Erbil 14°C شەممە 23 تشرینی دووەم 20:09

لە خەمی رۆژئاڤادا 

هاوسۆزیی لە نێوان رۆڵەكانی یەك نەتەوەدا بە تایبەت نەتەوەیەكی دابەش و مەغدوری دەستی جوگرافیا و سیاسەت بەر لەوەی هزروهۆشیاری بێت، هەستە
100%

هاوسۆزیی لە نێوان رۆڵەكانی یەك نەتەوەدا، بە تایبەت نەتەوەیەكی دابەش و مەغدوری دەستی جوگرافیا و سیاسەت، بەر لەوەی هزروهۆشیاری بێت، هەستە. هەستێك كە لە دەرونی هەر رۆڵەیەكی شیرحەڵاڵدا بەرامبەر هاوزمانەكەی، خۆڕسكانە دەڕەخسێ و سەرمەدیانە دەژی و بە هیچ كلۆجێك ریشەی هەڵناكێشرێ. خوێنێك بە دەمارەكانی ئەو هەست و ئینتیمایەدا دەگوزەرێ كە مەحاڵە ببێت بە ئاو.

ئەو كاتانەش كە ئەم هزرو هەستە لە ئاستی دامەزراوە بەرپرسیارەكاندا، دەبنە پاڵنەری بەهاناوەچون و پەڕینەوە لە سنوور، مانای وایە لە ئەجیندا و بیری بڕیاربەدەستانی ئەو دامه‌زراوانەدا، پابەندیی بەو هەست و هزرە، بەرنامە و ئەركە، هەر ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی ئەو متمانە و پشتگەرمییەی تاكەكانی هەر گەلێك لە ئاله‌نگاری و تەنگاویدا، لە ترس و سامی كوشندەی تەنیایی و بێكەسی دەپارێزێ.  


هەر كوردستانییەك ئەو شەوەی لە یادە كە پێشمەرگە بە هانای كۆبانێوە چوون، راستە هێزێكی بە ژمارە كەم بوون، بەڵام بەو هەموو دڵە گەرم و دەرونە شاد و پڕ حەماسەی لە هەموو لایەكی كوردستانەوە لەگەڵ هەنگاوەكانی پێشمەرگەكاندا بەرەو كۆبانێ بەڕێوەبوون، ئەو هێزە بچوكە وەك گەورەترین لەشكری دونیا خۆی دەنواند.

ئەو چركەساتە نەك هەر ترۆپكی باڵابوونی هەست و هاوپشتیی نەتەوەیی كوردستانییانە بوو، بەڵكە چركەساتی بێدەنگی و خۆكڕكردنی سنورەكانیش بوو بەرامبەر باڵگرتنی هەستی هاوبەشی رۆڵەكانی نەتەوەیەك كە مەحاڵ بوو رێی لێ بگیرێ. 


 هاودەرد و خەمخۆرانی براپشت هەمیشە لە تەنگانەدا سەردەردێنن، هەمیشە لە مەینەتدا لادەكەنەوە و دەست دەدەنە دەست. كە جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ رایدەگەیەنێت سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەهانایانەوە چووە و لە بەرەنگاربوونەوەی ئافاتی كۆرۆنادا، هاوكاریی تەندروستی بۆ ناردوون، ئۆقرەیی و ئارامی بە دەروونی هەر كوردێك دەگات كە لەم مەینەتەدا نیگەرانی هاوزمانەكانیەتی بە تایبەت كوردانی پارچە بچوك و كەمدەستەكەی رۆژئاوا. 


ئەو چریكەیەی مەزڵوم هەموولایەكمان دڵنیادەكاتەوە كە سەرۆكێك زێدەباری سەروكاریی و لە نزیكەوە چاودێری ئەدای دامەزراوەكانی هەرێمەكەی خۆی، (دوورلە باسكردن و بانگەشە) رۆڵەكانی رۆژئاواشی لە یادە.

ئەم بەهاناوەچوونە لە مانا سیمبۆلیییەكەیدا، دڵنیاكەرەوە و دڵدەرەوەیەكی میللییە و پێمان دەڵێ: دواجار وێنەی راستەقینە و رەسەنی نەتەوەی ئێمە، بەدەم یەكەوەبوون و بە فریای یەكدی چوونە، هەر پێچەوانەیەكی ئەم دیمەنە جوامێرانەیە، وێنەیەكی شێواو و نارەسەنە و رەنگ ورووی راستەقینەمان بەرجەستە ناكات. 


هاوكارییەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی رەنگە كەم بێت، بەڵام هەر وەك هێزە بە ژمارە كەم و بە مانا گەورەكەی پێشمەرگەی بەهاناوەچووی كۆبانێ، فروانترین پشتیوانیی مەعنەوی و پەیامی هاوپشتیی نەتەوەیی هەموو كوردستانییانی لەگەڵە. پەیامێك دووبارە بە كوردانی رۆژئاڤا دەڵێ: بەتەنیا نین و لەیاد ناكرێن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.