنی بابەتی “دوو ئیدارەیی”، شتێکی نوێ و هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو زادەی هەلومەرجی نەخوازراوی ساتەوەختی ئەو کێشە و قەیرانانەیە، کە پێشتر ئاماژەمان پێیان کرد. بۆیە ئاساییە وەک چێشتی شێوان، هەر کات بەدحاڵیبوونێک بکەوێتە نێوان لایەنە سیاسییەکان، دەستە و گرووپ هەبن، گە نانی شەڕ و ئاشووب دەخۆن، گەرمی بکەنەوە. کەچی هەموومان بینیمان، لەناو گەردەلوولی ئەم هەموو قەیرانانەدا و سەرەڕای پیلانی ئەم گرووپ و کلکەسووتێی ئەو دەستە، کە بە لۆژیکی “ڕاوکردن لە ئاوی لێڵ”دا ڕەفتار دەکەن. بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەندین ساڵەی حوکمڕانیی خۆی، هەروەها بە لێهاتوویی لە مانۆری سیاسی و دیبلۆماسیەتی ئیدارەدانی کێشەکان.
لەسەروووی ئەمانەشەوە، بە هۆی زمانی سەنگینی دواندنی بەرامبەر و گوتاری بەرپرسیارانەی سیاسیی لە پەیوەست بە پرسە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان، “سەرۆک نێچیرڤان” توانی تەمی ئەو نیگەرانیانە لە ئاستی هەرێم و عێراقدا بڕەوێنێتەوە و هەموو ئەوانەیش، کە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە چاوەڕوانیی بەیانیی لێکترازانی ماڵی کورد و پارچەبوون و پەککەوتنی حکوومەتی هەرێمدا بوون، خەونەکەیان بووە بڵقی سەر ئاو. لەو کاتەیشەوە کە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی وەرگرتووە، ئەو دامەزراوەیەی کردووەتە چەتری کۆکردنەوەی هەموو جیاوازەکان و چەقی بڕیاری هاوبەشی کوردستانیی، بۆیەشە دەبینین تەواوی لایەنە سیاسییەکان (لە ناوەوە و دەرەوەی حکوومەت)، سەنگەری ئەم گوتارە سیاسییە بەرپرسیارە، بە سەنگەری خۆیان دەزانن.
بەهەرحاڵ، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی هەرێم، “سەرۆک نێچیرڤان” لە میانی کۆنفڕاسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و چەند پرس و بابەتێکی دیکەی هەنووکەیی کرد. خاڵی سەرنجڕاکێش لە کۆنفڕانسە ڕۆژانەمەوانییەکەدا ئەوە نەبوو، کە سەرۆکی هەرێم دڵنیایی تەواوی دایە هاووڵاتیان بەوەی “کێشەکان چارەسەر دەبن” و لە ڕۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ “مەکتەبی سیاسیی یەکێتی” کۆدەبنەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە لە پێکهێنانی حکوومەتدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان “هاوبەشی سەرەکی”ی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، بەڵکوو پەیامی سەرەکی و پڕ بایەخ لە پەیوەست بە سیاسەت و ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرۆکی هەرێم لەوێدا بوو، کە لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسەکاندا سەبارەت بە ئەگەر و پێشبینیی دروستبوونی ”دوو ئیدارەیی”دا ڕوون و ڕاشکاو، گوتی: ”ئەگەر پێشبینی شتێکی وا بکرێت، ئەوا نابێتە دوو ئیدارە، بەڵکوو دەبێتە سفر ئیدارە”. ئەمەش ڕێک بەو واتایە دێت، کە ئیرادە و شکۆ و سەرەوەریی کورد و بەردەوامیی و کاریگەریی ڕۆڵەکەی لەناو هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، پەیوەستە بە تەبایی و یەکڕیزیی کورد خۆی، بۆیە هەر کەس و گرووپ و لایەنێکیش لە خەمی ئیرادە و شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمانیدا نەبێت، ئەگەر هەموو پلە و پۆست و دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمیشی هەبێت، (سفر هیچ بە دەست!) دەمێنێتەوە.
بە کوردی و بە کورتی: دەهۆڵکوتین بۆ “دوو ئیدارەیی”، واتا ملکەچکردن بۆ “سفر ئیدارە”. ڕازیبوونیش بە سفر ئیدارەیی، واتە قبووڵکردنی بێ ئیرادەیی و لەدەستدانی شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی سیاسیی لە ئاستی عێراق!