Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 16:21

لە ئۆکتۆبەرەوە بۆ ئۆکتۆبەر

وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەكات
100%

كۆتا تویتی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ئەمەریكا تایبەت بە كارەساتی ١٦ی ئۆكتۆبەر لە باشوور و بارودۆخە نائاسییەكەی ڕۆژئاوا، پێمان دەڵێت، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستاندا ڕوودەدات، درێژكراوەی ھەمان سیناریۆی كارەساتی ١٦ ی ئۆكتۆبەرە لە عێراقدا، كە مەبەستی سەرەكی، كۆتاییھێنان بوو بە قەوارەی ھەرێمی كوردستان و گوایە دواتر دیفاكتۆی رۆژئاوا خۆی لەبار دەچێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوون بۆ تەواوكردنی ئەم پیلانە، وەلێ ئەم جارە تاكتیكی داگیركارییەكە گۆڕاوە، سەرەتا قەوارەی رۆژئاوا بە ئامانج بگرن و دواتر لە ڕێگەی گەمارۆدان و ھێرشی سەربازییەوە، كۆتایی بە حكومەتی ھەرێم بێنن، كە مەبەستی سەرەكیی ھەموو جموجۆڵە نائاسییەكان، وڵاتانی ھەرێمین لە ناوچەكەدا.

ھەموو ڕووداو و پێشھاتەكان بوونی ڕێككەوتننامەیەكی وڵاتانی ھەرێمی پشتڕاست دەكەنەوە بە چاوپۆشیی ئەمەریكا، ئەوەتا لەپاڵ ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا، چەند میلیشیایەكی نزیك لە ئێران ھێرش دەكەنە سەر ھێزەكانی ھەسەدە، ھاوكات ھێزەكانی سووریا بە ھاوكاری و پاڵپشتیی ڕووسەكان خۆیان ئامادە كردووە بۆ ھێرشەكردنە سەر شاری (مەنبج)، بەڵكو زیاتر لەمە ڕۆیشتوون و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێگری لە ھەموو پرۆژەبڕیارێك دەكەن كە ناوەرۆكەكەی بریتی بێ لە ناچاركردنی توركیا بە ڕاگرتنی ھێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

بۆ جێبەجێكردنی ئەم پیلانە دژ بە كورد لە ناوچەكەدا، ھەریەك لە توركیا و ئێران ڕۆڵی سەرەكی دەبینن، بە شێوەیەك ھێرشی ھێزە عێراقییەكان بۆ سەر ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (قاسم سلێمانی) كەسی یەكەمی سوپای پاسداران و بە پاڵپشتی میلیشیاكانی شیعەی نزیك لە ئێران بوو، لە سووریاش ئەم ڕۆڵە بە توركیا دراوە و بە پاڵپشتیی میلیشیاكانی نووسرە و ئۆپۆزسیۆنی سووری، ئامانجەكانی ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ دەكات، كە مەبەستی سەرەكی لەناوبردنی كورد و ئەزموونەكەیەتی لەناوچەكەدا.

وڵاتانی ھەرێمی بۆئەوەی لە بەرچاوی دونیا پاساو بۆ ھێرشە ناڕەواكانیان بهێننەوە بۆ سەر میللەتەكەمان، لە باشوور ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان كردە بیانوو بۆ ئەو مەبەستە، ئەمە لە كاتێكدایە ئەم ھەنگاوەی كورد مافێكی سەرەتایی ھەر میللەتێكە، لە رۆژئاواش ھەمان پاساوی نابەجێ و ناواقیعی پاراستنی سنوورەكان و بوونی كێشەیە لەگەڵ حیزبێكی دیاریكراودا، كە لە راستیدا مەبەستە سەرەكییەكە لەناوبردنی كوردە، وتەكانی (ئیبراھیم كالن) وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەكات كاتێك وتی، توركیا بە ھیچ شێوەیەك قبووڵ ناكات كیانێكی كوردی دراوسێی بێت.

لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا ئەم گەلەكۆمە نێودەوڵەتی و ھەرێمییەی كە دژی ھەرێمی كوردستان كرا، لە كاتێكدا بوو پێشمەرگەی كوردستان ئەفسانەی داعشی تێكشكاند و پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە و پەنابەر كرد، سەرباری بڕینی بودجە لەلایەن عێراقەوە، ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوادا ڕوودەدات، ڕێك شێوەی باشوورە و شەڕڤانان ھێزی سەرەكی بوون لە كۆتاییھێنان بە خەلافەتەكەی داعش لە سووریا و ھاوپەیمانی سەرەكیی ھێزەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بوون، كەچی لەجێگەی پاداشت و ستایشی كورد لە بەرامبەر ئەو ڕۆڵە گرینگەی، پێچەوانەی ھەموو بەھا مرۆڤایەتی و ئایینییەكان بڕیاری لەناوبردنی دراوە.

ھۆكاری سەرەكیی ئەوەی كە ھەرێمی كوردستانی ڕزگار كرد لەم گەلەكۆمە نێودەوڵەتی و ھەرێمییە، بەرگریی قارەمانانەی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بوو لە ژێر سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی كە ڕێگر بوو لەوەی پیلانی لەباربردنی كیانی ھەرێم سەركەوتوو بێت، بە دڵنیاییشەوە ناكرێ ڕۆڵی فەڕەنسا لە شكاندنی گەماڕۆی سەر ھەرێم نادیدە بگرین، لە ھەمان كاتدا دەتوانرێ ھەمان سیناریۆی باشوور لە رۆژئاواش دووبارە بكرێتەوە، بەڵام بەرگریی شەڕڤانان بۆ ماوەیەكی درێژ، ئەو دەرفەتە دێنێتە پێشەوە، كە ھەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بە ھاوبەشیی فەڕەنسا و وڵاتانی دۆست، توركیا ناچار بكات بە ڕاگرتنی ھێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.