Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 03:30

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و دەرفەتە جیاوازەکان بۆ هەرێمی کوردستان

یەكەمین كۆنفرانسە لە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا
100%

پاش سەرھەڵدانی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی بەشێكی فراوانی عێراق، دواتر تێكشكاندنی ئەفسانەكەی لە رێگەی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) ئیدی زۆرینەی ساڵان وەفدی ھەرێـم لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشدار بووە، بەڵام ئەوەی جیاوازی دەكات لەوانەی پێشووتر، ئەوەیە كە لە ئێستادا كێشەكانی جیھان گۆڕاون و ھاوكات گرینگییەكی جۆریی دەدرێت بە وەفدی حكومەتی ھەرێمی بەشدار لە كۆنفرانسەكەدا.

 

تایبەت بە ھەرێمی كوردستان، لە دوای ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق و گۆڕانی ھاوكێشەی ھێز لە ناوچەكەدا، دروستبوونی دیفاكتۆی كوردستانی ڕۆژئاوا، ئەم كۆنفرانسە دەرفەتێكی زۆر جیاوازە بۆ كوردستان، بەوەی لە لایەكەوە بتوانێت پاڵپشتیی زیاتر بۆ كوردستان بەدەست بھێنێت وەك دوورگەیەكی ئارامی ناوچەكە و ھەم لە رووی ئابووریشەوە بانگھێشتی وڵاتان بكات بۆ ئەوەی ھانی كۆمپانیاكانیان بدەن وەبەرھێنانی زیاتر لە كوردستان بكەن و یارمەتیدەری كوردستان بن لە ھەمەجۆركردنی داھاتەكانی، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە باشكردنی ڕەوشی دارایی ھەرێم، ھاوكات وەفدی ھەرێم ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و ھەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ دروستكردنی كۆدەنگییەك لەسەر ئاستی وڵاتان بۆ پاڵپشتیكردن لە قەوارەی رۆژئاوا.

 

جیاوازییەكی تری كۆنفرانسی ئەمساڵ، پێكھاتەی وەفدی بەشداری ھەرێمی كوردستان بوو لە كۆنفرانسەكەدا، بەو ھۆكارەی زۆرینەی پرسەكانی باسكراو لەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا، پەیوەندیدارن بە رەوشی ئەمنی و سەربازییەوە، بۆیە بەشداریی كەسایەتیی سەرۆكوەزیران كاك (مەسروور بارزانی)، خۆی لە خۆیدا خاڵێكی بەھێزی وەفدی بەشداربووی ھەرێمە، چونكە جەنابیان لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرینگی ھەبووە لە پاراستنی ئەمنییەتی ھەرێم و یەكێك بووە لە فەرماندەكانی بەشدار لە تێكشكاندنی داعش و ھاوكات سەركردایەتیی دەزگایەكی كردووە، كە ھاوكار بووە لە پوچەڵكردنەوەی دەیان ھێرشی خۆكوژی و دەستگیركردنی چەندان سەركردەی دیاری ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان لە عێراقدا.

 

دەكرێ بڵێین، كۆنفرانسی ئەمساڵ، یەكەمین كۆنفرانسە لە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، بەو ھۆكارەی ئەڵمانیا سەرۆكایەتیی دەكات، بۆیە بە ھاوكاریی فەڕەنسا دەیانەوێت یەكێتیی ئەورووپا ڕۆڵێكی زیاتری ھەبێ لە ئاراستەكردن و چارەسەركردنی كێشەكانی جیھان، وتەكانی (سەرۆك ماكرۆن)یش لە یەكێك لە پانێڵەكاندا، كاتێك وتی، بەھێزبوونی ڕووسیا كێشەی بۆ ئێمە دروست كردووە لە سووریا و لوبنان، باشترین بەڵگەیە بۆ ویستی ئەورووپیەكان لە بەھێزبوونی پێگەیان لە داھاتوودا، ھاوكات دەكرێ ئەم كۆنفرانسە بە ھەلێك ھەژمار بكرێ بۆ ئەورووپیەكان بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی ھاوكێشەی ھێز لە ناوچەكە و جیھاندا.

 

بەشداریی ھەرسێ جەمسەری جیھان بە شێوەیەكی بەرچاو، جیاوازییەكی تری كۆنفرانسی ئەمساڵە، هەروەها ئەمەریكا نزیكەی بە تەواوی ستافە وەزارییەكەی بەشدارە لە كۆنفرانسەكەدا و ڕووسیاش بە وەفدێكی كاریگەر بوونی ھەیە، وڵاتانی ئەورووپیش بە ھەموو ھێزیانەوە بەشدارن، بە جۆرێك دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی سەدە و بڵاوبوونەووەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە چین، ھەریەكەو دەیەوێت روئیای خۆی ڕوون بكاتەوە، ئەمەریكا دەیەوێت زۆرترین پاڵپشت بۆ پلانی ئاشتی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەراست كۆبكاتەوە و ڕووسیاش دەیەوێت بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا و ئەورووپا، ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە چین دروستی كردووە لە دوای ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەورووپییەكانیش دەیانەوێت ئیدی لە ژێر ھەژموونی ئەمەریكا دەربچن و وەكو جەمسەرێكی سەربەخۆ مامەڵە بكەن.

 

وێڕای هەموو ئەمانەش، لە ئێستادا بڕیاری ئەوە ھەیە ناتۆ لە داھاتوودا ڕۆڵی زیاتری ھەبێ لە عێراق، هەروەها زۆرترین كۆبوونەوەكانی وەفدی ھەرێم لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام بوو لە ھاوپەیمانیی ناتۆ، بە تایبەتی ئەمەریكا كە سەركردایەتیی ھەردوو ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی و ناتۆ دەكات، ئەمەش دەرفەتێكی باش بوو بۆ ھەرێم كە دیدگا و داواكارییەكانی خۆی ڕوون بكاتەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە بەھێزبوونەوەی داعش و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھاوكات ھاندانیان بۆ بەردەوامبوونیان لە یارمەتیدانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و پڕچەككردنیان، ئەمەش وادەكات كە پێگەی ھەرێم لە ڕووی سەربازییەوە بەھێزتر بێت و ڕۆڵێكی زیاتر و كاریگەرتری لە عێراق و ناوچەكەدا ھەبێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.