Erbil 12°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 23:50

نەسروڵا! ناوت نەسروڵایە کەچی تا ئێستا بەس (زیلـلەتون مینەڵڵا)مان لێ بەدی کردووی!

كورد لەگەڵ شاخ گەورە بووە، تاوێرە بەردەكان پێناسەی كوردن
سالار محمد قادر
100%

ئاوڕێك لە خۆت و مێژووی هەموو شەڕەكانتان بدەنەوە کە دەستتان لە هەمبانەی بەتاڵ ماوەتەوە، ئەوجا ڕووت وەرسوڕێنە و لە داستانی سەركردەكانی كورد بڕوانە. ئەوسا تێدەگەی ئێمە كێین و ئێوە كێن!

سەلاحەددین ئەییوبی، سەرکردە مەزنەکەی کورد، ببینە ! ئەوجا ڕووت وەرسوڕێنە. تۆ پەنجا ساڵە هاتوهاوار و قسەی فشۆڵ و هەڕەشە دەكەی! كەچی ناگەی بە گۆزینگی سەرکردە مەزنەکەی کورد و تۆزی ڕێگەشی ناشکێنی.

تۆ وەختێك گوتار دەدەی و تووشی كەشوفشی دەردی كبریا دەبی، لەبیرت دەچێ كە پتر لە مانگێك لە نێو كون و كەلەبەری ژێر زەمینان خۆت حەشار دابوو و زاتی ئەوەت نەبوو سەر دەرێنی! هەزاران خەڵكی مەدەنی و گەنجانیشت دەكردە قوربانی بەر ئاگربارانەكان. تا ئێستا چ داستانێكت تۆمار كردووە! تا بۆ نەوەكانتی بگێڕییەوە! ئەوەی كردووتە و دەیکەی تەنیا ڕیزكردنی کۆمەڵێک وشە و شاتەشاتە کە لە ناو وتارە پوکەڵ و خەڵەتینەرەكانت بەکاریان دێنی و هیچی دیكە.

سەركردەی كورد فێر نەبووە دەستی بلەرزێ وەك ئێوە كە هەموو وجوودتان هەپڕوون بە هەپڕوون دەبێ كە ئەگەر زەبری دوژمنانتان لەسەر حازر بێ. ئێوە فێری خۆ دزینەوە و لاق لەرزینن... چەندین سەركردەتان عەبای ژنانیان لەبەر كردووە تا خۆیان لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە قوتار بكەن. چەندین سەركردەتان لە ناو چاڵدا خۆیان گەمبۆڵە کردووە و بە زەلیلی كەوتوونەتە دەست دوژمنانتان! چەندین سەركردەتان كە شانازیتان پێوە كردوون لە ناو بۆڕی مەجراكان خۆیان حەشار داوە و كەوتوونەتە بەر هێرشی دوژمنانتان.

كورد لەگەڵ شاخ گەورە بووە، تاوێرە بەردەكان پێناسەی كوردن، شاخ نالەرزێ، ئەگەر بلەرزێ هەزاری وەك ئێوە دەكەونە بەر گاشە بەردەكانی و زیڕەتان لێ هەڵدەستێ. وەرە سەیری مێژووی سەركردەكانی كورد بكە...هەزاران داستانمان هەیە، كە باوەڕ ناكەم تا ژیانت ماوە تێیاندا بگەڕێی بتوانی هەموویان بەسەر بكەیەوە. سەركردەی كورد ئامادە نەبووە وڵات و نەتەوەی خۆی بەجێ بهێلێت و لەناو ناسۆری گەلەکەی ماوەتەوە و بە سەربەرزی سەری ناوەتەوە.

ئێمە فێر نەبووین ژێر زەمینان هەڵكەنین و وەك ئێوە خۆمان تێدا بن بزر بكەین. ئێمە فێری ئەوە بووین كە وەك هەڵۆكان لە بەرزایی لوتكەكانەوە سەنگەر لە دوژمنانمان بگرین. ئێمە، گەنج و لاوەكانمان لە زیندانەكان نینۆكیان دەرهێنراون و بزمار لە دەست و پێیان چەقێنراون، بەڵام هەرگیز دەستیان نە لەرزیوە و چۆكیان بۆ دوژمن دانەداوە. ئێوە كێن بتوانن تەنانەت بەرانبەر سادەترین فیداكاری و قارەمانێتی پێشمەرگەكانمان هاشوهوش بکەن و بلەوچێنەوە! نەخاسمە بەرانبەر سەركردە نەبەردەکەی كورد! كە هەموو دونیای ڕووناكی شانازی پێوە دەكات. مەگەر كەسانێكی وەك تۆیەكی ژێرزەمین پەرست و تاریكی بین! بە هەرزەگۆیانە و بێمروەتانە زار بگەڕێنی.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.