جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر لە ماوەی سەرکردایەتی بزاڤی رزگاری خوازی کورد کە بۆ زیاتر لە نیو سەدە خەباتی لە پێناو دۆزی رەوای میللەتەکەی کردوە، وەنەبێت هەر سەرکردایەتی شۆڕشی جەکداری کردبێت، بەڵکو هەوڵە دیبلۆماتەکانیش رێگایەکی دیکە بووە کە هەوڵی داوە بۆ ناساندنی دۆزی رەوای میللەتەکەی و گەیاندنی دەنگی میللەتە ستەم لێکراوەکەی و دابینکردنی مافەکان.
هەر لە کاتی لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو هەوڵەکانی چرکردبۆوە کە لەرێگای دیبلۆماتی کێشەی میللەتەکەی چارەسەر بکرێت، بەڵکو لە دوای گەرانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت هەمدیس هەوڵەکانی لە پێناو ئاشتی و تەبایی بوو لە پێناو ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان، بەڵام بیری شوفێنی و هەوڵەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق وای لە بارزانی نەمر کرد کە پەنا بەرێتە بەر شۆڕشی جەکداری بۆ بەرگری و پاراستنی کوردستان و گەلەکەی، و بۆ ئاگاداری وڵاتانی زل هێزی ئەو کات، جەنابی بارزانی نەمر هۆشداری و ئاگاداری سەرجەم ئەو حکومەت و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە مافە رەواکانی کورد و کارە شوفێنی و درندانەکانی حکومەتەکانی ئەو کات.
لێرەدا چەند نامەیەکی جەنابیان لە ئەرشیڤی نیشتمانی بریتانیا پاریزراوە، ئەم نامەیە لە ١٥/١/١٩٦٦ ناردراوە بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی شانشینی یەکگرتوو هارولد ولسن. کە سەر پارتى كرێكاران بوو.
ئهمهش دهقى نامهكهیه
جەنابی ولسن سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو لە رێگای بەرێز باڵوێزی شانشینی یەکگرتوو لە تاران خۆشحاڵم ئەم یادداشتە ئاراستەی بەرێزتان بکەم، بەو هیوای راستییەکانی جەنگی بەرپابوو لە وەڵاتەکەمان کوردستانی عێراق بخەمە بەردیدەتان.
شاراوە نییە لای بەرێزتان کەوا گەلی کورد دووچاری شەرێکی رەگەز پەرستی شوفێنی بۆتەوە، لە ماوەی چوار ساڵ کە لەو ماوەیەدا سێ دەسەڵاتی دیکتاتوری سەربازی ئیدارەی کردوە.
ئەم جەنگە لە جەنگی جیهانی یەکەم ئەگەر زیاتر نەبێ کەمتر نییە، و ماوەی چەند مانگێک لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم کەمترە، و ئەو چەکە بۆردوومانکاریانەی لە فرۆکەو تانك و تۆپ کە حکومەتی عێراقی بەکاری دێنێ دژی گەلی کوردی بێ تاوان، کاریگەر و بەتوانا تر و تازە ترن لەوچەکانەی لەو دوو جەنگە جیهانییە بەکار هاتووە.
ئێوەی بەرێز و گەلەکەتان نەهامەتی و وێرانکاری جەنگە جیهانیەکانتان چێشتوە، بۆیە دەتوانن هەست بەو وێرانکاریە بکەن کە وڵاتەکەمان دوو چاری دەبتەوە لە ناخۆشی و نەهامەتی. لەگەڵ ئەو جەنگە نارەوایەی دژی میللەتە ئاشتی خوازەکەمان بەرپابووە، دووچاری سیاسەتێکی رەگەز پەرستی راستەقینە بۆتەوە، کە کاری سەربڕینی بە کۆمەڵ و دەربەدەرکردن و دزین و داگیرکردن و سووتاندنی كێلگه و گوند و رووخانی خانووەکان بەسەر دانیشتوانهکانی لە منداڵ و ئافرەت و کەسانی بەتەمەن و هێرش کردنە سەر کەرامەتیان.
ئەوەی وای لە ئێمە کرد ئەم نامەیە ئاراستەی بەرێزتان بکەم ئەوەیە، کەوا حکومەتی عێراق سیاسەتی سووتاندن و دەرکردنی و دەربەدەرکردنی دەیان هەزار هاووڵاتی لە موڵک و ماڵیان لەم دوایە پەیرەو کردووە ، و بەم جەنگە هەوڵی لە ناوبردنی میللەتی کورد دەدات لە داوی سەرنەکەوتنی رژێمی دیکتاتوری سەربازی بەسەر شۆڕشی کورد، ئەمە لە کاتێک دژی میللەتەکەمان دەکرێت کەوا میللەکەمان دەیەوێت زوبان و کەلتوور و ناسنامەی نەتەوایەتی بپارێزێت، تەناتەت ئەوەی میللەتەکەمان داوای دەکات تەنیا مافەکانی نەتەوەییە لە چوارچیوەی کۆماری عێراق، کە سەرجەم یاسا و رێنمایەکانی نێودەوڵەتی بریاریان لێداوە، و هەروەها لەگەڵ نەریتی وڵاتەکەتان گونجاوە لە ئازادی گەلان و هەڵوێستی حکومەتەکان لە مافی چارەنووس.
حکومەتی عێراقی وا رایگەیاندووە کە ئەمە کێشەیەکی ناوخۆیە، ئەمەش راست نییە چونکە میللەتی کورد نەتەوەیەکە زوبان و کەلتوور و بنچینەکانی تایبەتی خۆی هەیە، و عصبه الامم، مەرجی جێگیرکردنی مافەکانی میللەتی کورد داوە کە ئەمرۆ داوای دەکەین، لەکاتی بریاری لكاندنی کوردستانی باشوور بە عێراق لە ١٦ی تشرینی ساڵی ١٩٢٥، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراقی بانگهێشتی سوپایەکی بێگانەی بۆ شەری میللەتی کورد کردووە ئەویش سوپای سوورییە لە ساڵی ١٩٦٣، و جەنگ لە کوردستان هەرەشە لە سەقامگیری و ئارامی دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، و ئەمەش دەبێتە هۆکاری نائارامی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتیەکان بخاتە مەترسی.
بەناوی خۆم و بەناوی میللەتە ستەم لێکراەوەکەمان داوا لە بەرێزتان دەکەم کەوا رێگا بگرن لە پێدانی چەک بە حکومەتی عێراقی، و هاوکاری میللەتی کورد داماو بن، و دەسەڵاتی و هەوڵەکانی خۆتان بەکار بێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە چارەسەری ئاشتی و لەسەر بنەمای دابینکردنی مافەکانی نەتەوەی میللەتەکەمان لەگەڵ سوپاس و رێزمان
دڵسۆزتان مستەفا بارزانی
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان – عێراق
١٥/١/١٩٦٦