Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 07:27

یەکڕیزی، تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوون لە تەنگەژەکان

پێشھاتەكانی ڕۆژئاوای كورستان، وێنەیەكی جوانی یەكھەڵوێستیی كوردانی دەرخست
100%

پێچەوانەی بۆچوونی ھەندێك لایەنی سیاسی و كەسایەتی، كە بەردەوام لە بۆسەدان و ھەر كاتێك پێشھاتێكی نائاسایی ڕووی لە عێراق و ناوچەكە كرد، ئەوانیش راستەوخۆ دەست بە جووڵە دەكەن بۆ ئەوەی ئەزموونی ھەرێم لەبار ببەن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان بەو ئاراستەیە ھەنگاو دەنێن، كە بە یەكھەڵوێستی ڕووبەڕووی پێشھاتە نوێیەكانی ناوچەكە ببنەوە، ھەر لایەنێكیش جورئەتی ئەوەی ھەبێ لەم ئیجماعە دەربچێ، پێویستە جەماوەر سزای بدات.

 

پێشھاتەكانی ڕۆژئاوای كورستان، وێنەیەكی جوانی یەكھەڵوێستیی كوردانی دەرخست، سەركردایەتیی باشوور سەرباری تێبینیی زۆری لەسەر مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ھەموو توانا سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنەكانی خستە خزمەت پاراستنی كوردانی ڕۆژئاوا، سەرباری پێشوازی لە ھەزاران پەنابەر، لە دوا گفتوگۆشیدا، (مەزڵوم كۆبانی) سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی لە ماوەی ڕابردوودا بینیویانە لە پاڵپشتیی ئەم بەشەی كوردستان، كە ھاوكات بوو لەگەڵ داواكارییەكی ڕاستەوخۆ لە (سەرۆك بارزانی) بۆ كۆكردنەوەی گشت ھێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاوا.

 

ئەوەتا لەگەڵ دروستبوونی پشێوییەكانی بەغدا و جمجۆڵە نائاسییەكان لە پەرلەمانی عێراق، كوتلە كوردییە جیاوازەكان ھەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بە ئاراستەی دروستكردنی ھاوپەیمانیی كوردستانی بۆ ڕێگریكردن لە ھەر ھەموارێك لە دەستووری عێراقدا كە زیان بە دەستكەوتەكانی گەلی كورد و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ھەرێم بگەیەنێت، بە جۆرێك نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەوە گەیشتوون تەنھا یەكگرتوویی و یەكھەڵوێستی دەتوانێ شكست بە پیلانی نەیارانی كورد لە ناو پەرلەمان بھێنێ و ھاوكات ھێزێك دەبەخشێ بە ئەندامانی كورد لە لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق.

 

هەر لە پێناو كۆدەنگی و یەكهەڵوێستیشدا، بە دەستپێشخەریی سەرۆكی ھەرێم دوو كۆبوونەوەی گرینگ ئەنجام دران تایبەت بە یەكخستنی ھەڵوێستەكان، كۆبوونەوەی یەكەم ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێم بوو و دواتر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم و سەرۆككۆماری عێراق، كۆبوونەوەی سەركردایەتیی گشت حیزبە كوردستانییەكان ئەنجام درا، ئەمە جگە لەوەی سوودی ھەیە بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییە جیاوازەكان، ھاوكات كاریگەری دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی كەشی سیاسیی ھەرێم و چڕكردنەوەی گشت ھەوڵەكان بە ئاراستەی عێراق.

 

پێشتریش لە ھەنگاوێكی دروستدا ، بریاری بەشداریی كورد درا بە یەكلیستی بۆ ھەڵبژاردانی پارێزگاكانی عێراق، بە تایبەتی لە كەركووك و مووسڵ، ئەمەش ھەوڵێكە بۆ گێڕانەوەی پێگەی كورد لەم دوو پارێزگایەدا بە شێوەیەكی یاسایی، دوای ئەوەی بە شێوەی سەربازی لە دەست درا، ئەمە لە كاتێكدایە یاسای ھەڵبژاردانەكان لە بەرژەوەندیی كوتلە گەورەكاندایە و بارودۆخی سەربازیی ناوچە كوردستانییەكان لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، ھاوكات ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، دەسەڵاتی پارێزگار زیاد دەكات و پرۆسەی تەعریبیش لە كەركووك خێراتر بووە.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش حكوومەتی ھەرێم ھەوڵەكانی بەردەوامن بۆ یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و دووبارە پێداچوونەوە بە ھەیكەلییەتی ئیداریی ھەرێم، كە وەك كیانێكی یەكگرتوو سەرتاسەری مامەڵە بكات، سووربوونی حكوومەتیش لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و كاركردنی وەك تیمێكی یەكگرتوو، كاریگەری ھەبووە لەسەر بەھێزكردنی پێگەی كابینەی نۆیەم و ئاشتكردنەوەی خەڵك و حكوومەت لەگەڵ یەكدی، بە شێوەیەك رەنگدانەوەی لەسەر دروستكردنی كۆدەنگیی نێوان ھێزە سیاسییەكان بۆ گشت پرسەكانی پەیوەندیدار بە داھاتووی ھەرێم ھەبووە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.