Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 11:03

روانگەی شەریعەت و سیستەمی خۆپارێزی‌و که‌ره‌نتینه‌

ته‌نانه‌ت ئه‌م خۆپارێزیه‌ بۆ نێو ئاژه‌ڵانیش له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی په‌سنده‌
100%

ئیسلام پێشكه‌وتووه‌ له‌ دانانی رێكاری خۆپارێزی‌و گرتنه‌به‌ری هۆیه‌كانی سه‌لامه‌تی، ئه‌وه‌ی به‌ زاراوه‌ی هه‌نوكه‌ پێی ده‌گوترێ‌ (كه‌ره‌نتینه‌- الحجر الصحی)، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گرنگیدانی شه‌ریعه‌ت به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ‌و شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌ گواستراوه‌و درمی‌و په‌تا باوه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئیسلام رێگره‌ له‌ تێكه‌ڵاو بوون له‌گه‌ڵ كه‌سانی نه‌خۆش یان له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا له‌به‌ر مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی.

ده‌توانین بڵێین ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێش هه‌ر وڵاتێك یان پێشكه‌تنێكی زانستی، ئه‌و یاسا‌و شێوازه‌ی پارێزبه‌ندی داهێناوه‌، كه‌ ئێستا له‌سه‌رده‌می ڤایرۆسی (كۆرۆنا) ته‌واوی وڵاتانی دونیا په‌یڕه‌وی لێ‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ باشترین‌و گونجاوترین رێكاری ته‌ندروستیه‌ بۆ رێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی نه‌خۆشی‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا.

- پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ: (إذا سَمِعْتُمْ بِالطَّاعُونِ بِأَرْضٍ فلا تَدْخُلُوهَا وإذا وَقَعَ بِأَرْضٍ وَأَنْتُمْ بها فلا تَخْرُجُوا منها) رواه‌ البخاری. واته‌: ئه‌گه‌ر بیستان نه‌خۆشیه‌كی كوشنده‌ له‌ خاكێكدا بڵاوبۆته‌وه‌، مه‌چنه‌ ئه‌وێ، ئه‌گه‌ر له‌ خاكی ئێوه‌دا ئه‌و نه‌خوشیه‌ كوشنده‌یه‌ په‌یدا بوو لێی ده‌رمه‌چوون.

- ته‌نانه‌ت ئه‌م خۆپارێزیه‌ی بۆ نێو ئاژه‌ڵانیش له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی په‌سند كردووه‌، پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ: ( لَا يُورِدَنَّ مُمْرِضٌ على مُصِحّ) رواه البخاری، واته‌: با ئاژه‌ڵی نه‌خۆش به‌سه‌ر ساغه‌كان نه‌ڕۆن‌و تێكه‌ڵیان نه‌بن.

- رێچاره‌یه‌كی تری خۆپارێزی بریتیه‌ له‌و فه‌رموده‌یه‌ی كه‌ ده‌فه‌رموێ‌: (فِرَّ من الْمَجْذُومِ كما تَفِرُّ من الْأَسَدِ) رواه‌ البخاری. واته‌: رابكه‌ له‌و كه‌سه‌ی تووشی گولی بووه‌، وه‌ك چۆن له‌به‌ر شێر راده‌كه‌ی. ته‌نات له‌ كاتی هاتنی شاندی (سه‌قیف) بۆ لای پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆ وه‌رگرتنی به‌یعه‌ت، كه‌ زانی كه‌سێكی گڕوویان له‌گه‌ڵدایه‌، له‌به‌ر مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ی پێی فه‌رموو: بگه‌ڕێوه‌!، وه‌ك هاتووه‌: (كان في وَفْدِ ثَقِيفٍ رَجُلٌ مَجْذُومٌ فَأَرْسَلَ إليه النبي صلى الله عليه وسلم ارْجِعْ فَقَدْ بَايَعْنَاكَ) رواه‌ ابن ماجة‌.

- عوتبه‌ی كوڕی عامر (ره‌زای خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌ڵێ‌: پرسیم له‌ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) رزگاربوون‌و خۆپارێزی له‌ چیدایه‌؟ ئه‌ویش فه‌رموی: (أَمْسِكْ عَلَيْكَ لِسَانَكَ وَلْيَسَعْكَ بَيْتُكَ وَابْكِ على خَطِيئَتِكَ) رواه‌ الترمذی. واته‌: زمانی خۆت بگره‌ (شتی نادروست بڵاو مه‌كه‌وه‌)، له‌ ماڵی خۆت دانیشه‌ (زۆر مه‌چووه‌ ده‌رو تێكه‌ڵاو مه‌به‌)، بۆ گوناهه‌كانی خۆت بگری (ته‌وبه‌ بكه‌ تا به‌ڵا لاچێت).

- خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێت: (وَلا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ) البقرة‌:195، واته‌: خۆتان مه‌خه‌نه‌ ناو دۆخێكه‌وه‌ بفه‌وتێن‌و ژیان له‌ ده‌ست بده‌ن، ئه‌م ئایه‌ته‌ ئاماژه‌یه‌ به‌وه‌ی پێویسته‌ مرۆڤ خۆی بپارێزێت، نه‌ك كه‌مته‌رخه‌م بێ‌و ببێته‌ هۆكاری زیان به‌خۆگه‌یاندن، چونكه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا گوناهبارو تاوانبار ده‌بێت.

- پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رموێ: (لاضَرَرَ وَلاَضِرَارَ) واته‌: ده‌ستپێشخه‌ری زیانگه‌یاندن‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا زیان لێدان دروست نیه‌. ئه‌مه‌‌و چه‌ندین یاسای تر كه‌ شه‌رعناسان له‌ یاسای فیقهی باسیان لێوه‌ كردووه‌.

سه‌یركه‌! رێك ده‌ڵێی ته‌واوی ئه‌و فه‌رموده‌و رێكاره‌ گرنگانه‌ بۆ رۆژگارێكی وه‌ك ئێستای سه‌رده‌می كۆرۆنا گوتراون، كه‌ هه‌موو جیهان جه‌خت له‌ سه‌ر پابه‌ندی‌و گرتنبه‌ری رێكاری وه‌ك ناوه‌رۆكی ئه‌و فه‌رمودانه‌ ده‌كاته‌وه‌، ره‌نگه‌ زۆرێك له‌ وڵاتانیش بێ‌ ئاگا بن له‌و بایه‌خدانه‌ی ئیسلام به‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروستی‌و خۆپارێزی له‌كاتی په‌تاو بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی‌و تاعوندا، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كه‌ له‌و ئاماژانه‌ تۆقكردن‌و رێگریكردنه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی گوازراو له‌ كاتی په‌تاو ڤایرۆسی كوشنده‌دا.

یه‌كێ‌ له‌ بنچینه‌‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌كانی شه‌ریعه‌ت سه‌لامه‌تی گیانی مرۆڤه‌ (حفظ النفس) له‌و پێناوه‌ هه‌موو جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وت‌و كرده‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌‌و حه‌رام كردووه‌، كه‌ زیانی بۆ گیانی مرۆڤ لێ‌ به‌دی بكرێت، یان ببێته‌ مایه‌ی شڵه‌ژاندن‌و شێواندنی باری جه‌سته‌یی‌و ده‌روونی مرۆڤ، كه‌ له‌ جه‌سته‌‌و رۆح پێكهاتووه‌، ئیسلام كۆمه‌ڵێك رێكاری گرنگی رۆحی‌و جه‌سته‌یی بۆ دیار كردووه‌، كه‌ هه‌موویان زه‌مینه‌ی یارمه‌تیدانی ساغی‌و ته‌ندروستی باش ده‌ده‌ن.

به‌دیوێكی تر مرۆڤ له‌ژێر به‌رپرسیارێتی سه‌لامه‌تی جه‌سته‌ی دایه‌‌و ئه‌ركی له‌سه‌ر شانه‌ بیپارێزێت، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمویه‌تی: (فإن لِجَسَدِكَ عَلَيْكَ حَقًّا)، واته‌: جه‌سته‌ مافی له‌سه‌رت هه‌یه‌.

خۆپارێزی‌و گرنگی دان به‌ لایه‌نی ته‌ندروستی خواستێكی شه‌رعیه‌‌و پێویستیه‌كی ژیانی هه‌ر مرۆڤێكه‌، كاتێ‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ پێشه‌وامان كرا، كه‌ ئایا چاره‌سه‌ری وه‌رگرن یان نا؟ چی فه‌رموو؟ (يا رَسُولَ اللَّهِ ألا نَتَدَاوَى؟ قال: نعم يا عِبَادَ اللَّهِ تَدَاوَوْا فإن اللَّهَ لم يَضَعْ دَاءً إلا وَضَعَ له شِفَاءً) رواه‌ الترمذی.

ئێستا له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی (كۆرۆنا-COVID-19   ) كه‌ رووبه‌ڕووی جیهان بۆته‌وه‌‌و ژماره‌یه‌كی زۆر تووش بووه‌و رێژه‌یه‌كی زۆریش گیانیان سپاردووه‌، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌یان تێدا بڵاوبۆته‌وه‌، رێكارو رێنمایی گرنگ‌و په‌یوه‌ستیان گرتۆته‌ به‌ر، كه‌ پێیان وایه‌ سه‌ره‌كیترین چاره‌سه‌ر خۆپارێزی‌و پاك‌و خاوێنی‌و مانه‌وه‌یه‌ له‌ماڵ.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج‌و مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و رێنمایی‌و رێكارانه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان‌و كه‌رتی ته‌ندروستی وڵاتان جه‌ختی لێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، چوارده‌ سه‌ده‌یه‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام باسی لێوه‌ كردووه‌، كه‌واته‌ هه‌رچیه‌ك ئیسلام باسی كردبێ‌ نه‌ك پێچه‌وانه‌ نیه‌ له‌گه‌ڵ زانستی نوێ‌، بگره‌ هه‌ر رێنمایه‌كی خۆپارێزی‌و به‌ ئامانجی سه‌لامه‌تی مرۆڤ هاوكات له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌م ئیعلان ده‌كرێ‌ رێك له‌گه‌ڵ كرۆك‌و جه‌وهه‌ری ئیسلام یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.!!

*بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.