Erbil 2°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 01:14

قۆناغێکی نوێتر

"پێنس" وەک جێگری سەرۆکی وڵاتی زلهێزی جیهان شانازی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر کرد و سوپاسگوزاری ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بوو
پیران ئه‌میر
100%

بەڕای زۆر لە چاودێران و سیاسییەکان، دواڕۆژی کوردستان لەدوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری دوو ساڵ پێشتر، بەرەو تاریکی دەڕۆیشت و ئیتر هەرێمی کوردستان تەنها لە یادەوەریدا دەمایەوە، بەڵام کاریزمایی و لێهاتوویی و دونیابینیی فراوانی "نێچیرڤان بارزانی" هەموو ئەگەری چاوێران و سیاسییەکان و نەیارانی پێچەوانە کردەوە و کوردستانی لە سەردەمی شکست و ئابڵوقەوە گواستەوە بۆ قۆناغی کرانەوە بەڕووی جیهاندا و گواستنەوەی گۆشەی بینینی چاوی جیهان بۆ هەولێر. لەو قۆناغەدا، سەرۆک ئابڵوقەکانی شکاند و پەیوەندییەکانی فراوان کرد و هیوایەکی نوێی بە کوردستانیان بەخشی، لەسەر ئاستی ژیانی تاکیش ئابووریی کوردستانی بەهێزکردەوە و سیستەمی نیوە مووچە و سێ مانگە مووچە کۆتایی هات، بەجۆرێک هەموو فەرمانبەران بە سی ڕۆژی مانگێک مافی خۆیان وەردەگرت. ئێستا قۆناغێکی نوێتر هاتۆتە پێشەوە و هەر لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی بەڵام ئەم جارە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی کردۆتە قیبلەی کۆکەرەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگەکان و یار و نەیار لە دەوری یەک مێزی گفتوگۆ کۆکردۆتەوە و سەنگی قورسی هەرێمی کوردستانی نیشانی دەرەوە داوە.

ئەم جۆرە سیاسەتە سەرکەوتووەی سەرۆکی هەرێم بووە بە جێگای تێرامانی سیاسییە جیهانییەکان و پێشوازیی گەرمی لێکراوە و قورسایی سیاسی بۆ کوردستان دروست کردووە، هەر ئەم قورساییە سیاسییە لە داهاتوویەکی نزیکدا فراوانبوونی جوگرافیاشی بەدوادادێ (گەڕانەوەی کورد و پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نزیکە). بێگومان هاتنی ڕاستەوخۆی "مایک پێنس" بۆ هەرێمی کوردستان دەلالەتە لە پێشکەوتن و فراوانبوونی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان و قورسایی هەولێر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەردەخات، بەتایبەت کە "پێنس" سەردانەکەی لە کوردستانەوە بۆ بەغدا درێژ کردەوە و لەوێ هیچکام لە سەرکردەکانی عێراقی نەبینیووە وەک ئەوەی لە کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم ئەنجامیدا و سوپاس و ڕێز و پێزانینی سەرۆکی ئەمریکای بە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی گەیاند، ئەمریکا لە سەنگ و قورسایی و پێگەی کورد و سەرکردایەتییەکەی لە ناوچەکە تێدەگات و نیگەرانییەکانی بەهەند وەردەگرێ و خوازیاری پەیوەندیی باشی هاوپەیمانانەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی.

وەک هەموومان بینیمان "پێنس" وەک جێگری سەرۆکی وڵاتی زلهێزی جیهان شانازی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر کرد و سوپاسگوزاری ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بوو و هەروەها سڵاو و ڕێزی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشی پێگەیاند. بێگومان ئەم سەردان و وتانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کاردانەوەی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سیاسییە فاشلەکانی بەغدا هەراسان دەکات، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە عێراقی دوای داعش هیچ پێگەیەکی بۆ ئەوانە تێدا نییە کە بوونە هۆی پەرەسەندن و فراوانبوونی قەڵەمڕەویەکەی، بۆیە هاووڵاتیانی کوردستان بەدڵنیایی تەواوەتییەوە گەشبینن بە ئایندەیان و چاوەڕێی سەرکەوتنی زیاتر لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.