Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 06:27

ئەم هەڵوێستانە دەبنە نەخشی ڕەنگینی مێژوو!

دواجار هەمووان مەحکوومن بە کوردبوون
نوورى بێخاڵى
100%

لەگەڵ دەرکەوتنی پەتای کۆڕۆنا لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاووڵاتیان تووشی پەشۆکان و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوون، تەنانەت بەڕێوەبەراتیی خۆسەریش، نیگەرانیی خۆی لە مەترسیی ئەگەری تەشەنەکردنی پەتاکە و ئەو کارەساتە مرۆییەی لێی دەکەوێتەوە، نەشاردەوە.

ڕاستییەکەی ئەم نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیەی دەسەڵاتدار و هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاست هەڕەشەی پەتاکە، هەڕەمەکی و لە بۆشاییەوە نەبوو. چونکە وێڕای کەمیی ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە (بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتێکی کوردستان تیڤی لە ١١ی نیسان، ١٪ی خەڵکی قامیشلۆ دەمامکیان هەبووە، ئەمەو لەگەڵ دابەزین و کەمبوونەوەی خێرای دەمامکی پزیشکی لە دەرمانخانە و سەنتەرە پزیشکییەکاندا). هاوکات ڕووسیا هەر زوو بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی سەر شانی خۆی بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە، ڕایگەیاند کە مۆسکۆ دەستی بەو ناوچانە ناگات و ناتوانێ بە دەنگیانەوە بچێت.

لەلایەکی تر، ئەمریکا ئامادە نەبوو هیچ هاوکاریێکی لۆجیستی و دارایی کوردانی ڕۆژئاوا بکات، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی پەتاکە. هاوکات حکوومەتی سووریاش نەک هەر هاوکار نەبوو، بەڵکوو بە گوێرەی ناوەڕۆکی بەیاننامەیەک (لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٠)بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرسیارێتیی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی (کۆڤید١٩) لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی سووریا و بە هۆکاری تەشەنەکردنی پەتای کۆڕۆنا لە ناوچەکە تاوانباری دەکات و نایشارێتەوە، کە حکوومەتی دیمەشق ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگی نییە و بە ڕەفتارە هەڵەکانیشی، ژیانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە دەخاتە مەترسییەوە.

لەناو ئەم خەمساردیی و خۆزدینەوەیەی هەر یەکە لە ڕووسیا و ئەمریکا، لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و مرۆیی بەرامبەر هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بێباکیی حکوومەتی سووریا لە تەشەنەکردنی پەتاکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراویش، بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان)، پێش ئەوە و هەر زوو، بە دەنگ داواکاری و داخوازیی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان چوو، کە لە بەیاننامەکەیدا (لە ١ی نیسان) داوای بەدەنگەوەچوون و پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویستیی لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەریم کرد بوو، بۆ ئەوەی ڕێ لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بگرن

دیارە ئەم هەڵوێست و هەنگاوەی سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی)، لە پەیوەست بە سەلماندنی هاوخەمیی و هاوسۆزیی بۆ پارچەکانی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، وەک بەشێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانی خۆی، شتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراو نەبوو. چونکە پێشتریش و بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) چ لەسەر ئاستی هەرێم (باشووری کوردستان)، یان پارچەکانی دیکەی کوردستاندا و لەنێویاندا ڕۆژئاوای کوردستان، کە تا ئاستێکی زۆر، جۆرێک لە ناکۆکیی و بەدحاڵیبوون لە نێوان کاراکتەر و هێزە سیاسییەکانی ئەم دوو بەشەی وڵاتدا هەیە، لە پەیوەست بە پرس و ڕووداوەکان و بەتایبەتیش کە کوردان ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بوونەتەوە، ئەو بەرمەبنای هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵەی کردووە.

بۆیە بەدەنگەوەچوونیشی بۆ داواکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر  و داواکاریی هاووڵاتیان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە دابینکردنی تاقیگەی پشکینینی پزیشکیی و پێداویستییە تەندروستییەکانی تر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتاکە، هەروەها نیشاندنی ئامادەیی بۆ هەر پێویستیی و هاوکاریێکی تر، دەچێتە خانەی ئەم هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و ویژدانییەی سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەر گەل و نیشتمان و مێژوودا.

ئەم دۆخە پێمان دەڵێت، هەر کوردێک، یان هەر هێزێکی کوردیی، بۆ ئەوەی ڕاستگۆیی و پابەندیی خۆی بە بنەما و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بسەلمێنێت، کورتترین و ئاسانترین ڕێگا، ئاست و ڕاددەی بەهاناوەچوونییەتی بۆ هاوزمان و هاوخاکەکانی لە کاتەکانی تەنگانە و لێقەوماندا، ئیدی با تا ئەوپەڕیش لەلایەنی سیاسی و پاشخانی ئایدۆلۆژییەوە لە یەکتری جیاواز بن، چونکە دواجار هەمووان مەحکوومن بە کوردبوون. لەم ڕوانگەیەوە، پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیبوونی کەسێک، یان هێزێک، بە دروشمەکانی و ئاستی دەنگ بەرزرکردنەوەی نا، بەڵکوو بە هەڵوێست و هەنگاوە کردەییەکانی و ئەو ئەنجام و دەرهاویشتانەی لە ڕووبەرە گشتییەکەدا (سیاسی و کۆمەڵایەتی) لێی دەکەونەوە، دەپێوێرێت.

تویتەکەی بەڕێز (مەزڵووم عەبدی - فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە ڕۆژوئاوای کوردستان) کە تیایدا سوپاس و ستایشی سەرۆکی هەرێم دەکات، بەوەی بەخێرایی و سەخاوەتمەندییەوە بەدەنگیانەوە چووە و تاقیگەی پزیشکیی بۆ ناردوون و بەڵێنی هەوڵ و هاوکاریی زیاتری پشتیووانیشی بۆ دەربڕیون. ئەوە ئەو ئەنجامەیە، کە دواجار لە یادەوەریی گشتیی و ویژدانی زیندوویی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، وەک نەخشی سەر بەرد لەسەر لاپەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە.

دواجار لە ڕوانگەی منی هاووڵاتی، ئەوەی سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان کردوویەتی و پێویستە لە داهاتووشدا لەپێناو پتەوکردنی هاوخەباتیی نەتەوەیی لە بەرامبەر ڕۆژئاوا و هەر بەشێکی دیکەیی کوردستان بیکات، کە بە دڵنیاییەوە بەشێکە لە ستراتیژی کارکردنی لە سەرۆکایەتیی هەرێمدا. لە ئاستە سیاسییەکەیدا دیوێکی گرنگی هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییە. وەک چۆن لە ئاستە مرۆییەکەیشدا، نیشانەی ئەوپەڕی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و ویژدانی لە بەرامبەر هاونیشتمانیاندا.

ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە بە چاوپۆشین لە جیاوازیی بیرکردنەوەی سیاسی و پاشخانی ئایدیۆلۆژیی هەر یەکێکمان وەک کورد. دەبێ و زۆریش پێویستە، هەر ئەم جۆرە لە سیاسەتە نەتەوەیی و نیشتمانی و مامەڵە بەرپرسیارانە، بکرێنە بنەما و پێشمەرجی هاوپشتیی و هاوخەباتیی نێوان کوردان. چونکە نابێ هەرگیز لەبیرمان بچێت، کە جگە لە کورد خۆی، هیچ کەس دۆستی نییە و بە دەستی خۆیشی نەبێت، دەرد و برینی کوردان بە کەس چارە ناکرێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.