Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 12:05

جیھان بەرەو دیفاکتۆی دووجەمسەری

سەرھەڵدانەوەی دووبارەی خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسا لەم كاتەدا، بێ ھۆكار نییە!
100%

پاش ھاتنی (ڤلادیمێر پۆتن) بۆ سەر كورسیی دەسەڵات لە ڕووسیا، توانی لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە پێگەی جاران بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێنێتەوە، ھاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ) جۆرێك لە لێكتێگەیشتنی زیاتر و گشتگیر لە نێوان ئەم دوو زلھێزەدا سەبارەت بە داھاتووی جیھان ھاتووەتە ئاراوە. سەردانی (سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش بۆ ئەمەریكا، دەكرێ وەك كۆتا ڕێككەوتن سەیر بكرێت بۆ چارەسەركردنی گشت پرسەكان لە نێوان ئەم ھێزە نێودەوڵەتییانەدا.

 

پرسی فەنزوێللا و ئۆكرانیا، كێشەیەك بوو راستەوخۆ ئەم دوو زلھێزەی لە دوو كیشوەری جیاوازی جیھانەوە ڕووبەڕووی یەكتر كردەوە، ھاوكات سەردەمانێك ئەم دوو پرسە گشت جیھانی سەرقاڵ كردبوو، بەڵام ئێستا جۆرێك لە چارەسەری بۆ ھەردووكیان سەبارەت بە لێكتێگەیشتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە هاتووەتە كایەوە، بە تایبەتی لە نێوان ھەردوو سەرۆك (پۆتن) و سەرۆك (ترەمپ)، بۆیە دەكرێ ھاوتەریببوونی ھەڵوێستەكانیان تایبەت بەرژەوەندییە جیاوازەكانیان، بە سەرەتایەك بۆ دروستكردنی بۆچوونی ھاوبەش لەسەر گشت كێشە و قەیرانەكانی جیھان و بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، ھەژمار بكرێت.

 

لە رۆژئاوای كوردستان، ھیچ گومانی تێدا نییە ئەوەی دەگوزەرێ لەم بەشەی كوردستان بە ڕێككەوتنی نھێنیی نێوان (ڕووسیا و ئەمەریكا)ـیە. وردتر، دەكرێ بڵێین ئەم دوو زلھێزە لەسەر بنەمای نەوت بۆ ئەمەریكا بەرامبەر بە مانەوەی ڕژێم و جێگیربوونی ھەمیشەیی ڕووسیا لە سووریا مامەڵەیان كردووە، زیاتر لەوەش، دەشێ كۆتاییھێنان بە ڕۆڵی ئێران لە سووریا، لە خاڵە ھەرە سەرەكییەكانی پێكھاتنی نێوانیان بێت، ئەم ئاڵوگۆڕە خێرایەش كە لە ڕووی ژمارە و پێگەی ھێزەكان لە سووریا ڕووی دا، بوونی جۆرێك لە رێككەوتن دووپات دەكاتەوە، كێشەی سەرەكیی كوردی ئەم بەشەی كوردستانیش ئەوەیە، بەداخەوە لە پاراستنی ھاوسەنگیی نێوان ئەم دوو زلھێزەدا شكستیان ھێناوە.

 

لە عێراق پێچەوانەكەی دەگوزەرێ، ڕووسیا لە بەرامبەر وەرگرتنی ڕێژەیەكی دیاركراو لە بەرژەوەندیی ئابووری، كە خۆی دەبینێتەوە لە بەگەڕخستنی سەرمایەیەكی زۆر لە بواری وزەدا، یارمەتیدەر و ھاوكاری ئەمەریكا دەبێت بۆ گێڕانەوی باڵانسی ھێز و لاوازكردنی پێگەی ئێران لە عێراقدا، خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەریش سەلماندی پێگەی ئەم وڵاتە و ھێزە نزیكەكانی لە نێو شەقامی عێراقیدا، لە پاشەكشەدایە. ھاوكات مانەوەی كوردستانی باشووریش بەو بەھێزییە، بۆ تێگەیشتنی دروستی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھاوكێشە نوێیە نێودەوڵەتییە.

 

بیرمان بێت، خۆپیشاندانەكانی لوبنانیش لەم كاتە و ساتەدا، لە بۆشایی نەھاتووە، بەڵكوو تەواو كاری ئەو پڕۆژە گشتگیرەیە كە لە نێوان ئەمەریكا و ڕووسیا كراوە بۆ داڕشتنەوەی باڵانسی ھێز لە ناوچەكەدا بە ھاوكاریی ئیسڕائیل، كە بێگومان دابەشكردنی كێكی شرینی ناوچەكەش لێرەوە كۆتایی نەھاتووە، ئەوەتا لە كۆتا سەردانی (ڤلادیمێر پۆتن)ـی سەرۆكی ڕووسیا بۆ سعوودیە، توانی گڕێبەستی دەیان ملیار دۆلاری لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی بەدەست بھێنێ، ئەگەر سەیری شێواز و ئەتەكێتی پێشوازیكردن لە سەرۆكی ڕووسیا بكەین لە سعوودیە، ڕوون دەبێتەوە كە ئێستا جیھان مامەڵە لەگەڵ دوو زلھێزی ھاوتا دەكات.

 

سەرباری ئەوانەش، توركیا كەوتووەتە بەرداشی نێوان ئەم دوو زلھێزە، ئەمەریكا چاوپۆشی لە ھێرشەكانی توركیا كرد بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، وەستانی ئەم ھێرشانەشی خستە ئەستۆی ڕووسیا، كۆتا لێدوانی (ئیبراھیم كالن) گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، كە وتی ڕووسیا و ئەمەریكا پابەند نەبوون بە ڕێككەوتنی نێوانمان، ئەو ڕاستییە دووپات دەكاتەوە، ئەوەتا زۆر بە سادەیی ھێزەكانی ڕووسیا شوێنی ھێزەكانی ئەمەریكا پڕدەكەنەوە لە سنوورەكانی توركیا، لە ئێستاشدا ھێزەكانی توركیا نە توانای بەرەوپێشچوونیان ھەیە و نە دەكرێ پاشەكشەش بكەن.

 

ھەڵوێستی ھەردوو زلھێز بەرامبەر ئەورووپاش، جۆرێك لە یەكدەنگیی پێوە دیارە، ئەوەتا سەرھەڵدانەوەی دووبارەی خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسا لەم كاتەدا، بێ ھۆكار نییە، ڕوونە لە دوای چوونەدەرەوەی بەریتانیا، لە ئێستادا سەركردایەتیی ئەورووپا لە دەستی ئەم وڵاتەدایە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ڕابردوودا فەڕەنسا ڕووسیای تاوانبار كرد كە پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەی دەكات، ھاوكات گرژییەكانی نێوان ھەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و فەڕەنسا لە دواكۆنگرەی ناتۆ لە لەندەن، ناكۆكیی ئەم دوو وڵاتە ڕوون دەكاتەوە، دەرچوونی ئەورووپییەكانش لە سووریا بە بێ دەستكەوت، خاڵێكی ترە، ھاوكات لاوازیی ئەورووپا بەرامبەر توركیا، ھۆكارەكەی ئەوەیە، ئەم دوو زلھێزە پاڵپشتیی ئۆردۆغان دەكەن لەم بوارەدا، بۆیە بە هەموو بارێكدا، جیھان بەرەو دیفاكتۆی دووجەمسەری هەنگاو دەنێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.