Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 09:41

چارەنووسی کازمی لە هی عەبدولمەهدی جیاواز دەبێت؟

ڕابردوو سەلماندوویەتی كە تەوافوق و ڕێككەوتنی لایەنە شیعەكان كاتییە و ستراتیژی نییە
100%

ڕاسپاردنی (مستەفا كازمی) بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بە جۆرێك ھاوشێوەی سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە (عادل عەبدولمەھدی) بوو، بە تایبەتی لەو خاڵەی كە نوێنەری زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان لە مەراسیمەكەدا ئامادە بوون، ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئایا چارەنووسی ئەم بەڕێزە وەك ئەوەی پێیش خۆی دەبێت، یاخود سەركەوتوو دەبێت و عێراقیش لەم قۆناغە دەرباز دەكات؟.

ئەگەر لە ڕووی پاڵپشتیی ھێزە سیاسییەكانەوە سەرنج بدەین، ھەردوو كەسایەتی ھەمان شێوەن، ئەوەتا شیعەكان كۆدەنگییان لەسەر ناوبراو ھەیە و لەلایەن كوردیشەوە پاڵپشتیی تەواوی ھەیە، هەروەها ھەڵوێستی سوننەكانیش ڕوونە و سەرۆكی پەرلەمانیش (محەمەد حەلبووسی) بە ئامادەبوونی لە مەراسیمی كاندیدی ڕاسپێردراو، پاڵپشتیی گەورەترین كوتلەی سوننەكانی دووپات كردەوە، ھەموو ئەمانە و پاڵپشتیی شەقام و نوخبەی سیاسییش لە كاتی راسپاردنی (عادل عەبدولمەھدی)ـدا بوونی ھەبوو، بەڵام لە كۆتاییدا ھیچ سوودێكیان نەبوو بۆ گۆڕینی چارەنووسی ناوبراو.

لە ھەمووی گرینگتر، پەیوەندیی باشی ئەم بەڕێزەیە لەگەڵ ئێران و ئەمەریكادا، لە كاتێكدا سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە ھەمان تەوافوقی لەسەر ھەبووە، ھەر ئەم ھۆكارەش بوو ڕۆڵی ھەبوو لە ناچاركردنی بە دەستلەكاركێشانەوەی، بە تایبەتی لە بابەتی دەستبردن بۆ كەمكردنەوەی ڕۆڵی میلیشیا شیعەكان و ڕۆیشتن بە ئاراستەی چین، بە شێوەك پاڵپشتیی ئەم دوو وڵاتەی بە تەواوی لە دەست دا، ئەمە لە كاتێكدایە كاندیدی ڕاسپێردراو لە یەكەم گوتاری دەستبەكاربوونیدا چەندان جار دووپاتی كردەوە، كە سەروەریی عێراق ھێڵی سوورە، بۆیە پێشبینی ناكرێ پاڵپشتییەكەی تا سەر بێ.

لە لەلایەكی ترەوە نەبوونی كوتلەی گەورە لە پەرلەمان بۆ پاڵپشتیكردنی كاندیدی ڕاسپێردراو لە كاتی پێویست، كە ھۆكارێكی سەرەكی بوو لە لاوازیی پێگەی سەرۆكوەزیران (عادل عەبدولمەھدی)، ھەروەك چۆن ڕابردوو سەلماندوویەتی كە تەوافوق و ڕێككەوتنی لایەنە شیعەكان كاتییە و ستراتیژی نییە، بۆیە ھەر كاتێك بەرژەوەندییەكانیان دەستەبەر نەبێ، زۆر بە سادەیی دژایەتی دەكەن، پەیوەستنەبوونی بە ھیچ حیزبێك و نەبوونی میلیشیای تایبەتیش، كۆمەڵێك ھۆكارن لە داھاتوودا كاریگەرییان لەسەر توانای ناوبراو دەبێ، سەرباری ئەوەی كە ھەردوو كەسایەتی بە شێوەكی سەرەكی ھاوتان لە نزیكبوونیان لە كورد و باوەڕبوونیان بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە چوارچێووەی دەستووری عێراقدا.

 جیاوازیی ئەم دوو كەسایەتییە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، كە یەكەمیان بەڕێز (عادل عەبدولمەھدی) تەواو سیاسی و چەندان پۆستی جیاوازی وەزاریی ھەبووە و ھەرگیز نزیك نەبۆتەوە لە وەرگرتنی بەرپرسیاریەتیی ئەمنی، لاوازیی دەركەوتنی لە ئیدارەدانی قەیرانی سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەكانیشدا، كە بووە ھۆی كوشتنی سەدان ھاووڵاتی، ئەو ڕاستییەی دووپات كردەوە،  بە پێچەوانەوە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ چەندین ساڵە سەرپەرشتیی گەورەترین دەزگای ئەمنی دەكات، ئەویش دەزگای ھەواڵگریی عێراقە، لە ھەمووی  گرینگتر باكگراوندی كەسیی ئەم دوو كەسایەتییەیە، كە سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە ئیسلامی و، ڕاسپێردراویش مەیلی بە لای عەلمانییەتە، كە دەكرێ ئەم تایبەتمەندییانە یارمەتیدەری بن لە سەركەوتن لە ئەركی داھاتوویدا.

لە كۆتاییدا، چارەنووسی كاندیدی ڕاسپێردراو (مستەفا كازمی)  پەیوەستە بە شێوازی مامەڵەی لە گەڵ ھاوكێشە ئاڵۆزەكاندا، بە شێوەك چەندە دەتوانێ پەرە بدات بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق، لە لایەكی ترەوە ھاوسەنگیی نێوان ئێران و ئەمەریكا، ڕاگرتنی باڵانسی نێوان ھێزە سیاسییە جیاوازەكانی ئامادەبوو لە پەرلەمان، لە ھەمووی گرینگتر چەندە سەركەوتوو دەبێ لە ئاشتكردنەوەی جەماوەری ڕاپەڕیوی عێراق و باشتركردنی دۆخی ئابووری لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا و مامەڵەكردنی دروست لەگەڵ كێشە ئەمنییەكاندا، بە تایبەتی سەرھەڵدانەوەی داعش.

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.