Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 07:29

ڕووداو و پێشھاتەکانی عێراق، جەنگێکی دیکەی ئەمەریکا بۆ بونیاد نانه‌وه‌ی

سەرۆكی فەڕەنساش پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەمەریكا ڕاگەیاند
100%

لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و كۆتاییھێنان بە ڕژێمی بەعس، ئامانجی ئەمەریكا ھێنانەكایەی دەوڵەتێكی دیموكراسی بوو، بەڵام دەرەنجامەكەی  پێچەوانە دەرچوو، حكوومەتێكی تەواو مەزھەبی و نزیك لە ئێران ھاتە كایەوە، بۆیە ئەمەریكا بەردەوام كاری كردووە بە ئاراستەی كەمكردنەوەی ھەژموونی وڵاتان لە عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە.

 

ھاتنی داعش بۆ عێراق و پاشان دروستكردنی (حەشدی شەعبی) بە فتوای مەرجەعیەت، ئیدی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئێران بوو بە حاكمی یەكەمی عێراق و ئەمەریكا بۆ گێڕانەوەی پێگەی خۆی و ھاوپەیمانەكانی لە عێراق، ھەنگاوی سەرەتایی و كرداريی بە ئاراستەی ھەڵوەشاندنەوەی (حەشدی شەعبی) نا، بە شێوەیەك داوای لە حكوومەتی عێراقی كرد پێویستە ھێزەكانیان بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی شارەكان و تێكەڵ بكرێن لەگەڵ ھێزە فەرمییەكانی تر، دواتر ھەندێك لە گرووپ و سەركردەكانی خستنە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیەوە.

 

كاردانەوەكانی ئەمەریكا لێرەوە ناوەستێ، بەڵكوو بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی عێراق بۆ حكوومەتێكی سەربەخۆ و دوور لە ھەژموونی ئێران، كاندیدێكی سەربەخۆی ھێنایە پێشەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، ھەرچەندە ھەردوو كوتلەی فەتح و سائیرون زۆرینەی رەھای پەرلەمانیان ھەبوو، بەڵام نەیانتوانی یەكێك لە سەركردە یاخود كەسە نزیكەكانی خۆیان بكەن بە سەرۆكوەزیران، بەڵام ھەنگاوەكانی (عادل عەبدولمەھدی) تایبەت بە ھێزە شیعەكان و ئاراستەی حكوومەتەكەی بۆ نزیكبوونەوە لە ڕووسیاو چین، ئیدارەی سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ)ی بێئومێد كرد لەوەی لە رێگەیەوە بتوانن كۆتایی بە ڕۆلی ئێران لە عێراق بێنن.

 

ئەمەریكییەكان بە یارمەتیی وڵاتانی سوننەی ناوچەكە لە دەسپێشخەرییەكی حیساببۆكراودا، توانییان ھاوكێشەكە تەواو پێچەوانە بكەنەوە، گلەیی و ناڕەزاییەكانی ھاووڵاتیانی شیعەیان قۆستەوە و ئاراستەیان كرد بۆ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە دژی دەسەڵاتدارانی شیعە لە عێراق و ھەژموونی ئێران لەم وڵاتەدا ، كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی شیعەش زۆر بەھێز بوو، بە جۆرێك سڵیان نەكردەوە لە ڕفاندن و كوشتنی خۆپیشاندەران، درێژبوونی ماوەی خۆپیشاندانەكان و نەبوونی دەرەنجامێك بۆ گۆڕینی  واقیعی سیاسی و سەربازی لە عێراقدا، سەرۆك و ئیدارەی ئەمەریكای ھان دا بە ئاراستەی ھەنگاوی كاریگەرتر.

 

دەستێوەردانی راستەوخۆی ئێران لە كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی عێراق، ئەمەریكا و سەرۆكەكەی بەو ئاراستەیە ھان دا كە گەورەترین ھەنگاو بھاوێژن بە ئاراستەی كۆتاییھێنان بە ژیانی كەسی یەكەمی سوپایی قودس و حەشدی شەعبی لە عێراق، كە دەكرێ بە سەختترین بڕیار ھەژمار بكرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی ئێران لە عێراق، ھاوكات كاتێك سەرۆك (دۆنالد ترەمپ) لە تویتەكەیدا ئاماژەی بۆ ڕێگریكردن كرد لە شەڕ نەك ھەڵگیرساندنی، ئەوە روون بووەوە كە ئەگەر وا نەبووایە، دەبووە ھۆی بەریەككەوتنی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە عێراق.

 

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ھەر ئەگەرێكی نەخوازراو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی (مایك پۆمپیۆ) ڕایگەیاند، گەورەترین ھاوپەیمانیمان پێك ھێنانەوە كە ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبی تێیدا بەشدارن، لەلایەكی ترەوە بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، بەریتانیا ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ لێدانی ئێران لە ئەگەری ھەڵَگیرساندنی جەنگ و (ئیمانوێل ماكرۆن)ی سەرۆكی فەڕەنساش پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەمەریكا ڕاگەیاند، ئەمەش ئامادەكاریی تەواوی ئەمەریكا پیشان دەدات بۆ ئەو جەنگەی كە دەیەوێت ئەنجامی بدات لە پێناو گێڕانەوەی عێراق بۆ حكوومەتێكی دوور لە كاریگەریی وڵاتانی ھەرێمی، بە تایبەتی ئێران، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەت و  پەرلەمانی عێراق بە پڕۆژەیاسای دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لەم وڵاتەدا، ڕاگەیاندنی لایەنگیری و چوونەپاڵ بەرەی ئێران بوو لە بەرامبەر ئەمەریكادا.

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.